بابەتی ماف و داخوازیەکانی نەتەوەی کورد وەک گرفتێکی چارەسەرنەکراو له رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەر ماوەتەوە. له دەورەی هاوچەرخدا دەیان ساڵه گەلی کورد له وڵاتانی ئێران، عێڕاق، تورکیە و سوریە، هەرکات هەلومەرج گونجاو بووبێ و دەرفەتی بۆ هەڵکەوتبێ داوای مافی نەتەوایەتیی خۆی کردووە، لەو پێناوەدا شۆڕش و خەباتی شکۆداری هەڵگیرساندووە، قوربانیی بۆ داوە و بەداخەوە جاری وایە تووشی کارەساتیش بووە.
بۆ چارەسەرکردنی پرسی نەتەوەیی کورد ڕیگاچارەی جۆراوجۆر وەک سەربەخۆیی و پێکهێنانی دەوڵەتی سەربەخۆی کورد، خودموختاری. فێدرالیسم، مافی شارۆمەندی، کۆنفێدراسیۆنی دێموکراتیک و هتد پێشنیار کراون. هەرکام لەو ڕێگاچارانه دراونەتە بەر باس و لێکۆڵینەوە و قسە لەسەر گونجاوبوون یا گونجاونەبوونیان زۆر کراوە.
ئەوە زیاتر له ساڵونیوێکه ڕێگاچارەیەکی دیکه بە نێوی “ئینتێگراسیۆنی دێموکراتیک” و “برایەتیی گەلان” له لایەن پ. ک. ک. و لایەنەکانی سەر بەو حیزبه هاتۆتە ئاراوە. جێی خۆیەتی ئەو ڕێگاچارەیەش بدرێتە بەر باس و لێکۆڵینەوە و بەباشی لێی وردبینەوە. باسی “ئینتێگراسیۆنی دێموکراتیک” و “برایەتیی گەلان”یش وەک باقیی ڕوانگه و رێبازەکانی پ. ک. ک. و لایەنەکانی سەر بەو حیزبه، لەپێشدا له لایەن عەبدوڵڵا ئۆجالانەوە هاتۆتە گۆڕێ و تایبەتمەندیەکانی باقیی نووسراوە و لێدوانەکانی ئەوانی پێوە دیارە.
ئۆجالان و پ. ک. ک. به گرتنەبەری ئەو شێوازه، هەرکات پێویستییان پێی بێ، تەپوتۆزێکی سیاسی دروست دەکەن تا بەلارێداچوون و هەڵە سیاسیە گەورەکانیان لەو تەپوتۆزانەدا لە بەر چاو ون کەن. بۆ نموونه ئەوان سەردەمێک خوازیاری دەوڵەتی سەربەخۆی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان بوون، ساڵانێک بە سەر ئەوەدا تێپەڕی و بەبێ ئەوەی بڵێن ئەو هەڵوێستەیان کوێی هەڵە یا نەگونجاو بووه ڕایان گەیاند پێکهێنانی دەوڵەتی نەتەوەیی جۆرێک له فاشیزمە و کورد نابێ وەدوای دەوڵەتی سەربەخؤ کەوێ. زۆری پێ نەچوو دیسانیش بەبێ ئەوەی وەڕووی خۆیانی بێنن که ڕۆژێک له ڕۆژان دەوڵەتی نەتەوەییان پێ فاشیستی بووە، کۆنگرەی نەتەوەیی کوردیان پێک دەهێنا. ئەوانه هیچی یەک دەگرنەوە؟
تایبەتمەندیی سەرەکیی نووسراوە و لێدوانەکانی ئۆجالان و پ. ک. ک. ئەوەیە هەرچیی لیی ورد دەبیەوە بەزەحمەت لێی تێدەگەی دەڵێن چی؟ من دواتر دەگەڕێمەوە سەر ئەوەی ئەو زمانەیان بۆ وایە و ئەوان بۆچی ئەو شێوازه له قسەکردنیان هەڵبژاردووه، بەڵام با جارێ بڕێک له سەر “ئینتێگراسیۆنی دێموکراتیک” و “برایەتیی گەلان” بمێنینەوە و له ناوەرۆکی ئەو دەستەواژانه زیاتر بکۆڵینەوە.
“ئینتێگراسیۆنی دێموکراتیک” و “برایەتیی گەلان” بۆ وەدیهێنانی مافه نەتەوەییەکانی گەلی کورد پێشنیار کراون، لەبەر ئەوە بەپێی مەنتیق دەبێ له چوارچێوەی مافەکاندا شتێک ڕوون کەنەوە یا چوارچێوەی مافێک دیاری بکەن، بەڵام ئەو دەستەواژانه هیچ باری یاساییان نیە و هیچ حەقێک ڕوون ناکەنەوە. بۆخۆیان “ئینتێگراسیۆن”یان بە مانای “پێکەوە ژیان” و “تێکەڵبوون” به کار هێناوە. “پێکەوە ژیان” و “تێکەڵبوون” هەرکیان وشەی کوردین و ئینسان له مانای وشەکان حاڵی دەبێ. ئەگەر مەبەست ئەو مانایانە بێ، کورد هەرئێستاش لەگەڵ فارس و عەڕەب و تورک بەیەکەوە دەژین و تێکەڵ یەکتریش هەن. ئەگەر نا، مەبەست لە پێکەوە ژیان و تێکەڵبوون شتی دیکەیە بۆچی بەڕوونی باس لەو مەبەستانه ناکرێ؟ ئەگەر ئەوان پێیان وایه ئێستا کورد لەگەڵ تورک و فارس و عەڕەب پێکەوە ناژین، چ ئاڵوگۆڕێکی دیاریکراو لەو پێوەندیانەدا دەبێ ڕوو بدا تا نیشاندەری پێکەوەژیان بێ؟
یا “تێکەڵبوون” به چی دەکوترێ؟ کورد ئەگەر لەگەڵ فارس و عەڕەب و تورک تێکەڵ بێ چۆنە و تێکەڵ نەبێ چۆنە؟ ئەگەر وای دانێین کورد نەیهەوێ لەگەڵیان تێکەڵ بێ و بۆ نموونه داوای دەوڵەتی سەربەخۆی کورد بکا چ دەقەومێ؟ دەستەواژەی “برایەتیی گەلان”یش لە باری یاساییەوە بێناوەرۆکە. ئەگەر وا نیە، باری یاسایی برایەتی چیە؟ کورد دەبێ چی بەدەست بێنێ تا بتوانێ بیسەلمێنێ لەگەڵ عەڕەب و تورک و فارس برایه؟ یا باس لەوە دەکەن لە ئینتێگراسیۆنی دێموکراتیکدا هەموو پێکهاتە کولتووری، ئایینی، نەتەوەیی و...کان پێناسەی خۆیان دەبێ، مەبەست لەوە چیە؟ پێناسەی کورد چیە کە ئێستا نیەتی بەڵام له ئینتێگراسیۆنی دێموکراتیکدا دەیبێ؟ بە واتایەکی دیکه کورد دەبێ چی بەدەست بێنێ تا بتوانێ بڵێ پێناسەی خۆی هەیە؟
بواری مافەکان، چ مافەکانی تاک و چ مافەکانی کۆمەڵ وەک مافی نەتەوەیی، ئایینی، رەگەزی و هتد هەموویان بەوردی بیریان لێ کراوەتەوە و بەدرێژایی ساڵیان چوارچێوەی یاسایی و واتای زۆر ڕوون و دیاریکراویان بۆ دانراوە کە هەموو کەس بەباشی لێیان حاڵی دەبن، بەڵام پ. ک. ک. لەو چەمکانه کەڵک وەرناگرن، جێی پرسیارە، بۆ؟
ئەوان لەجیاتی کەڵک وەرگرتن لەو چەمکانه، لە لایەکەوە وشە و دەستەواژەی ناڕوون و بێناوەرۆک بەکار دێنن بۆ ئەوەی به گوێرەی کات و شوێن و مەبەست تەفسیری دڵخوازی خۆیانی لێ بکەن. لە لایەکی دیکەوە وشە و دەستەواژەی تازە و زۆر جار بێمانا دادەتاشن که زیاتر سەر لە خەڵک دەشێوێنن تا ئەوەی بابەتێک ڕوون کەنەوە. ئەوانه به وشە و دەستەواژەی خاریجی له بواری سیاسی و کۆمەڵناسی و … دەڕازێننەوە تا وەک بابەت و بیرۆکەی تازه و ئەوڕۆیی بچێ، ئەوجار هەموو ئەوانه تێک وەردەدەن و ئەو تێکەڵەیە(معجون)ەی کە پێکدێ، له پاڵ یەکی دادەنێن و ڕستە(جمله)ی پێ دروست دەکەن. زۆریش لە حەولی ئەوەدا نین ئەو ڕستانەی دروستی دەکەن زۆر مانای هەبێ، لەوانەیە تا بێماناتر و بۆ تێگەیشتن ئاڵۆزتر بێ، مەبەستی ئەوان باشتر بپێکێ. بۆ ئەوەی نەڵێن بۆختانیان بۆ هەڵدەبەستم نموونەیەکتان بۆ دەهێنمەوە. پ. ک. ک. لە ڕاگەیاندراوی ئەو ئاخرین گۆنگرەیەیاندا که بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی حیزبەکەیانی تێدا پەسند کرا، دوای ئەوەی پێداگری دەکەن لە سەر ئەوەی دەوری خەباتی چەکداری نەماوە، دەڵێن خەباتی گەلی کورد بۆ وەدیهێنانی مافی میللی خۆی لەوەبەولاوە دەبێ بەو شیوازە درێژەی هەبێ:
“ پێکهێنانی ڕێکخراوەکانی خۆبەڕێوەبەر لە هەموو بوارەکانی ژیاندا به پێشەنگایەتیی ژنان و گەنجان، ڕێکخستن له سەر بنەمای “خودکفایی” به زمان، پێناسە و کولتووری خۆتەوە، خۆتەیارکردن بۆ پاراستنی خۆت لە بەرابەر هێرشەکاندا و دامەزراندنی کۆمەڵگای دێموکراتیکی کۆمۆناڵ به رووحیەی هاندانی جەماوەر بۆ خەڵکی ئێمه پێویستیەکی سەرەکیە.“ (١) نووسراوە و ڕاگەیاندن و لێدوانەکانی ئۆجالان و پ. ک. ک. پڕپڕە لەو شێوازه قسەکردنه. من کوردی باشوور وتەنی عەقڵم نایبڕێ کەس لەو پاڕاگرافە تێگەیشتبێ، نەک لەبەر ئەوەی زۆر فەلسەفی و تێئوریکە، لەبەر ئەوەی هیچی بە سەر هیچەوە نیە.
بۆخۆیان ئەو شێوازی قسەکردنه وەک نوێخوازی و داهێنانی بیرۆکە و تێئوری تازه و تەنانەت ڕوانگەی فەلسەفیی تازە دەرخواردی کۆمەڵگا دەدەن و زۆر جار قسە لە “ئاپۆییزم”یش دەکەن. به پشتبەستن به دەزگای پڕوپاگاندای بەهێز و ئیمکاناتی زۆری که هەیانه توانیویانه ژمارەیەک له تێکۆشەرانی سیاسی و لێکۆڵەران و تا ڕادەیەک خەڵکی کۆمەڵگاش لە سەر ئەوە به قەناعەت بگەیەنن. بەڵام ئەوە هیچ ڕاستیەکی تێدا نیە، هیچ بیرۆکە و تێئۆریەکی تازه له زانستی ماف و سیاسەت و کۆمەڵناسی زیاد نەکراوە. گرتنەبەری ئەو شێوازه له نووسین و قسەکردن کارکردی دیاریکراوی بۆیان هەیە. ئۆجالان و پ. ک. ک. به گرتنەبەری ئەو شێوازه، هەرکات پێویستییان پێی بێ، تەپوتۆزێکی سیاسی دروست دەکەن تا بەلارێداچوون و هەڵە سیاسیە گەورەکانیان لەو تەپوتۆزانەدا لە بەر چاو ون کەن. بۆ نموونه ئەوان سەردەمێک خوازیاری دەوڵەتی سەربەخۆی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان بوون، ساڵانێک بە سەر ئەوەدا تێپەڕی و بەبێ ئەوەی بڵێن ئەو هەڵوێستەیان کوێی هەڵە یا نەگونجاو بووه ڕایان گەیاند پێکهێنانی دەوڵەتی نەتەوەیی جۆرێک له فاشیزمە و کورد نابێ وەدوای دەوڵەتی سەربەخؤ کەوێ. زۆری پێ نەچوو دیسانیش بەبێ ئەوەی وەڕووی خۆیانی بێنن که ڕۆژێک له ڕۆژان دەوڵەتی نەتەوەییان پێ فاشیستی بووە، کۆنگرەی نەتەوەیی کوردیان پێک دەهێنا. ئەوانه هیچی یەک دەگرنەوە؟
ئەوان ئەگەر بەو شێوازه قسە نەکەن چۆن دەتوانن ئەو هەڵوێستە سەقەتانه، ئەو بازبازێنه لە بیر و بۆچووندا، ئەو هەرجارەو قسەیەککردن لە بواری سیاسەتدا دەخواردی کۆمەڵگا بدەن؟ ئەڵبەتە ئەوان فکری ئەوەشیان کردۆتەوە بەرانبەر ئەو کەسانەی لێیان تێدەگەن و دەستیان دەخوێننەوە چ بکەن؟ هەرکەس ڕەخنەیان لێ بگرێ و ئەو شێوازەیان لێ لەقاو بدا، شڕجنێوی دەکەن و له هەڕەشە و تۆقاندنیش سڵ ناکەن. له درێژەی باسەکەدا دێمه سەر ئەو زمانه زبر و سووکەشیان بەرانبەر به ڕەخنەگران یا نەیاران. بەپێی ئەوانەی له سەرەوە باس کرا من لەو بڕوایەدام بۆ تێگەیشتن لە ئۆجالان و پ. ک. ک. نابێ له نێو بیرۆکە و تێئۆری و فەلسەفەدا بۆی بگەڕێی، بەڵکوو دەبێ ئەوەی دەیکەن بکەیە پێوانەی ناسین و هەڵسەنگاندنیان.
پار ساڵ هەر ئەوەندەی دەوڵەت باغچەلی لێدوانێکی له پارلمانی تورکیە دا کە دەیانهەوێ کێشەی کورد چارەسەر بکەن، وە بەدوای ئەوەدا چەند دانیشتنێک له نێوان ئۆجالان و ڕاسپێردراوەکانی دەوڵەتی تورکیە کرا، ئۆجالان داوای له پ. ک. ک. کرد واز له خەباتی چەکداری بێنن، پ. ک. ک. فەوری به قسەی کرد و بە ڕەسمی ڕایگەیاند واز له خەباتی چەکداری دەهێنن. دواتر داوای لێ کردن حیزبەکەشیان هەڵوەشێننەوە، پ. ک. ک. کۆنگرەی تایبەتیان بۆ ئەو مەبەستە گرت و لە کۆنگرەدا بەرەسمی خۆشیان هەڵوەشاندەوە.
سەیر ئەوەیە نه تورکیە لەپێناو ئەو چەکدانان و خۆهەڵوەشاندنەوەیەدا قەولی هیچ مافێکی به کورد داوە و نه پ. ک. ک. و ئۆجالانیش داوای هیچیان کردووە. تورکیه دوژمنه و چاوەڕوانیی نابێ زۆر لێ بکەی دەستپێشخەری بکا و بۆخۆی مافت بداتێ، بەڵام پ. ک. ک. بۆ داوای هیچی نەکردوە؟ لەپێناو چیدا و بۆ چی خۆیان هەڵوەشاندەوە؟ تورکیە تەنانەت ئەوەش ناڵێ که هەنگاوێکیان بۆ چارەسەری کێشەی کورد هەڵێناوەتەوە، دەڵێن تیرۆریسممان ڕێشەکێش کردووه. لەوە سەیرتر و ناخۆشتر ئەوەیە دەیانەوێ ئەو تەسلیمبوونی بەتەواومانایە به قسەی بێجێی وەک برایەتیی گەلان و دەستەواژەی بێناوەرۆکی ئینتێگراسیۆنی دێموکراتیک، وەک شێوازێکی نوێی خەبات بە کۆمەڵگا و بە گەلی کورد بقەبڵێنن.
ئەگەر مەسەلەکە تەنیا پێوەندیی به پ. ک. ک.وە بوایه، دەکرا وای دانێی که هەر حیزبەی ڕێباز و چارەنووسی خۆی ئەوجۆرەی خۆیان پێیان باش بێ دیاری دەکەن و ئەگەر قسە و ڕەخنەیەکیش هەبێ زیاتر ئەرکی ئەندامانی حیزبەکەیە وەدەنگ بێن، بەڵام ڕووداوەکانی دوایی دەری خست کە ئەو پلانه، یا باشتر وایه بڵێین ئەو پیلانه، بۆ هەر چوار پارچەی کوردستان داڕێژراوە. له کوردستانی سووریەش “هێزەکانی سووریەی دێموکراتیک” که له ژێر کاریگەریی زۆری پ. ک. ک.دا بوون، ڕیک وەک پ. ک. ک. بەبێ ئەوەی نه حکوومەتی سووریه باس لەوە بکا مافێک به گەلی کورد دەدا و نه بۆخۆیان باسی هیچ داواکاریەک لە حکوومەتی سووریە بکەن، خۆیان هەڵوەشاندەوە و مەزلووم عەبدی ڕایگەیاند هێزی چەکدار یا به قەولی خۆیان شەڕڤانەکانیان تێکەڵ سوپای سوریە دەکەن. له کوردستانی عێڕاق خۆشبەختانه لایەنێکی بەهێزی سەر به پ. ک. ک. نیە کە بتوانێ حەولی داسەپاندنی ئەو پلانە بدا بەڵام ئەو فشارە له لایەن حکوومەتی عێڕاقەوە زیادی کردووە که دەبێ هێزی پێشمەرگەی کوردستانی عێڕاقیش هەڵوەشێتەوە و وەک سووریە تێکەڵ سوپای عێڕاق بکرێتەوە، حکوومەتی تورکیەش بۆ ئەو مەبەستە دنەی حکوومەتی عێڕاق دەدا. بۆ کوردستانی ئێرانیش لەپێشدا باڤڵ تاڵەبانی له کۆنفەڕانسی “میری”دا باسی لەوە کرد کە لەو ڕۆژانەدا چاوی به کاربەدەستانی ئێران کەوتووە و ئەوانیش ئەو پێکهاتنەی له نێوان تورکیە و پ. ک. ک. کراوه، وەک شێوازێک که دەکرێ بۆ چارەسەری مەسەلەی کورد له ئێرانیش ڕەچاو بکرێ، پێیان باش و گونجاو بووە. باڤڵ تاڵەبانی لە درێژەی قسەکانیدا، به حیسابی خۆی وەک مزگێنیەک بۆ کوردی ئێران، کوتی چاوەڕوانیی ئەوە دەکرێ بەو زووانه حەولەکان لەو بابەتەوە چڕتر بکرێتەوە. زۆری پێ نەچوو پژاک بەڕەسمی ڕایگەیاند کە ئەوانیش گەڵاڵەی ئینتێگراسیۆنی دێموکراتیک و برایەتیی گەلان بە ڕێگاچارەی گونجاو بۆ پرسی کورد له ئێران دەبینن و هەموو حەول و هێزی خۆیان بۆ ئەو ئاڕاستەیە تەرخان دەکەن.
ئەو ڕووداوانه و ئەو هەوڵانه کە لە پاڵ یەک دادەنێی قورسایی گومان بەو لایەدا دەشکێتەوە که ئینتێگراسیۆنی دێموکراتیک و برایەتیی گەلان پیلانێکی دەوڵەتانی دژی بزووتنەوەی کورد بێ بۆ لەگرێژەنەبردن و شکستپێهێنانی ئەو بزووتنەوانه، نەک تێئۆری و چارەسەری نوێ بۆ گەیشتنی گەلی کورد به مافە نەتەوایەتیەکانی خۆی.
له کوردستانی تورکیە و سووریە حیزب و لایەنێکی سیاسیی بەهێزی دیکه نەبوو بەرپەرچی ئەو سیاسەتە بداتەوە و بەر بەوە بگرێ بزووتنەوەی کورد لەو شوێنانه بەو ئاقارەدا بڕوا. له کوردستانی عێڕاقیش پ. ک. ک. ئەو هێزەی نیه بتوانێ ئەو سیاسەتە داسەپێنێ. بەڵام له کوردستانی ئێران پژاک لە لایەکەوە خۆی ئەوەندە بەهێز دەبینێ کە ڕایبگەیەنێ ئەو پڕۆژەیە له کوردستانی ئێران بەڕێوە دەبا، له لایەکی دیکەوە لێی ڕوونه له کوردستانی ئێران هەم حیزب و لایەنی سیاسیی دیکەی ڕیشەدارتر لە پژاک هەن کە بەرانبەر بەو پڕۆژەیە ڕابوەستن، هەم جەماورەی خەڵکەکەش بەپێچەوانەی بەشەکانی دیکەی کوردستان، خۆیان له مەیدانی خەباتدان و ملکەچی ئەو شتانه نابن که کۆسپ و تەگەرە بخاتەر سەر ڕێگای ئەو داخوازیانەی که خەباتی بۆ دەکەن. پژاک بۆ چارەسەری ئەو گرفتە ڕێگایەکی مەترسیداری گرتۆتە بەر.
پەیوەستبوونی پژاک به پڕۆژەی ئینتێگراسیۆنی دێموکراتیک زۆر زوو لەگەڵ هەڵسەنگاندن و ڕەخنەی تێکۆشەرانی سیاسی و مەدەنیی ناوخۆ یا کادر و هەڵسووڕاوانی لایەنە سیاسیەکان بەرەوڕوو بۆوە. پژاک لەجیاتی دیالۆگی سیاسی لەگەڵ ڕەخنەگران یا نەیاران، ڕێگای بوختان و جنێو و هەڕەشەی گرتە بەر. بۆ نموونه ڕێوار ئاودانان وتەبێژی ڕەسمیی ئەو حیزبه لە جوابدا ڕەخنەگران وەک “دوژمنی دێمۆکڕاسی” و “سەرسپاردە(خزمەتکار)ی هەزاران ئاغا(ئەرباب)“ نیو دەبا و دەڵێ ئەوانه “بیرکردنەوەی فاشیستییان هەیە و دوژمنایەتیی پێکەوەژیانی گەلان دەکەن”. هەروەها دەڵێ ئەوانه “بیرکردنەوەیان پۆخڵەوات و دواکەوتووانەیە”، “دوژمنی سەرسەختی گەلی کوردن” و “دەمامکی ناسیۆنالیزمی درۆینه له دەموچاویان دەدەن” و زۆر وردەفەرمایشی دیکەی لەو بابەتە لە جوابدانەوەیەکی تەنیا نیولاپەرەییدا.
ئەڵبەتە ئەوە زمانی تازەی پژاک بەرانبەر بەو کەسانه نیە که وەک ئەوان بیر ناکەنەوە. بەر لەوەش ویدئۆکانی ئەمیر کەریمی سەرۆکی پژاک بڵاو بوونەتەوە که حیزبه سیاسیەکانی دیکەی کوردستان به دەستکردی ساواک و پاشماوەی ئاغاوڕەعیەتی ناو دەبا. بەڵگە و بابەتی دیکەش لە سەر ئەو زمانە سووک و غەیری سیاسیەی پ. ک. ک. و پژاک بەرانبەر به لایەنە سیاسیەکانی دیکەی هەموو کوردستانەکان یەگجار زۆرە.
ئەو زمانەی پژاک بەرانبەر ڕەخنەگران یا نەیاران هەڵی بژاردووە زمانی پێکەوەژیان و برایەتی نیە، زمانی ترسنانەوە و تۆقاندنە، زمانی بێدەنگکردنی هەر دەنگێکه که وەک دەنگی ئەوان نەچێ، زمانی پێهەڵپژان به هەر کەس و لایەنێکه کە ملکەچی ڕێباز و سیاسەتی ئەوان نەبێ. پژاک چیی له بن سەردایه و پشتی به کوێ گەرمه کە ئاوا دەدوێ؟
جێی خۆیەتی خەڵکی ژیر و تێکۆشەری کوردستان، هێز و لایانە سیاسیه بەدەربەستەکان و تێکۆشەران و هەڵسووڕاوانی سیاسی بەوردی چاودێریی هەڵسوکەوتەکانی پژاک بکەن تا له دۆزینەوەی جوابی ئەو پرسیارەدا تووشی هەڵە نەبن.
(١) من ئەو پاڕاگرافەم لە ڕاگەیاندنی ئەو ئاخرین کۆنگرەیەی پ. ک. ک.، لە زمانی فارسیەوە وەرگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی. بەداخەوە ئەو ڕاگەیاندنەم به کوردی وەگیر نەکەوت تا دەقەکەی خۆیان به کوردی بهێنم، بەڵام دەقی فارسیی پاڕاگرافەکە ئەوە لێرە دادەنێم:
“ایجاد سازمانهای خودمدیر در تمام عرصەهای زندگی به پیشاهنگی زنان و جوانان، سازماندهی بر اساس خودکفایی با زبان، هویت و فرهنگ خود، توانمندسازی برای دفاع از خود در برابر حملات و ساخت جامعه دمکراتیک کمونال با روحیە بسیج عمومی برای مردم ما حیاتی است.“