کۆماری ئیسلامی بۆ ماوەی چوار دەیە هەوڵی دا لە ڕێگەی ئایدیۆلۆژیای ئوممەتگەرایی و دروشمی ڕێبەرایەتی موسڵمانانی جیهان، هەژموونی خۆی بەسەر ناوچەکەدا بسەپێنێت. خامنەیی سەروەت و سامانی نەتەوەکانی خەرجی گرووپە پڕۆکسییەکان و میلیشیا شیعییەکان کرد، بەڵام ئەمڕۆ ئەم پڕۆژەیە لە هەموو ڕەهەندەکانەوە شکستی هێناوە؛ لە ڕووی ئابوورییەوە وڵاتی وێران کرد و لە ڕووی دیپلۆماسییەوە ئێرانی وەک هێمای تیرۆریسم و دواکەوتوویی لە جیهاندا تەریک خستەوە. بەڵام ئەم شکستە تەنیا کۆتایی ڕژێمێک نییە، بەڵکوو سەرەتای گەڕانەوەیەکی مەترسیدارە بۆ ناو هەناو و پەرژینی ناسیۆنالیزمێکی فاشیستی کە مێژووەکەی بۆ سەدەیەک لەمەوپێش دەگەڕێتەوە.
بۆ تێگەیشتن لە مەترسییەکانی ئێستا، دەبێت بگەڕێینەوە بۆ سەردەمی ڕەزا شا و محەمەد ڕەزا شا. لەم قۆناغەدا بوو کە بە پاڵپشتی ڕۆشنبیرانی دەربار، مێژوویەکی چەواشە و داتاشراو بۆ ئێران دروست کرا. ئەم مێژووە لەسەر بنەمای یەک زمان، یەک نەتەوە، یەک ئاڵا داڕژا، کە لە جەوهەردا هیچی تر نەبوو جگە لە فارسیزم. پەهلەوی توانی سیستمێک بنیاد بنێت کە تێیدا تەنیا فارس وەک خاوەن شکۆ و شارستانییەت و ناسنامەی ڕەسەن نیشان بدرێت و نەتەوەکانی تری وەک کورد، بەلووچ و عەرەب وەک قەوم و خێڵی دواکەوتوو یان مەترسی بۆ سەر یەکپارچەیی بناسێنرێن. ئەم ڕەوتە فاشیستییە هەوڵی دەدا بە زۆرەملی جلوبەرگ، زمان و کولتووری نەتەوەکانی بسڕێتەوە تا بیانتوێنێتەوە لە ناو بۆتەیەکدا کە ناویان نا نەتەوەی ئێران، بەڵام لە ڕاستیدا تەنیا فارس بوو.
ئەمڕۆ، کاتێک ئیسلامی سیاسی بەرەو نەمان دەچێت، پاشماوەکانی پەهلەوی دیسان هەمان ئەو گوتارە فاشیستییە بەکاردێننەوە. ئەوان بە هاوکاریی میدیا زەبەلاحەکانی دەرەوەی وڵات، هەوڵ دەدەن ناسیۆنالیزمی فارسی وەک تاکە خاڵی ڕزگاری بەرامبەر ئیسلامی سیاسی وێنا بکەن. ڕەزا پەهلەوی بێ ئەوەی خاوەن هیچ پڕۆژەیەکی دیموکراتیک بێت، دەیەوێت لەسەر ئەو مێژووە چەواشەیە سوار بێت کە باوکی و باپێری دروستیان کردبوو؛ مێژوویەک کە فارس بە سەروەر و نەتەوەکانی تر بە پاشکۆ دەزانێت. ئەمە مەترسییەکی گەورەیە، چونکە نیشانی دەدات ناوەندی ئێران (تاران) نایەوێت دان بە مافی نەتەوەکاندا بنێت، بەڵکوو دەیەوێت تەنیا دەمامکی سەرکوت لە عەمامەوە بۆ تاجبگۆڕێت.
مێژووی سەد ساڵەی ڕابردوو نیشانی دەدات کە ناوەندی ئێران تووشی جۆرێک لە خولیای سەروەریی هەمیشەییبووە. ئەم مێنتاڵیتەیە وا ڕاهاتووە کە دەبێت لە هەر فۆرمێکدا بێت (چ ئیسلامی و چ نەتەوەیی) هەر ئەو سەردەست بێت. ئەگەر لە سەردەمی محەمەد ڕەزا شادا ئێران خۆی بە ژاندارمی ناوچەکە دەزانی و لە ڕێگەی هێزی سەربازییەوە هەوڵی سەپاندنی هەژموونی خۆی دەدا، لە سەردەمی کۆماری ئیسلامیشدا هەمان ئەو خولیایە گۆڕدرا بۆ تیۆریی ئومالقرا و ڕێبەرایەتیکردنی جیهانی ئیسلام. جەوهەری هەردووکیان یەک شتە: تاران دەبێت سەنتەری بڕیار بێت و ئەوانی تر (چ نەتەوەکانی ناوخۆ و چ وڵاتانی ناوچەکە) پاشکۆ بن.
ئەم دوو ئایدیۆلۆژیایە (ناسیۆنالیزمی شاتەوەر و ئیسلامیزمی شیعی) وەک دوو بەردی ئاش وان کە نەتەوەکانی ئێرانیان تێدا دەهاڕدرێت. کاتێک یەکێکیان شکست دەهێنێت و تووشی قەیران دەبێت، ناوەند خێرا ئەویتریان چالاک دەکاتەوە بۆ ئەوەی ڕێگری بکات لە هەر گۆڕانکارییەکی ڕاستەقینە کە مافی نەتەوەکانی تێدا ڕچاو بکرێت. ئەمڕۆ کە کۆماری ئیسلامی خەریکە بەرەو ڕووخان دەڕوات، ناوەند خەریکی زیندووکردنەوەی ژاندارمە کۆنەکەیە لە فۆڕمی ناسیۆنالیزمی فارسیدا.
لەم کاتەدا دیمەنی سیاسیی ناوچەکە بەهۆی هاتنەسەرکاری تاڵبان لە ئەفغانستان و ئەحمەد شەرع لە سووریا گۆڕانکاریی بەسەردا هاتووە، تاران (بە ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵاتەوە) دەیەوێت ئەم ترسە جیهانییە بقۆزێتەوە. ئەوان دەیانەوێت بە ناوی ڕێگری لە تاڵبانیزەبوونی ئێران، شەرعییەت بۆ گەڕانەوەی ژاندارمێکی نوێ و فاشیزمێکی ناوەندگەرا پەیدا بکەن کە جارێکی تر مافی نەتەوەکان بکاتە قوربانیی سەقامگیرییەکی ساختە.
کورد دەبێت لەم ڕاستییە تێبگات کە ڕزگاربوون لەم دوو بەردئاشە، بە گۆڕینی یەکێکیان بۆ ئەویتریان بەدی نایەت، بەڵکوو بە تێکشکاندنی مێنتاڵیتەی سەردەستبوون و دروستکردنی هێزێکی سەربەخۆ دێتە دی.
یەکێک لە مەترسیدارترین ئامرازەکانی فاشیزمی نوێی فارسی، بەکارهێنانی دەستەواژەی قومگرایی یە بۆ هەر جۆرە داخوازییەکی سیاسی و نەتەوەیی کورد، بەلووچ یان نەتەوەکانی تر. لەم وێژمانەدا، فارس وەک تەنیا نەتەوەی خاوەن ماف و سەروەری (Nation) پێناسە دەکرێت، و ئەوانی تر وەک کەمینە یان قەوم (Ethnicities) سەیر دەکرێن کە تەنیا بۆیان هەیە لە چوارچێوەی دیاریکراوی ناوەنددا بژین. ئەمە لە کاتێکدایە کە قەومگەرای ڕادیکاڵ و ڕاستەقینە خودی ناوەندە؛ چونکە هەموو جومگەکانی دەسەڵات، دارایی، زمان و تەنانەت مێژووی وڵاتەکەی بۆ یەک ڕەگەز واتە فارس قۆرخ کردووە. ئەوان داوای مافی نەتەوەکانی تر بە مەترسی بۆ سەر یەکپارچەیی دەزانن، لە کاتێکدا فاشیزمی ناوەندگەرا خۆی گەورەترین هەڕەشەیە بۆ سەر هەر جۆرە پێکەوەژیانێکی ئاشتییانە.
لە ئێستادا، میدیا فارسییەکانی دەرەوەی ئێران کە زۆرینەیان لە ژێر هەژموونی وێژمانی پەهلەویسیزمدان، ڕۆڵێکی تێکدەر دەگێڕن. ئەم میدیایانە ناسیۆنالیزمی فارسی وەک تاکە بەدیلی شارستانی بەرامبەر ئیسلامی سیاسی نیشان دەدەن. ئەوان بە ئەنقەست سەکۆ نادەن بە دەنگە ڕەسەنەکانی نەتەوەکان، یان ئەگەر بیدەن، تەنیا بە مەبەستی نیشاندانی ئەوان وەک هەڕەشەیە. ئەم مارکێتینگە سیاسییە هەوڵ دەدات جیهان و خەڵکی ناوخۆش قایل بکات کە بژاردەی سێیەم بوونی نییە؛ یان دەبێت لە ژێر ڕکێفی کۆماری ئیسلامیدا بمێننەوە، یان بگەڕێنەوە بۆ ژێر تاج و سێبەری فاشیزمی ناسیۆنالیستی. ئەمە شانۆگەرییەکی میدیاییە بۆ شاردنەوەی ئەو ڕاستییەی کە نەتەوەکان خاوەن پڕۆژەی دیموکراتیک و خۆبەڕێوەبەرایەتی خۆیانن.
ئەم خوێندنەوە فاشیستییە بۆ داهاتوو، لەسەر بنەمای گرێبەستی کۆمەڵایەتی (Social Contract) بنیاد نەنراوە، بەڵکوو لەسەر لۆژیکی زۆر و سەرکوت وەستاوە. ئەوان پێیان وایە کە حەق بەوانە، چونکە ناوەند، سپا و میدیایان لەدەستە. نایانەوێت لە ڕێگەی دانوستان و ڕێککەوتن لەگەڵ نەتەوەکاندا سیستمێک دروست بکەن، بەڵکوو دەیانەوێت پاشکۆیەتیی نەتەوەکان وەک ئەمری واقیع بسەپێنن. ئەمە جەوهەری فاشیزمە؛ کە تێیدا پێناسەی هاووڵاتیبوون تەنیا لە ڕێگەی ئاسیمیلاسیۆن و تووانەوە لە ناو زمان و کولتووری دەسەڵاتداردا مانا پەیدا دەکات. کورد لەم ڕوانگەیەوە تەنیا کاتێک ئێرانییەکی باشە کە واز لە ناسنامەی نەتەوەیی خۆی بهێنێت و ببێتە پاشکۆی ناوەند.
ئەزموونی مێژوویی نەتەوەکانی ژێر دەسەڵاتی تاران پێمان دەڵێت کە گۆڕانی ڕژێمەکان لای ناوەند، مەرج نییە بە مانای کۆتایی سەرکوت بێت بۆ کوردستان. مەترسیی گەورە ئەوەیە کە دوای داڕمانی کۆماری ئیسلامی، ئەو جەریانە فاشیستەی کە ئێستا لە ژێر دەمامکی دژایەتی ڕژێمدا خۆی حەشار داوە، جومگەکانی دەسەڵات بگرێتە دەست. ئەم جەریانە ناسیۆنالیستە توندڕەوە، هەمان ئەو عەقڵییەتە سەربازی-ئەمنییەی هەیە کە پێی وایە هەر جۆرە دەنگێکی جیاواز لە کوردستان، دەبێت بە ئاگر و ئاسن وەڵام بدرێتەوە. ئەگەر ئەمڕۆ کۆماری ئیسلامی بە ناوی پاراستنی ئومەتی ئیسلام پەلامارمان دەدات، فاشیستەکان بە ناوی پاراستنی خاکی پیرۆزی ئێران هەمان دڕندەیی دووبارە دەکەنەوە.
ئێستا لە تاران و ناوچە فارسەکان، خەڵکانێک ناوی ڕەزا پەهلەوی دەبەن، بەڵام ئەمە تەنیا لەبەر ڕقە لە کۆماری ئیسلامی، نەک لەبەر بڕوابوون بە دیموکراسی. ئەم ڕقە زەمینەیەکی گونجاوە بۆ دروستبوونی سیستمێکی شۆڤێنیستی کە تێیدا ناسیۆنالیزم دەبێتە ئایینی نوێ. لە وەها دۆخێکدا، هەر جۆرە ڕێککەوتنێکی سیاسی لەگەڵ ناوەند بەبێ هەبوونی زەمانەتی هێز مەحاڵە. مەترسی دووبارەبوونەوەی سیناریۆی ١٩٧٩ (٥٧) لە ئارادایە؛ کاتێک کورد دوای ڕووخانی شا، وەک بزووتنەوەیەکی وشیار بۆ چەسپاندنی بوونی نەتەوەیی خۆی هاتە مەیدان، تاران بە فەتوای جیهاد و پەلاماری سەربازی وەڵامی خواستە ڕەواکانی دایەوە.
کوردستان ناتوانێت چارەنووسی خۆی بداتە دەست نیەتپاکیی سیاسییەکانی تاران. لە دنیای سیاسەتدا، تەنیا هێزی ڕێکخراو ڕێز و شەرعیەتی هەیە. یەکێک لە ستراتیژییە هەرە گرنگەکان کە دەبێت ناوەندی دیالۆگی حیزبەکان کاری لەسەر بکەن، یەکخستنی تەواوی هێزە چەکدارەکانە لە ژێر یەک پلاتفۆڕمێکی نیشتمانیدا. پێویستمان بە سپایەکی مۆدێرن و پارێزەرە کە بتوانێت لە کاتی بۆشایی دەسەڵاتدا، پارێزگاری لە سنوورەکان و دەستکەوتەکانی کوردستان بکات. هەبوونی سپایەکی یەکگرتوو، نەک هەر بۆ شەڕ، بەڵکوو گەورەترین فاکتەری ڕێگریکردنە (Deterrence) کە وا لە ناوەندی فاشیست دەکات پێش هەر پەلامارێک، هەزار جار بیر بکاتەوە. بەبێ هێزی سەربازیی یەکگرتوو، کورد لەسەر مێزی گفتوگۆ هیچ کارتێکی فشاری نابێت.
یەکێک لە خاڵە هەرە لاوازەکانی بزووتنەوەی کورد لە ڕۆژهەڵات، نەبوونی ستراتیژییەکی مۆدێرنە بۆ مارکێتینگی سیاسی. ڕەزا پەهلەوی و جەریانە فاشیستەکان لە ڕێگەی شانۆ و کۆنفرانسی بریقەدارەوە جیهانیان خەڵەتاندووە. کورد دەبێت ئەم یارییە فێربێت؛ پێویستە ناوەندی دیالۆگ ببێتە ناوەندێکی نێودەوڵەتی کە بە زمانە زیندووەکانی جیهان (فەڕەنسی، ئینگلیزی، ئەڵمانی) قسە بکات. بەڕێوەبردنی کۆنفرانسی ڕۆژنامەوانیی بەردەوام، بڵاوکردنەوەی پڕۆژەیئیدارەدانی داهاتوو و نیشاندانی کورد وەک فاکتەری سەقامگیری و دیموکراسی لە ناوچەکەدا، دەبێتە هۆی ئەوەی جیهان تەنیا گوێ لە گێڕانەوەکانی تاران نەگرێت.
ناوەندی دیالۆگی حەوت حیزبەکە هەنگاوێکی مێژووییە، بەڵام بۆ ئەوەی ببێتە هێزێکی بڕیاردەر، دەبێت پەرە بسێنێت بۆ بەرەی نیشتمانیی یەکگرتوو. ئەم بەرەیە دەبێت نوێنەرایەتیی هەموو پێکهاتەکان (ئایینی و نەتەوەیی) لە جوگرافیای ڕۆژهەڵاتدا بکات. دەبێت وەک دەوڵەتێکی سێبەر یان پلرلەمانێکی ڕاگوزەر دەربکەوێت کە ئەرکی دیپلۆماسی و سیاسی و سەربازیی کورد ڕێکدەخات. ئەگەر ناوەند ببینێت کە کورد خاوەنی یەک دەنگ و یەک پلاتفۆرمی سیاسیی تۆکمەیە، ئیتر ناتوانێت بە تێرمی قومگرایی یان پەرتەوازەیی یاری بە چارەنووسمانەوە بکات.
وەک لە سەرەوە باس کرا، هێزی سەربازیی یەکگرتوو نەک هەر بۆ بەرگری، بەڵکوو بۆ سەلماندنی بوونی سیاسیپێویستە. دەبێت هێزە چەکدارەکانی حیزبەکان لە تۆکڵی پێشمەرگەی حزبییەوە بگۆڕدرێن بۆ سپای پاراستنی کوردستان. ئەم سوپایە دەبێت ببێتە قەڵغانی پاراستنی خەڵک لە بەرامبەر دڕندەیی کۆماری ئیسلامی و هەر هەڕەشەیەکی فاشیستی لە داهاتوودا. تەنیا بوونی سوپایەکی یەکگرتووی مۆدێرن دەتوانێت زەمانەتی ئەوە بکات کەکوردستان وەک ناوچەیەکی ئازاد بمێنێتەوە و هیچ هێزێکی ناوەندگەرا نەوێرێت پەلاماری بدات.
ناوەندی دیالۆگ نابێت تەنیا لە چوارچێوەی تۆکڵە کۆنەکانی حیزبایەتی و بەرژەوەندییە سیاسییە کاتییەکاندا قەتیس بمێنێتەوە. ئەزموونی ڕابردوو و پارچە کانی تر نیشانی داوە کە دیالۆگی نێوان حیزبەکان، ئەگەر تەنیا لەسەر پشک و کورسی بێت، دەرهاویشتەیەکی کاریگەری نابێت.
پێویستە ئەم ناوەندە درگاکانی بە ڕووی بیرمەندان و ڕۆشنبیرانی سەربەخۆی کورددا بکاتەوە؛ ئەو کەسانەی کە خاوەن هەڵوێستی نیشتمانین بەڵام لەبەر ئەوەی حزبی نین، هزر و بیریان لەی لە سەر لاپەڕەکاندا تۆز دەخوا. بزووتنەوەی کوردستان پێش ئەوەی پێویستی بە چەک بێت، پێویستی بە دەوڵەمەندیی هزری هەیە. ڕۆشنبیری کورد دەبێت ببێتە جەمسەرێکی سەرەکی لە داڕشتنی گوتاری نەتەوەیی، تا بتوانین ڕووبەڕووی ئەو فارسیزمە هزریەببینەوە کە ناوەند بە ساڵانە کاری لەسەر دەکات. بێباکبوونی ناوەندی دیالۆگ لە قازانج و زیانی حیزبی و گوێگرتن لە دەنگە ڕەخنەگر و داهێنەرەکان، دەرفەتێکی زێڕینە بۆ ئەوەی ناسێنەری سیاسیی بەهێز و سەردەمیانە بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان گەڵاڵە بکرێت.
ئەزموونە مێژووییەکانی بزووتنەوەی کورد، لە بنکەکانی ڕۆژهەڵات (١٩٧٩) تا بیروکە مەدەنی و نیشتمانییەکانی کەسایەتیی وەک مەشعەل تەمۆ لە ڕۆژاوا، ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگرمان پێ دەڵێن: لە ساتەوەختی داڕمانی دەسەڵاتی ناوەندیدا، پێش ئەوەی هیچ فۆرمێکی سیاسی یان سەربازیی جێگیر بێتە کایەوە، گەورەترین مەترسی دروستبوونی بشێوی و داڕمانی ژێرخانی بژێویی خەڵکە. لێرەدا، کۆمەڵگەی مەدەنی دەبێت وەک سیستەمی دەماریی وڵات ڕۆڵ بگێڕێت.
ئەم سیستمە دەمارییە، کە لە ڕێکخراوە مرۆییەکان، سەندیکا پیشەییەکان (مامۆستایان، ئەندازیاران، پزیشکان) و ئەنجومەنە گەڕەکییەکان پێکدێت، ئەرکی پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە ئیدارییەی دەکەوێتە ئەستۆ کە لە ئەنجامی نەمانی دامەزراوەکانی تاران دروست دەبێت. ئەرکە وردەکان لەم قۆناغەدا بەم شێوەیە دابەش دەبن:
١. ئاسایشی خزمەتگوزاری و بژێوی: سەندیکا پیشەییەکان وەک تیمێکی تێکنۆکراتی کاتی ئەرکی بەڕێوەبردنی نەخۆشخانەکان، نانەواخانەکان و دابینکردنی ئاو و کارەبا و هتد دەگرنە ئەستۆ. ئەمە ڕێگری دەکات لەوەی پێداویستییە سەرەتاییەکان ببنە ئامرازی ململانێی سیاسی.
٢. پاراستنی ناوخۆیی و کۆمەڵایەتی: ئەنجومەنە مەدەنییەکانی گەڕەک و گوند، وەک ناوەندی پاسەوانی مەدەنی کار دەکەن بۆ پاراستنی ماڵ و موڵکی هاوڵاتییان و ڕێگری لە تاڵانی و توندوتیژی، تا ئەو کاتەی دەزگایەکی یاسایی و نیشتمانیی ئاسایش جێگیر دەبێت.
٣. ناوبژیوانی و شەرعییەتی شەقام: ڕێکخراوە مەدەنییەکان دەبنە پردێکی متمانە لە نێوان هێزە سیاسییەکان و جەماوەردا. وەک هێزی سێیەم ڕێگری دەکات لەوەی ململانێی حیزبەکان کار بکاتە سەر ژیانی ڕۆژانەی خەڵک و بڕیاری سیاسی لە کوردستاندا تەنیا لە لولەی تفەنگەوە سەرچاوە بگرێت.
مێژووی کورد پڕە لە هەلی لەدەستچوو بەهۆی نەبوونی یەکگرتوویی و نەخوێندنەوەی دروستی پیلانەکانی ناوەند. ئەمڕۆ کە کۆماری ئیسلامی لە لێواری ڕووخاندایە، فاشیزمی نوێ لە ستۆدیۆکانی میدیاوە خەریکی داتاشینی تاجێکی نوێیە بۆ سەر هەمان مەکینەی سەرکوت. ئەرکی مێژوویی ناوەندی دیالۆگ و هەموو تاکێکی وشیاری کورد ئەوەیە کە ڕێگە نەدرێت مێژووی ٥٧ دووبارە بێتەوە. ئازادیی ئێمە لە تارانەوە نایەت، بەڵکوو لە ڕێگەی هێزی ناوخۆیی و یەکگرتوویی ڕۆژهەڵاتەوە بەدی دێت.