زمانی سیاسی ئامرازێکی بێلایەن نییە بۆ پەیوەندیکردن، بەڵکو ئامرازێکی دەسەڵاتە. کێ قسە دەکات، کێ دەبیستێت و چۆن ناوی شتێک دەهێنرێت، ڕەنگدانەوەی پلەبەندییە کۆمەڵایەتییەکانە. سەرنجدان بە میکانیزمی وتەبێژی و کاردانەوەکانی و ڕەنگە بە تایبەتیش لەو کۆمەڵگایانەدا کە خۆیان دژی ستەم دەجەنگن گرینگی تایبەتی هەیە.
لە سیاسەتی کوردیدا کە دەیان ساڵە لە نێوان بەرخۆدان و شۆڕش و سەرکوتی چوار دەوڵەتی پاوانخوازی تا سەر ئێسقان دژ بە کورد گیری کردووە، سیاسەتی کوردی لە لایەک زمان وەک ئامرازی بەرخۆدان و ڕزگاری بەکاردەهێنێت و بەو زمانە باس لە ئازادی و یەکسانی و دادپەروەری دەکات، بەڵام لە هەمان کاتیشدا لە ناو خودی کۆمەڵگای خۆێدا ئەم زمانە گەلێک جار تیایدا ڕەنگدانەوەی پێکهاتە کۆنەکانی پیاوسالاری یان پاوانخوازانە دەبینرێت کە دەکەوێتە پارادۆکس لە گەڵ ئەو ئایدیایەی کە بانگەشەی بۆ دەکات. تەنانەت ئەگەر بزووتنەوەکە لە دەرەوە خەبات بۆ ئازادی بکات، زۆرجار لە ناو خوێدا ئەو توندوتیژیانە لە ڕێگەی بەکار هێنانی زمانی زبر و نەشیاو وەبەرهەم دینێتەوە و ئاشکرای دەکات کە هێشتا زۆری ماوە تا بتوانێت خۆێ لەو بیرۆکەی پیاوسالاری لە ناوخۆدا ڕزگار بکات. جا لەوێدا دەر دەکەوێت کە زمان تەنیا ئامرازێک بۆ خەبات نییە، بەڵکو هاوکات ئەوەش نیشان دەدات کە هێشتا ئەو خەباتە لە کوێدا سەرنەکەوتووە و تا پێدەگات چەندەی دژواری لە بەر دەمدایە.
زمانی سیاسی هەمیشە دەربڕینی پەیوەندییەکانی دەسەڵاتە و لە کۆمەڵگا پیاوسالارەکاندا بە شێوەیەکی ئاگا و نائاگا ئەو پێکهاتانە وەبەرهەم دەهێنرێنەوە کە ژنان لە باسە بنەڕەتیە جەوهەریەکان بەدەر دەکەن یان زمانی سووک دژ بە ژنان تیایدا بەکار دەهێنرێت و گەلێک جاریش سیستماتیک بۆ کووتانی لایەنیتر ئیستفادەی ئامرازی لە ژن دەکرێت . هەڵبژاردنی وشە، فۆڕمی ئاخاوتن، نەخشەی ڕیتۆریکی و نەبوونی دیدگای ژنانە لە دەقە فەرمییەکان یان وتارەکاندا بەڕێکەوت نییە، بەڵکوو بەشێکن لە نەزمێکی ڕەمزی قووڵی چەسپاو.
ئەم دینامیزمە لە بەشێکی زۆر لە بزووتنەوەی کوردیشدا کە خۆی بە شۆڕشگێڕ دەبینێت، بەدی دەکرێت. زمانی سیاسەت زۆرجار بە پیاوسالاری و قارەمانانە و میلیتاریستی دەمێنێتەوە و تیایدا ژنان زۆرجار وەک "پاڵەوانێک بە دڵی ئەوان" یان "دایکێکی میهربان" یان “ نامووسی پیاوان” دەردەکەون، بەڵام بە دەگمەن وەک ئەکتەرێکی سیاسی یەکسان بە دەنگی خۆیانەوە دەبینرێن.
بۆ چی کاتێک کە «ژن، ژیان، ئازادی» دەبێت بە دروشم لە واقیعدا پێوستە وەک شۆڕشێکی زمانەوانی و داڕشتنی ڕێزمانێکی نوێ ڕزگاریش چاوی لێبکریت و بۆ چی کە پێوستە بە تایبەت ئەو لایەنانەی کە خۆیان بە هەڵگڕی ئەو دروشمە دەزانن، بە ورد بونەوەیەکی قوڵ و زیاتر چاو لە دەور و ڕۆڵی وشەکان لە سەر فۆڕم گرتن و پێگەی ژنان لە ناو خودی ئەو ڕەوتانە کە ئەوان نوێنەری دەکەن بکەن و سەرنج بخەنە سەر ئەو بابەتە گرینگە، وەڵامی ئەم پرسیارانە دەسپيرمە دەست خودی ژنانی ناو ئەو ڕەوتانە و هیوادارم کە نەک لە ڕوانگەی چواچێوەیی ئایدۆلۆژیای حیزبیەوە بەلکوو بەرپرسانە و بە خەمخۆریەوە سەبارەت بەم مژارە گرینگە هەڵسوکەوت بکەن.
« ژن، ژیان، ئازادی» ئەم فۆرمولە ڕەهەندیە کە ئاستی ئۆنتۆلۆژی و کارلێکە کۆمەڵایەتیەکان و پێکهاتەکانی سیاسی بۆ داڕشتن و ڕێکخستنەوەی ئازادییە سیاسیەکان لە جێگەیەکدا پێکەوە دەبەستێتەوە ئەمەش بەو مانایەیە کە دروشمی “ژن، ژیان، ئازادی ” لە یەک کاتدا چەند ئاستێکی بوونی مرۆڤ دەخاتە ڕوو، بەم شێوەیە کە داوای ئەو دروشمە تەنیا داواکارییەکی سیاسی نییە، بەڵکو گوزارشت لە تێڕوانینێکی هەمەلایەنە دەکات بۆ بوون و پێکەوەژیان لە ناو کۆمەڵگا.
بەم پێیە، تەرکیز تەنیا لەسەر ڕزگارکردنی ژنان نییە بەڵکو لەسەر ڕێکخستنەوەی قووڵی بیرکردنەوەشە. زمان دەبێتە فەزای بەرخۆدان لە دژی پێکهاتەکانی دەسەڵاتی پیاوسالاری و کۆلۆنیالیزم و بە داخەوە جێبەجێکردنی ئەم ئایدیایە پێشکەوتووخوازانە تەنانەت لە ناو خودی ئەو حیزبانەش کە خۆیان بە هەڵگری ئەو دروشمە دەزانن بە دووفاقی ماوەتەوە. وتارەکان، پلاتفۆرمە حزبییەکان و مشتومڕە گشتیەکان ئەوە ئاشکرا دەکەن کە ڕەهەندی یەکسانیخوازی زۆرجار لە ڕووی تێئۆری ڕیتۆریکییەوە جوان پیشان ئەدرێت و بانگەشەی دەکرێت بەڵام بە کردەوە کردنی لە لایەن ئەو پێکهاتانە کە خەباتی سیاسی دیاری دەکەن زۆر سنووردارە. زۆرێک لە ژنان نە تەنها ژنانی سادەی کۆمەڵگە بەڵکوو ژنانی خەباتگێڕیش بەردەوام لە کەشی پیاوانەی ناو ئەو حیزبانەدا لە پڕۆسەی هەڵبژاردنی زۆر زیرەکانەی زمانەوانی ئەو هێزەی کە سیاسەت لە ناو حیزبەکاندا دیاری دەکات واتە هێزی پیاوانە دەکەونە هەڵاواردن و گەلێک جاریش خودی ژنەکانن کە بە زمانێکی ژنانە ئەو سیاسەتی هەڵاواردن و پەراويز خستنە بەڕێوە دەبەن.
ڕەخنە لەم میکانیزمانە بە مانای ئاماژەی پرسیار دانان بەرامبەر خەباتی ئازادیخوازی میللەتی کورد نییە، بە پێچەوانەوە دەربڕینی پێگەیشتنی ئەو خەباتەیە. بزووتنەوەیەک کە لە پێناو ئازادیدا تێکۆشان دەکات، دەبێت ئامادەبێت بۆ ئەوەی کە بە شێوەیەکی ڕەخنەگرانە بیر لە پێکهاتەکانی دەسەڵاتی خۆی بکاتەوە. شێوازی قسەکردنی بزووتنەوە سیاسییەکان داهاتوویان دیاری دەکات. بزووتنەوەیەکی ڕزگاریخواز لە درێژخایەندا تەنیا کاتێک دەتوانێت زمانی خۆی لە پێکهاتەکانی دەسەڵاتی باوک سالارانە ڕزگار بکات کە بەرهەڵستی ڕەخنەکان نەکات و بەردەوام پێداچوونەوە بە سەر ڕووداوەکان و کردەوەکانی ئەو ڕەوتە بکات و ئەمەش بە واتای ئەوەیە کە بەشداریکردنی ژنان نەک تەنها بە شێوەیەکی ڕەمزی بێت، بەڵکو لە واقیعدا جەوهەری ئەو بەشدارییە بچسبێت و ژن لە هەموو پرۆسە سیاسییەکاندا خاوەنی قسەی خۆێ بێت نەک ئەوە کە نوسراوەیەکی بۆ بنووسرێت و ئەویش فەرمانەکان جێبەجێ بکات. پێوست بە تێگەیشتنە لە زمان و دیدگای و فۆرمەکانی دەربڕینی خودی ژن وەک بەشێکی دانەبڕاو لە کولتوری سیاسی.
بەرەئەنگاربوونەوەی زمانی سێکسیستی پرسێکی پەراوێزیی نییە، پرسیارێکی جوانیناسی نییە، یان نیشانەی ڕاستگۆیی سیاسی نییە بەڵکوو پێوەرێکە بۆ پێگەیشتنی بزووتنەوەیەک. شۆڕشێک کە تەحەدای پیاوسالاری بکات، دەبێ لە زمانی خۆیشدا بەسەر میکانیزمەکانی ئەو دیاردەیە کە هێز بە پیاو مەزنی ئەدات زاڵ بێت. زمان بناغەی هەموو نەزمێکی سیاسییە و لەو شوێنەی کە وشەکان ئازاد دەکرێن، ئەگەری بیرکردنەوەی نوێ دەست پێدەکات. بۆیە گۆڕینی زمانی سیاسی بابەتێکی لاوەکی نییە، بەڵکو هەنگاوی یەکەمە بۆ گۆڕینی خودی دەسەڵات. ئایندەی سیاسەتی کوردی و هەر کۆمەڵگایەکی دادپەروەر بەوە پێوانە دەکرێت کە ئایا ئەو ئازایەتییە بۆ هەڵوەشاندنەوە و دروستکردنەوەی وشەسازیی دەسەڵاتی خۆی دەدۆزێتەوە یان نا.
ئازادی لە وەبەرهێنانی بیرێکی ئازاد لە سەرەتاوە لە هەڵبژاردن و چۆنیەتی بەکارهێنانی وشەکانەوە دەست دەست پێدەکات، چونکە خودی ئازادی لەو شوێنەوە دەست پێدەکات کە وشەکان ئازاد دەکرێن! "ژن، ژیان، ئازادی" تەنیا هاوارێک نییە لە شاخەکانی کوردستانەوە، بەڵکو ئیمتیازێکی جیهانییە!