بهشی دووههم و كۆتایی
ئەوەش دەقی نووسینەکانی ئەو بەڕێزانەیە هەر بەشێک لە نووسراوەکانیان نیازی بە ڕوون کردنەوە بێ ژمارەیەکی بۆ دادەنێم و دواتر یەک بە یەک ڕوون کردنەوەی خۆم دەنووسم:
کاک کەریمی حیسامی لە بەرگی هەشتەمی بیرەوەرییەکانیدا لاپەڕە 62 دەڵێ:"ڕۆژی 16/7/1983(25/4/1362)دوکتۆر سەعید(مەبەستی دوکتۆر سادقی شەرەفکەندییە) هاتە لام. وتارێکم نووسیبوو .... پێشنیارم کرد لە نامیلکەی تێکۆشەردا بڵاوی بکەینەوە. وتارەکەی خوێندەوە، گوتی: کاکە ئەم وتارە بڵاو ناکەینەوە خۆمان تووشی کێشە ناکەین. پاشان گوتی: فاڕووقی کەیخوسرەویمان ئازاد کردووە، گوتوومە بۆ کوێ دەچێ با بڕوا، ناوبراو گوتوویە: بۆ هیچ کوێ ناچم و لە کوردستان دەمێنمەوە و دژی حیزبی دێموکراتیش قسان دەکەم(1). نامەم نووسیوە کە بە شەق دەری بکەن بیبەن تا دەگاتە نێو پاسداران، مەهێڵن بگەڕێتەوە. ئێمە ئێستا لە حاڵی شەڕداین، جێگای ناکۆکی فیکری و ئیختیلافمان نیە."[1]
کاک جەلیل دوای گێڕانەوەی ئەو نووسراوەی کاک کەریمی حیسامی لە زمانی دوکتۆر سەعیدەوە، دەڵێ : پێم وایە بوختانە. (یانی کاک کەریم بوختانی بە دوکتۆر سەعید کردووە). دوای ئەوەی نەزەر و بۆچوونی خۆی دەر دەبڕێ. ئەمەش قسەکانی کاک جەلیل: "بەشێک لەوەی دوکتۆر سەعید لە مەڕ فاڕووق یا هەر کەسێک لەو کاتەدا گوتوویە ڕاستە. ئێمە تەجرەبەمان هەبوو، دەمانزانی نابێ مار لە ئاستینی خۆماندا ڕاگرین(2). ئەو ئەندامی تاقمی ٧کەسی بوو کە بە کردەوە لە سەفی پاسداراندا بوون و شەڕیان دەگەڵ حیزب دەکرد و ڕاستەوخۆ پشتیوانییان لە ڕیژیمی دژی گەلی و کورد کوژی کۆماری ئیسلامی دەکرد(٣)، بەڵام گومان ناکەم دوکتۆر سەعید هەر چاویشی بە فاڕووق کەوتبێ و ئەو ڕستەشی پێ گوتبێ(4). ئەوە من بووم کە بە سەفەر هاتبوومە ئالان و لای دەفتەری سیاسی ژمارە دووش کارم هەبوو. دوای باس لەگەڵ کاک دوکتۆر قاسملوو لە سەر هێندێک لە بەندییەکان کە کاک حامید ناوی دابوون و قەرار وا بوو بەریان بدەین، چوومە بەندیخانە لە ئەشکان و لەوێ بەتایبەتی وەک هاوڕێیەکی چەند ساڵەی حیزبی کە خۆم لە تاران بۆ لای حیزبم ڕاکێشابوو، کاک فاڕووقم بانگ کردووە و لەگەڵی دواوم و بە دوور و درێژی باسی هەل و مەرجم بۆ کردووە و پێم گوتووە وەک پیاوان، وەک کوڕە کوردێکی دڵسۆز، بەو دڵسۆزی و هەستە خاوێنەی ئەو کات کە هاتیە نێو حیزب لە کوردستان بمێنەوە، خزمەت بە گەلەکەت بکە، بەڵام ئەو پاش باسەکە لە وەڵامدا گوتی، پاسدارم زۆر پێ لە ئێوە باشترە(5) دەچمەوە نێو حکوومەت و سەعاتێکیش لە کوردستان نامێنمەوە(٦). ئێمەش دەگەڵ چەند کەسی دی بە حورمەتەوە ناردماننە نزیک سەردەشت و لەوێڕا چوونەوە باوەشی ئیسلامی عەزیز!! (7) دوایەش پێوەندی بە هاوڕێکانیەوە کە هێندێکیان لە تاران و شارەکان لە خزمەتی ڕیژیمدا بوون، گرتووە (8) ئێستاش لە ناو ڕیژیمە (9) شەریکەی هەیە. هێندێک جار لە گۆڤاری سروە و ڕۆژنامەی حەوتوانەی ئاویدەریشدا کە لە سنە نیوە کوردی و نیوە فارسی دەردەچێ، وتار دەنووسێ."[2]
کاک حامیدی گەوهەری لە کیێبی"ڕاستییەکان بۆ خۆیان دەدوێن"دا جوابێکی ڕێک و پێکی بۆ قسەکانی سەرەوەی کاک جەلیل نووسیوە کە دەقی تەواوی نووسراوەکەی کاک حامید لەگەڵ گێڕانەوەیەک لە زمانی کاک ڕەحیم شێوەیی لە کتێبی "ئەزموون"ی ئەو بەڕێزەدا لە لامە کە ڕەنگە لە بەر دەستی خوێنەرانی بەڕێزدا نەبێ و بە ناچاری هەمووی بۆ ئێرە ڕادەگوێزم. هەر چەند کاک حامیدیش بەشێکی زۆر لە وتووێژی من و کاک جەلیلی نەنووسیوە. یا لە بیری نەماوە یا بە گرینگی نەزانیوە. بە لای خۆمەوە زۆریش گرینگ بوون. دواتر ئەوانەش دەنووسمەوە و لێکدانەوەی نووسراوەکانیان پێشکەش دەکەم. کاک حامید دەنووسێ:
"ئەو ڕووداوەی کاک جەلیل ئاماژەی پێ دەکات هی سەردەمێکی زۆر کۆن نیە کە لە بیر کرابێ. نووسەر زۆر باش دەزانێ کە ئەو گوتنەی لە ڕاستی بەدوورن. من شاهیدی ڕاستەوخۆی ئەو ڕووداوە بووم (10) بۆ ئاگاداری خوێنەرانی بەڕێز، مەسەلەکە لە دەسپێکەوە دەگێڕمەوە: رۆژی 14/2/1362 دادستانی کۆماری ئیسلامی ئێران حیزبی توودەی ئێرانی بە هەڵوەشاوە ڕاگەیاند و دوای ئەوە ژمارەیەکی زۆر لە ڕێبەران و ئەندامانی ئەو حیزبەی گرت.
ڕۆژی 18/2/ 1362 دەفتەری سیاسی حیزبی دێموکرات کردەوەی کۆماری ئیسلامی شەرمەزار کرد و لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی توودە ڕابکەنە کوردستان و حیزبی دێموکرات ئەمنیەتیان دەپارێزێ. ئەو کاتە شازدە ئەندامی حیزبی توودە، فیدایی ئەکسەریەت و پەیڕەوانی کۆنگرەی چوار لە زیندانی حیزبدا بوون، منیش تازە کرابووم بە بەرپرسی زیندانی حیزب. من ڕاگەیەندراوەکەی حیزبم بردە دەفتەری سیاسی کە لە گوندە بچووکەکەی ئالان لە (مەزرێ) بوو. چوومە خزمەت دوکتۆر قاسملووو بۆ ئازاد کردنی ئەو شازدە کەسە پرسم پێ کرد. گوتی پێشنیارەکەت حەقە و من بە زوویی لە بڕیاری دەفتەری سیاسی ئاگادارت دەکەم.
کۆتایی مانگی گوڵان، واتە دوای تێپەڕ بوونی چەند ڕۆژ، کاک جەلیل هاتە زیندانی "ئەشکان" گوتی دەفتەری سیاسی بڕیاری ئازاد کردنی توودەیییەکانی داوە و داوای بینینی کاک فاڕووقی کەیخوسرەوی لێ کردم. پێشمەرگەم نارد فاڕووقیان هێنا. هەر سێکمان لە دەفتەری زیندان دانیشتبووین. کاک جەلیل ڕووی لە فاڕووق کرد و دوای ئەحواڵپرسی گوتی: دەفتەری سیاسی بڕیاری داوە ئێوە لە زیندان ئازاد بکرێن و بڕیارەکەشی بەم جۆرەیە:
ئەگەر ئێوە ئامادە بن کردەوەی ڕیژیمی خومەینی بەرامبەر بە خەڵکی کورد مەحکووم بکەن، مافتان پێ دەدرێ لە بەشی ئازادکراوی کوردستاندا بمێننەوە.
ئەگەر ئێوە ئامادە بن لە بەرامبەر کۆماری ئیسلامیدا پشتی حیزبی دێموکرات بگرن، ئەوە دەتوانن لەگەڵ حیزب بکەون.
ئەگەر ئامادە نەبن ڕیژیمی خومەینی مەحکووم بکەن، ئەوە دەبێ بچنەوە ناو ریژیم(11)
کاک جەلیل هەر وەها داوای لە کاک فاڕووق کرد کە ڕیژیمی کۆماری ئیسلامی مەحکووم بکات. بەڵام ئەو لە وەڵامدا گوتی: من سێ ساڵە لە زیندانی حیزبدام. لەو ماوەیەدا هیچ ئاگادارییەکم لە سەر کۆماری ئیسلامی ئێران نیە. بۆ ئەوەی کە ڕاستییەکانم بۆ دەر کەوێ، پێویستە ماوەیەک لە زیندان ئازاد بکرێم. بۆ ئەوەش داوا دەکەم ئیزنم بدەن مانگێک لێرە لە دەرەوەی زیندان بمێنمەوە، گوێ بدەمە رادیۆکان و ڕۆژنامەکان بخوێنمەوە و دوای ئەو ماوەیە دێمە خزمەتتان و بیر و باوەڕی خۆمتان پێ رادەگەیەنم(12).
کاک جەلیل دژی داوای فاڕووق ڕاوەستا و بە دەستی بەتاڵ گەڕاوە دەفتەری سیاسی. بە کورتی دەفتەری سیاسی لەو شازدە کەسە، فاڕووق و پێنج لە هاوڕێیانی ناردە نزیک پێگەیەکی سوپای ئێران لە بەری گوندی "دەرماناوێ" (13) بە هۆی حاجییەکی سەردەشتییەوە ئەوانی تەسلیمی ڕیژیم کردەوە. ئەوانی تر، دوو کەسیان بە ناوی "ڕەحمەتی پیرۆتە سوور" و "عەبدوڵڵای ئیبراهیمی"چوونە لۆلان و لەگەڵ توودەیییەکان و پەیڕەوانی کۆنگرەی چوار کەوتن، هەشت کەسەکەی تریش دوای ماوەیەک سووڕانەوە لە ناوچە ئازاد کراوەکانی مەهاباددا، گەڕانەوە لای بنەماڵەکانیان. کۆماری ئیسلامی فاڕووقی گرت و دوای ڕاگرتنی ساڵێک لە زیندان ئازادی کرد."[3] (14)
بەڕێز کاک حامید گەوهەری لە لاپەڕە 434ی کتێبی "ئەزموون"دا هەر ئەو باسە دەگێڕێتەوە بەڵام شتێکی لێ زیاد دەکا دەڵێ:"سەبارەت بە چۆنیەتی ناردنەوەی ئەو چەند کەسە بۆ لای کۆماری ئیسلامی، ڕۆژی 29/10/2009 لە ماڵی کاک سمکۆ لە شاری لینشۆپینگ(وڵاتی سوێد) پرسیارم لە کاک ڕەحیم شێوەیی کرد، گوتی:"ئێمە ئەو ژمارەیەمان برد بۆ گوندی شەڵماش، ویستمان ئێوارێ ڕەوانەی پێگەی دوژمنیان بکەین، ئەگەر نەچوون لێیان دەین، کەچی ئەوان نەچوون و ئێمەش نەمانتوانی لێیان بدەین. دوو ڕۆژ لەگەڵ دەفتەری سیاسی لە نامە گۆڕینەوەدا بووین، سەرەنجام گوتیان تەنانەت ئەگەر بە زۆریش بێت دەبێ بچنەوە. ئێمە ناچار بووین ئەوان تا نزێک پێگەی کانی بۆگەن بیانبەین و لەوێ هەڕەشەمان لێ کردن (15) ئەوانیش چوون بۆ ئەو پێگەیە."
ڕوون کردنەوەی ئەو15 خاڵەی بۆچوونی ئەو بەڕێزانە بە پێویست دەزانم، خوێنەری بەڕێز خۆی دەزانێ درۆ وڕاستی قسەکان شەن وکەو بکا. ڕووی قسەم لە بەرەکانی داهاتووە کە ئەوەی لە ئێمە ڕووی دا لە وانیش ڕوو نەدا. ئەوەش کورتەی ڕوون کردنەوەکان:
- لە هیچ جێگایەک قسەی وام نەکردووە و ئێستاش خۆم بە پێشمەرگەی ڕێبازی پێشەوا دەزانم، من لەگەڵ بەڕێوەبەری چەکدار و شەڕی چەکداری نەبووم ونیم. هیوادارم ئەگەرچی دڵنیام لە داهاتووی دووریشدا بێ ئەو حیزبە دەگەڕێتەوە سەر ڕێبازی پێشەوا قازی محەمەد.
- من مار نیم و ئازارم بۆ کەس نەبووە. لە ئاستینی ئەو بەڕێزانەشدا نەبووم، لە زیندانی ئەواندا بووم. ئەوە چزەی مار نیە کە لێی دەترسن، ڕاستییەکانە.
- هیچی ڕاست نیە و قەت شەڕم لەگەڵیان نەکردووە. لە زینداندا چۆن شەڕم بۆ دەکرا؟ مامە غەنی و هاوڕێیانیشی دەستیان بە منی زیندانی نەدەگەیشت تا بۆ ئەو شەڕە پرسم پێ بکەن. داکۆکی لە هەڵەی ئەوانیش ناکەم.
- لە ماوەی زیندانی بوونمدا جارێکیش دوکتۆر شەرەفکەندیم نەدیوە.
- ئەوەش بوختانە و شتی وام نەگوتووە.
- ئەوەش هەر ڕاست نیە. لەم 41ساڵە هەر لە کوردستان ژیاوم.
- کاک جەلیل بەو فەرمایشەیدا لای وایە هەر کەس لە کوردستاندا بژی لە باوەشی ئیسلامی عەزیزدایە، کە لە ڕوانگەی ئەو بەڕێزەوە بە مانای خەیانەت کردنە. مەگەر لایەنگرانی حیزب لە کوردستاندا ناژین؟ تەحویل دانەوەی منیش بێ حورمەتییەکی گەورە بوو پێم کرا، مەبەستیان لە تەحویل دانەوەم بە سپای پاسداران بە کوشتن چوونم بوو، لە زیندانیشدا بۆ پاراستنی گیان و مانەوەم لە هەڵوێستی خۆم پاشەکشەم نەکرد، لە سەر داوا ڕەواکەم سوورتر بووم.
- کاتێک من دوای ساڵێک لە زیندانی سپا ڕزگار بووم، هاوڕێکانم پرژ و بڵاو ببوون و دەمزانی مامەغەنی لە هەولێرە، زۆرم هەوڵ دا نەمدۆزیەوە. ئەوەی لێرەدا باسی دەکەم باسێکە بۆ مێژوو. تەشکیلاتێکمان نەماوە تا باسی سیاسی و تەشکیلاتی بکەم. مامۆستا هێمن لە خاکەلێوەی ساڵی 1365(1986)دا کۆچی دوایی کرد، مامەغەنی ساڵی 1989(1368) لەگەڵ کاک برایمی فەرشی گفتوگۆی کردوە کە لەو کاتەدا مامۆستا هێمن لە ژیاندا نەبووە. کتێبی"سەدەی کارەسات" کە بەرهەمی ئەو گفتوگۆیە بوو ساڵی 2008 بڵاو کراوەتەوە. لە لاپەڕەی290ی ئەو کتێبەدا لە زمانی مامەغەنییەوە نووسراوە:"لەگەڵ مامۆستا هێمن تەماسمان هەیە". مامۆستا هێمن کە هەموو قسەیەکی لەگەڵ من دەکرد، باسی ئەوەی بۆ نەکردبووم. ڕەنگە لە بیری نەبووبێ. باسەکەش هەڵەی تێدایە. ئەوەم پێ سەیرە مامەغەنی کە تەماسی لەگەڵ مامۆستا هێمن هەبووە، بۆچی تەماسی لەگەڵ من نەبووە؟ ئەوەندە دژ بە من بانگەشەی درۆ کراوە کە ڕەنگە مامەغەنیش لەوە ترسابێ کە داخوا من چکارە بم؟ هەر لەو لاپەڕەدا گوتوویە :"دیارە شێخ عوسمانیش کۆمەکی بوو، بۆخۆشی شیرکەتی دەکرد لە مەڕاسم و نووسین و جێژن و فڵان و ئەوانە، بەڵام زەعفە. بە عینوانی زەعفی دەزانین، بەڵام فاکتی دیکەم لە سەری نیە." بەداخەوە ئەوانەشی بە بێ فاکت و بەڵگە نووسیوە. ئەگەر تاوانی من نووسینە، نووسین کاری منی نووسەرە، بەڵام چیم نووسیوە کە خراپ بووبێ؟ هیچ شک نابەم. ئێستاش تۆمارێکی مامۆستا ئاینییە بەڕێزەکانی سەقزم لایە کە پشتیوانییان لێ کردووم. لە کۆمەکی بەڕێز جەنابی شێخ عوسمان هیچ ئاگادارییەکم نیە. سپاسی ئەو بەڕێزە و مامۆستا ئاینییەکانی سەقزیش دەکەم ئەگەر هەوڵێکیان بۆ ئازاد کردنم دابێ. خۆم هیچ هەوڵێکم بۆ ئەو کارە نەداوە و زەعفێکیشم نیشان نەداوە.
- لە خاڵی 7دا وەڵامی دراوەتەوە.
- کاک مستەفا شەڵماشی کە دەڵێ: بەڵام حیزب چی لەگەڵ کرد؟ ئەسڵەن نە زیندانی کرد، نە هیچی پێ گوت، نە ئەسڵەن لە گوڵی کاڵتر وەکوو دەڵێن پێی نەگوت، سەرنج بداتە شاهیدی کاک حامید گەوهەری.
- وا دیارە کاک حامید لە بیری نەماوە، لەوێ کاک جەلیل تەنیا دوو مەرجی یەکەم و سێهەمی بۆ داناین. لە شەڵماش کردیان بەو سێ مەرجە.
- هەڵەی دووەمی کاک حامید لەوەدایە کە من ڕادیۆم پێ بوو و لە هەواڵەکانی ئێران و بەرەکانی شەڕی ئێران و عێراق و شەڕی پێشمەرگە بێ خەبەر نەبووم. ئەوەی کە لێی ئاگادار نەبووم هەواڵی مامەغەنی و هاوڕێکانمان بوو. داوای ئەوەشم لێ نەکردن مانگێک مۆڵەتم بدەن. گوتم ئەگەر ماوەیەک لە دەرەوە بم ئاگاداریم دەست دەکەوێ.
- شێوەی ئازاد کردنم بەو شێوە نەبوو، گێڕانەوەی کاک ڕەحیم شێوەیی دروستترە هەرچەند ئەویش تەواو نیە، چەند ڕۆژ دواتر ژمارەیەکی پەنجا شەست کەسی لە زیندانییەکان ئازاد دەکران و بەرەو سەردەشتیان بەڕێ دەکردن. ئێمەشیان ڕەگەڵ خستن، بە بێ ئەوەی بڵێن بۆ کوێ. دەستەیەکی سی چل کەسی پێشمەرگەمان لەگەڵ هاتن. دوای چەند سەعاتێک کاتی نزیک ئێوارە بوو. لە پێشمەرگەکانمان پرسی:
- بۆ کوێمان دەبەن؟
- بۆ سەردەشت.
- ئازادین؟
- ڕادەستی سپای پاسدارانتان دەکەین.
- ئەم کارەتان بە تاوان و خەیانەت نازانن؟
- نا. خەیانەتی چی؟
- مەگەر گوێ لە ڕادیۆی حیزب ناگرن ؟ چەند ڕۆژە بە توندی ڕەخنە لە مەلا مستەفای ڕەحمەتی دەگرێ کە نەیارانی خۆی دەگرت و ڕادەستی ڕیژیمی شای دەکردن. چۆنە کاری ئەو بە خەیانەت دەزانن بەڵام کاری خۆتان بە دروست؟ تازە ئەو لە خەباتەکەیدا دۆست و هاوپەیمانی ڕیژیمی شا بوو. خۆ ئێوە دۆستی کۆماری ئیسلامی نین.
- ئەم کارەی ئێمە جیاوازە.
- جیاوازی چییە؟
- ئێوە بە داخوازی خۆتان ڕادەستی کۆماری ئیسلامی دەکرێن.
- کێ گوتوویە.
- بەڕێوەبەری حیزب.
- ڕاست ناکەن. ئەگەر وایان تێگەیاندوون، ئێمە ناڕۆین، دەتوانن گوللە بارانمان بکەن.
بە بیستنی ئەو درۆیە تەزێکم بە لەشدا گەڕا، لە بەری پێمەوە دەرچوو. چۆن بەڕێوەبەرانێک کە خۆیان بە ئاڵاهەڵگری ئازادی و پێغەمبەری دیمۆکراسی دەزانی، دەتوانن درۆی وا گەورە بە زمانی ئێمەوە بکەن؟ هەر چی کردیان نە جوابی پاڕانەوەمان دانەوە، نە بە زۆرەملی توانیان کارێکمان لەگەڵ بکەن. پێشمەرگە بوون بە دوو دەستە. دەستەیەک وشیار و خاوەن ویجدان کە لایەنگری ئێمە و لایەنگری هەق بوون نەیاندەهێشت زۆرمان لێ بکەن، دەستەیەکیش دەیانگوت دەستووری حیزبە دەبێ ڕادەستیان بکەین. زۆری نەمابوو دەست بدەنە چەک لە یەکتر. سەرەنجام بڕیاریان دا چەند پێشمەرگەیەک لەگەڵ ئێمە بمێننەوە و ئەوانی دیکە زیندانییەکانی تر ببەن بۆ سەردەشت. لە گوندی شەڵماش نزیک بووین. ئێمەیان بردە مزگەوتی گوندی شەڵماش. جێژنی قوربان بوو. دوو سێ ڕۆژ لەوێ ماینەوە تا دەستووری تازەیان بۆ هات. دەفتەری سیاسی ئەم جارە سێ ڕێگەی لە پێشمان دانابوو:
١- واز لە هەڵوێستی خۆمان بێنین و سیاسەت و ڕێبازی بەڕێوەبەری حیزب بسەلمێنین تا ئازاد بکرێین، لە هەر شوێنێک پێمان خۆش بێ بمێنینەوە و کار و تێکۆشانی سیاسی بکەین.
٢- ئەگەر سیاسەت و ڕێبازی بەڕێوەبەری حیزب نەسەلمێنین لانی کەم کردەوەی کۆماری ئیسلامی بەرانبەر بە کوردستان مەحکووم بکەین تا لە زیندان ڕزگار بین و لە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی حیزبدا بمێنینەوە، بەڵام کاری سیاسی نەکەین.
٣- ئەگەر لەو دوو مەرجە هیچیان جێبەجێ نەکەین ڕادەستی کۆماری ئیسلامی دەکرێینەوە.
دیارە ئەو مەرجانە بە مانای ئازاد کردن نەبوون. بیر و باوەڕ بە دەستوور و هەڕەشە ناگۆڕدرێ و وەک پێشتر ڕامانگەیاندبوو، خۆمان بە پێشمەرگەی گەل و نیشتمان دەزانی، هەرگیز بۆ خۆ ڕزگار کردن لە مەرگ درۆمان لەگەڵ خۆمان و نەتەوەکەمان نەدەکرد. مەبەستمان ئەوە بوو پێشمەرگەکان تێبگەن بە داخوازی خۆمان نیە کە دەماننێرنە سەردەشت، بە زۆرەملی بوو، ڕادەست کردن بوو نەوەک ئازاد کردن. کاتێک لەوە گەیشتن ئیتر بەرهەڵستیمان نەکرد. ملی ڕێگامان گرت و لەگەڵ مام حاجی ڕۆیشتین تا تەحویلی سپای پاسدارانی داین. هیچ ترسیشمان لەوە نەبوو کە ئیعدام بکرێین. پێشتر خەڵخاڵی حوکمی ئیعدامی منی دابوو، پێشوازیمان لە چارەنووسێکی نادیار کرد و لە ڕابردووی خۆمان پاشگەز نەبووینەوە.
14- ئازاد بوونم لە زیندان بەو جۆرە کە باس کراوە سادە نەبوو. مامەغەنی، کە ئاگای لە چۆنیەتی ساڵێک مانەوەم لە زیندانی سپادا نەبووە، لە وتووێژ لەگەڵ کاک برایمی فەرشی لە لاپەڕەی 289ی کتێبی "سەدەی کارەسات"دا دەڵێ:"قەولی لێ دەستێنن کە کار بکات لەگەڵیان. ئەوە زەعفێکە ...." و پاساویشم بۆ دێنێتەوە. فەرمایشەکەی وا دەگەیەنێ کە قەولی هاوکاریم داوە بۆ جاسووسی و خەیانەت. ناهەقیشی ناگرم، هەر کەسێکی بێ باوەڕ لە جێگەی من با بۆ ڕزگار کردنی خۆی خەیانەتیشی دەکرد. من هیچ لاوازییەکم نیشان نەداوە، بەپێچەوانەوە زۆریش لە سەر هەڵوێستی خۆم پێداگریم کرد و لە گۆڤاری "چشم انداز ایران-1382" و لە کتێبی بیرەوەری خۆم بە ناوی"بەسەرهاتی خۆم و وڵاتم"دا کە هێشتا چاپ نەکراوە باسی ئەو یەک ساڵەم کردووە. ئاکامی ساڵێک مشت و مڕی من لەگەڵ بەرپرسانی زیندان ئەوە بوو کەبەڵێنیان دامێ خزمەت بە پەرەپێدانی زمان و فەرهەنگی کوردی بکەن. بانگهێشتن لە مامۆستا هێمن بۆ ورمێ و بڵاو کردنەوەی گۆڤاری سروە، کە ئێستاش و تا داهاتووی دووریش بەردەوام نووسەر و شاعیری کورد لە خزمەتیدان، بەرهەمی ئەو تێکۆشانە بوو. داواکاری ئەوان چی بوو؟ بە کورتی بڵێم گوتیان:
- ڕێگایەکمان پێ نیشان بدە بۆ ئەوەی لاوەکان دوای کۆمەڵە و دیمۆکرات نەکەون و نەچنە دەرەوە.
- ئەوەی کۆمەڵە و دیمۆکرات داوای دەکەن ئێوە جێبەجێی بکەن، نەک هەر لاوەکان دوای ئەوان ناکەون بەڵکوو ئەوانیش دوای ئێوە دەکەون.
- یانی خودموختاری بدەین؟
- بۆ خودموختاری شاخی هەیە؟ یەکێک لە بەشە هەرە گرینگەگانی خودموختاری ئازادی زمان و ئەدەب و فەرهەنگی کوردییە کە ئەوەش هیچ کێشەیەکتان بۆ ساز ناکا.
ئەوە بوو کە بۆ دامەزراندنی ناوەندی بڵاو کردنەوەی زمان و ئەدەب و فەرهەنگی کوردی کە داخوازی خۆم بوو، ناوەندێکمان لە ورمێ دانا. مامۆستا هێمن شانازی ئەوەی پێ داین بێتە ئەو ناوەندە، دەنا بە سەد و هەزاری وەک من ئەو کارە نەدەکرا و لەو ماوە کورتەدا ئەوەندە پەرەی نەدەگرت. گۆڤاری سروە و چاپی یەکەم کتێبی خوێندن بە زمانی کوردی بەرهەمی ئەو هەوڵدانە بوو کە سەرنجی کوردانی چوار پارچەی کوردستانی ڕاکێشا و ئاگرێکی کردەوە کە قەت خامۆش نابێ.
دۆستانی ئێمە لە بەڕێوەبەرایەتی حیزبدا سەرەتا ئەو کارەیان بە خەیانەتێکی تر دانا و لە ڕۆژنامەی "کوردستان" ئۆرگانی کومیتەی ناوەندی حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران ژمارە131 ڕەزبەری 1366 و ژمارە 150 جۆزەردانی 1368 و زۆر شوێنی تر لە سەریان نووسی و ئێمەشیان گرتە بەر توانج و قسەی ناشیرین و دزێو. بەڵام کاتێک پێشوازی بێ وێنەی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانیان دی پاشەکشەیان کرد و ئێستا بە خزمەتێکی گەورەی دەزانن. مامەغەنی لە وەڵامی پرسیاری کاک برایم فەرشی لە لاپەڕە287ی "سەدەی کارەسات"دا کە دەپرسێ پەیڕەوانی کۆنگرەی چوار چ خزمەتێکیان بە جونبشی کوردستان کرد؟ هیچ دەسکەوتێک بۆ پێڕەوانی کۆنگرەی چوار و هەموو حیزبی دیمۆکرات ناو نابا جگە لە بڵاو کردنەوەی "سروە" و دەڵێ:
"وەڵا ئێمە لە دەستمان نەهاتووە، ئێمە فەقەت ئەوەندەمان لە دەست هاتووە هاواری خۆمان کردووە، هاوارەکەشمان بە هیچ کوێ نەگەیشتووە. ناتوانین ئیدیعا بکەین خدمەتێکمان کردووە بە میللەتی کورد، نا ئەمن هەمچین ئەدیعایەکی ناکەم و ئەوەش ئیدیعا ناکەم حیزبی دیمۆکرات توانیویە خزمەت بە میللەتی کورد بکات. ئەوەش ناڵێم چونکە خدمەتێکم نەدیوە. بە غەیرەز خوێن و خوێنڕێژی چی دیکەم نەدیوە. خاڵێک، پوانێک ئەمما لە مەجمووعدا بێنین بەرڕەسی بکەین، بڵێین چی؟ بە قیمەتی ئەو هەموو خوێنانە، بە قیمەتی ئەو هەموو کوشت و کوشتارەی، هەر ئەوەیە کە "سروە" مونتەشیر بووە."
پێ زانینی خەباتکار و خۆنەویستێکی نیشتمانپەروەری وەک مامەغەنی ماندوویی ئەو هەموو ساڵە ڕەنج و جنێو بیستن و خۆ خواردنەوەی لە لەش دەر کردم. هیوادارم و دڵنیام نەتەوەکەشم لە نێو ئەو هەموو هات و هاوار وتەپ وتۆز و تۆمەتبار کردنانەدا بە چاک و خراپی کردەوەکانمان دەزانێ. هەر ئەوەندەی ڕاست و ناڕاست لێک جودا بکرێنەوە و نەسلەکانی داهاتوو ڕێگە ڕاستەکە هەڵبژێرن، ئەوە بە مانای سەرکەوتنی ئەو ڕێبازەیە کە ڕۆڵەکانی گیان لە سەر دەستی گەل بۆ سەرکەوتنی تێدەکۆشن.
لێرەدا وەک کۆنە سەربازێکی دڵ پڕ لە هیوا ڕوودەکەمە لاوە خوێن گەرمەکانی وڵاتەکەم و داوایان لێ دەکەم: وشیار و ئاگادار بن کە ڕێبازی خزمەت بە زمان و فەرهەنگ و ئەدەبی کوردی باشترین ڕێگەی خزمەت بە گەل و نیشتمانە، ڕێبازێکە کە ڕێگەی گەیشتن بە داهاتووی گەشەدارمان بۆ هەموار دەکا. ڕێبازێکە هیچ کەسمان لێ ناکا بە دوژمن و ژمارەی دۆستانمان زیاد دەکا. هەر ئەو ڕێبازەیە کە ڕێگەی دروستی خەباتی سیاسی و کۆمەڵایەتی و گەیشتن بە ژیانێکی سەربەزانە بۆ نەتەوەکەمان ڕووناک دەکاتەوە. بە خۆشێیەوە ئەم ڕێبازە کراوەتەوە و مامۆستا و زانا و قەڵەم بەدەستی کورد ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ئاوەڵاتری دەکەنەوە. پشتی یەک بگرن و هیوا بەر مەدەن.
بە بێ ڕق و قین و بێزاری یا بیر کردنەوە لە تۆڵە کردنەوە سڵاو دەنێرم بۆ هەموو تێکۆشەرانی حیزب و گەل، دڵم لە ئاستی هەموویان پاکە و ئاواتەخوازی تەندروستی و سەربەرزی هەموویانم. ئەو ئازارەی چێشتوومە سزای دڵپاکی و ئەوینی خۆم بووە بۆ نیشتمانم کە لە چاو گیانبەختکردنی شەهیدە سەربەرزەکان هەر هیچ نیە و ئەوەی ئەو بەڕێزانەش لەگەڵیان کردم شتێکی چاوەڕوان نەکراو نەبوو. شاعیری فارس دەڵێ: نیش عقرب نە از ره کین است، اقتضای طبیعتش این است.
لە پاداشی قسەی سەردا هەمە ئاه و هەناسەی گەرم
کەسێک شێتانە بەردم تێ دەگرێ، من بەرقی تێ دەگرم
15- ئەوەی کە کاک ڕەحیم شێوەیی گێڕاویەتەوە بۆ کاک حامید گەوهەری دروستترە لەو شتەی کە پێشتر لە کتێبی" ڕاستییەکان بۆ خۆیان دەدوێن"دا باسی کردبوو. بەلام لەوێدا کە دەڵێ: "هەڕەشەمان لێکردن ..." هەڵەیە، چونکوو مەبەستمان لەوەی کە لە شەڵماش بەدوا لەگەڵیان نەڕۆیشتین ئەوە بوو پێشمەرگەکان تێبگەن بە داخوازی خۆمان نیە و حیزب بە هەڕەشە و زۆری چەک تەحویلمان دەداتەوە. کاتێک دوای چەند جار نامە نووسین بۆ بەڕێوەبەری حیزب بە پێشمەرگەکانمان سەلماند کە ئەوە خواستی خۆمان نیە، شەڕێکمان لەگەڵ پێشمەرگەی داماو نەبوو. ملی ڕێگامان گرت و لەگەڵ مام حاجی کەوتینە ڕێ.
2-7- لە سەفەرێکمدا بۆ وڵاتی سوێد لە سەرەتای ساڵی ١٩٨٩ (ڕەشەمەی1367) لە ستۆکهۆڵم بە خزمەت ڕەحمەتی کاک کەریم حیسامی گەیشتم و شەوێک تا ڕۆژ لە ماڵی خۆیان لە خزمەتیدا بووم. زۆر تامەزرۆی بیستنی هەواڵ و دەنگ و باسی ئێران و کوردستان بوو. دوای باسێکی زۆر پرسیم:
_ لێرە چ دەکەی؟
_ ڕۆژنامەی سەردەمی نوێ بڵاو دەکەینەوە و بیرەوەری خۆم دەنووسمەوە.
_لەو پێنج بەرگەی بیرەوەرییەکانت کە تا ئێستا چاپ بوون چەندیان فرۆشراون؟
_200 بەرگ
_ئەگەر لە ئێران بی دەتوانی بیرەوەرییەکانیشت بنووسییەوە و هەموو هەفتەیەکیش 200 کەس دەبینی و لە ئەزموونی خۆت ئاگاداریان دەکەی. بۆ نایەنەوە بۆ ئێران؟
_ئاخر دەمانکووژن.
_هیچ وا نییە. خۆ هێشتا حوکمی ئیعدامتان بۆ دەر نەچووە. بۆ خۆیشت دەزانی کاتێک حیزب منی لە سەردەشت ڕادەستی سپای پاسداران کرد، حوکمی ئیعدامم لە لایەن شێخ سادقی خەڵخاڵییەوە درابوو، لە سەر داوا ڕەواکانیشم بۆ مافی کورد پاشەکشەم نەکردبوو، نەشیان کوشتم. مەگەر ئێمە پێشمەرگە نەبووین و ئێستاش خۆ بە پێشمەرگە نازانین؟ قسەیەکی پێ نەبوو وەڵامم بداتەوە. لە بەرگی پێنجەمی بیرەوەرییەکانی بەرگێکی دامێ و کاتی ڕۆیشتن گەیشتبوو. لێک جیا بووینەوە، تا مابوو نامەمان دەگۆڕییەوە و لە گۆڤاری سروە و بڵاوکراوەکانی خۆمان بێ بەشم نەدەکرد.
2-8 ئێستاش زۆر بەداخم لەوەی تێکۆشەرانی وڵاتی ئێمە وەک پەنابەر لە هەندەران دەژین. ئەوانە هەموویان بە بێ هەڵاواردن سەرمایەی وڵاتەکەمانن، لە عەشق و خۆشەویستی وڵاتی خۆیان دەستیان داوەتە خەبات، ئەگەر ئەو بەڕێزانە ئێستاش بگەڕێنەوە و ئازار نەدرێن بە بێ هیچ شک و گومانێک دەتوانن باشتر لەو هەلپەرستانەی بۆ گەیشتن بە پۆست و دەسەڵات خۆیان دەخزێننە نێو دام و دەزگاکان، خزمەت بە وڵاتی خۆیان بکەن. دیارە من بەرپرس نیم و ناتوانم بەڵێن بە هیچ کەس بدەم کە تووشی کێشە نابێ. باسی ئەزموونی خۆمم کرد کە لە هەڕەشەی حیزب و مەترسی لایەنی ئەملاش نەترساوم. گەڕانەوەی ئەو هاووڵاتییانە، بە سەربەرزی و ڕێز و ئیحتیرامەوە، نەک هەر زیانێکی بۆ ئاسایشی نیشتمانی نیە، بەپێچەوانەوە لە هەموو سەرێکەوە خێری تێدایە و یەکیەتی ڕیزەکانی خەڵک پتەوتر دەکا.
- بزووتنەوەی کورد و ستڕاتێژی
لە دنیای ئەمڕۆدا لە بەڕێوە بردنی کاروباری بنەماڵەیەکی پچووکەوە، تا بەڕێوەبەری کەسب و کار، بازرگانی، کارگە، کۆمپانیا، شار و وڵات کە هەرکامەیان سازمان یا تەشکیلاتێکی جیاواز و سەربەخۆن، دانانی ستڕاتێژی نیازێکی سەرەتایییە. لە ئێستادا سازمانێک سەرکەوتوو دەبێ کە پلەیەک لەوانی تر لەپێشتر بێ. لەوەتی مرۆڤ لە سەر گۆی زەوی دەژی، لە مەیدانی ململانێ و ڕکابەریدا ژیاوە. لە دنیای کۆنیشدا هەرچەند زانستی بەڕێوەبەری ستڕاتێژیک نەناسرابوو، هۆز و تایفە و عەشیرەتەکان بۆ پەرەپێدانی دەسەڵاتی خۆیان و دابین کردنی ژیانێکی خۆشتر بۆ ئەندامانی خۆیان لەوانی تر زیاتر هەوڵیان داوە و لە ململانێدا بوون. زۆر جاریش لێیان بووە بە شەڕ.
سەردەمی ئێستا نەتەوە پێشکەوتووەکان تێگەیشتوون کە شەڕ دەبێتە هۆی لەنێوچوونی گیانی ئینسان و سەرچاوەکانی ژیان، بۆیە خۆ لە شەڕ دەپارێزن و یەک دەگرن و لە ململانێدان بۆ بەهرە وەرگرتنی زیاتر لە سەرچاوەکانی سروشت. ئەگەر ئەو سەرچاوانەش لە وڵاتانی دواکەوتوودا بێ بۆ تاڵان کردنی پێکەوە کەڵەوەکێشی دەکەن. وەک ئورووپا کە یەکیەتی بەرفراوانیان پێک هێناوە و سنووری نێوان وڵاتانی خۆیان کەمڕەنگتر کردۆتەوە. کەچی لە وڵاتانی دواکەوتوودا شەڕ ساز دەکەن تا بە شەڕەوە سەرقاڵ بن و ئاگایان لەوە نەمێنێ کە تاڵان دەکرێن. لێرەشدا بۆ تاڵان کردنی سەروەت و سامانی وڵاتە لاوازەکان لە یەکتر پێشبڕکێ دەکەن.
هەر لە وڵاتانی پێشکەوتووشدا ئەگەر شەڕی چەکداری نەماوە، لە بواری بازرگانیدا ململانێ و ڕکابەری هەر هەیە و هەر کۆمپانیایەکی بازرگانی تێدەکۆشێ لەوانی تر پێش کەوێ و بەشێکی گەورەتر لە بازار داگیر بکا، تەنانەت بۆ لەناوبردنی یەکتر تێدەکۆشن. دەڵێن دوو بازرگانی ژاپۆنی و ئەمریکایی بە دارستانێکدا تێدەپەڕن. لەپڕ شێرێکیان لێ پەیدا دەبێ. بازرگانی ژاپۆنی خێرا جانتاکەی دەکاتەوە و جووتێک پێڵاوی ڕاکردن دەردێنێ و لەپێی دەکا. هاووڕێی ئەمریکایی لێی دەپرسێ:
- بۆ پێت وایە دەتوانی لە شێر خێراتر ڕا بکەی؟
- نا، بەڵام ئەوەندە دەزانم تەنیا هەنگاوێک وەپێش تۆ کەوم، خۆم ڕزگار کردووە.
کەونینە ناسان و مێژوونووسان پێمان دەڵێن کوردستان یەکەم مەڵبەندی دامەزرانی شارستانیەتە. کەوانەی بەپیت کە ساڵی 1914 بۆ یەکەم جار لە لایەن جەیمز هانری بریستێد[4] نووسەری کتێبی "سەردەمی کۆن یا مێژووی جیهانی قەدیم"ەوە باس کراوە، ناوچەیەکە لە جوغرافیای ڕۆژهەڵاتی ناوین کە لە خوزستانەوە بە هەموو زنجیرە چیای زاگڕۆسدا هەڵدەکشێ تا دەگاتە ڕۆخی زەریای سپی نێوەڕاست و هەموو چوار پارچەی کوردستان دەگرێتەوە. کورد لەم کەوانە بەپیتەدا لە دەهەزار ساڵ پێش ئێستاوە یەکەم دامەزرێنەری گوندنشینی، کشت و کاڵ، ئاژەڵداری و دەوڵەت بووە.
ناتوانین شانازی بەوانەوە بکەین لە کاتێکدا نەتەوەکانی تر کە دواتر سەریان هەڵ هێناوە دەوڵەتی خۆیان دامەزراندووە، بەڵام کورد هەر لە دوایە و خاوەنی سەروەری خۆی نیە. لە مەڵبەندێکدا کە کورد زیاتر لە دەهەزار ساڵە دەژی، تورکی عوسمانی هەزار ساڵ نابێ وەکوو کۆچبەر نیشتەجێ بووە و بووە بە خاوەن ماڵ. لە ماوەی 200 ساڵی یەکەمیدا ئیمپەراتۆرییەکی گەورەی پێک هێنا، کەچی کورد مافی ژیانی وەک نەتەوەیەک لەو وڵاتەدا نیە و بە تورکی کێوی دەناسرێ. لە ململانێ و ڕکابەری نێوان نەتەوەکاندا، ئەوان بەرە بەرە پێش کەوتوون و پەرەیان بە دەسەڵاتی خۆیان داوە، کەچی کورد لە هەموو بوارەکاندا دوا کەوتووە. ئەم دواکەوتنە تەنیا هی سەردەمی ئێستا نیە و دەردێکی کۆنە کە دەبێ بە وردبینی بخرێتە بەر خەسارناسی و لێکۆڵینەوە.
دیارە سەردەمی ئێستا دەردەکەمان گرانترە. تەنانەت تا دوای تێک شکانی کۆماری کوردستان و لە شۆڕشی ئەیلوول بەدواش خەڵکی کوردستان کۆمەڵێکی سوننەتی و عەشیرەتی بوون و یەک نەگرتن و دووبەرەکی و چەند بەرەکی نانەوە دیاردەیەکی ئاسایی بوو. هەر وەک لە ئورووپای سەردەمی سەدەکانی نێوەڕاست یا لە ئەمریکای دووسەد ساڵ پێش ئێستادا شەڕی نێوخۆیی دەکرا، لە کوردستانی پێش نیوەی دووەمی سەدەی بیستەمدا شەڕی نێوان دوو عەشیرەت لە هەموو لایەک دەبینرا. ئەگەر شەڕی عەشیرەتی بە بێ بەرنامە و بە هەڵکەوت ڕووی دەدا. سەردەمی ئێستا کە بۆ دنیای پێشکەوتوو سەردەمی پلان دانان و بەرنامە دانانی ستڕاتێژیکە بۆ دەبێ ئێمە وا بین؟
لە 500 ساڵی ڕابردوودا چەند ڕەوتی گرینگی ئاڵ و گۆڕ جێگەی سەرنجن، بەتایبەتی ئێمەی کورد دەبێ ئاگاداری بین:
3-1-لە سەرەتای ئەم 500ساڵەدا ئیمپەراتۆری عوسمانی دەوڵەتێکی تازە دامەزراو بوو، بەڵام لەو ماوە کورتەدا دەستی بە سەر وڵاتانی باڵکاندا گرت و لە 1453شدا بە داگیر کردنی قوستەنتەنیە (ئەستەمووڵ) پێتەختی ئیمپەراتۆری بیزانس، کە هەموو وڵاتانی ئورووپای دەگرتەوە، بوو بە زلهێزێکی سەردەمی خۆی. سەرەتای سەدەی شازدە لە شەڕی چالدێراندا شاسمایلی سەفەوی تێکشکاند و بەشێکی زۆر لە وڵاتی ئێرانی خستە سەر وڵاتی خۆی کە هەموو کوردستانی باکوور و باشوور و ڕۆژاوای دەگرتەوە. ئەم پەرەگرتنە تا کۆتایی ژیانی سوڵتان سولەیمانی قانوونی لە1566دا دریژەی بووە، بەڵام لە کۆتایی سەدەی 18 و بە درێژایی سەدەی19 بەرەو لاوازی ڕۆیشت و لە شەڕی یەکەمی جیهانیدا بە تەواوی تێکشکا، بەپێی پەیمان نامەی سایکس بەیکۆ لە بەریەک هەڵوەشا و لەسەر وێرانەکانی دەوڵەتی دژەکوردی تورکیە لە لایەن مستەفا کەماڵ ناسراو بە ئاتاتورک دامەزرا.
3-2- هەر لەم 500ساڵەدا سەرکەوتنی عوسمانی بوو بە هۆی ڕاچڵەکانی گەلانی ئورووپای بندەستی کلیسا. جوولانەوەیەکی بەهێزی هونەری، ئەدەبی، زانستی، سیاسی و فەرهەنگی دەستی پێ کرد و هەنگاو هەڵگرتنی ئەو وڵاتانە بەرەو پێشکەوتنی بەردەوام تا ئێستاش درێژەی هەیە و ڕاوەستانی نیە. لە هەلومەرجێکدا کە تارمایی هەڕەشەی پەلاماری عوسمانی بۆ سەر شوێنەکانی دیکەی ئورووپا دەردەکەوت، هاتنە سەر کاری دەسەڵاتی شێعەی سەفەوی و دژایەتی کردنی لەگەڵ عوسمانی سوننی مەزهەب کە شەڕی چاڵدێرانی لێ کەوتەوە و ئیمپەراتۆری عوسمانی ناچار کرد هەمیشە بەشی هەرە زۆری سپاکەی لە سنووری ئێران ڕابگرێ، ئەو مەترسییەی لە سەر ئورووپا کەم کردەوە. بۆسبیک[5] باڵوێزی ئوتریش(نەمسا) لە بارەگای سوڵتان سولەیمانی عوسمانیدا دەڵێ:"لە نێوان ئێمە و نابوودیدا تەنیا لەمپەر ئێرانییەکانن."[6]
ئەوە بوو کە ئورووپا، بەتایبەتی بریتانیا، بۆ پاراستنی خۆیان بە دنەدانی شێعە و سوننی، ئاینەکان، نەتەوەکان، دەستە و گرووپەکان لە دژی یەکتر، سیاسەتی "ئاژاوە بنێوە و دەسەڵاتداری بکە"ی گرتە بەر. گەلانی ناوچەیان بەر داوەتە گیانی یەکتر و لە دژی یەکتر تیژترمان دەکەن، سامانی وڵاتەکانمان تاڵان دەکەن و دوای 400ساڵ درێژەدان بەم سیاسەتە عوسمانییان لە نێو برد. دوای ئەوەش دۆزینەوەی نەوت خستنیە تەماحەوە، بۆ تاڵان کردنی باشتری ئەم سامانە سروشتییە پڕبایەخە شەڕی نێوخۆی ئێمە گەرمتر بکەن و ئێمەش بە دەستی خۆمان یارمەتییان دەدەین. وڵاتانی ئورووپایی کە تەنیا لە شەڕی دووەمدا زیاتر لە 40ملوێن هاووڵاتی خۆیان کوشت ئێستا پێکەوە لە ئاشتیدا دەژین و ئێمەی دواکەوتوو هەر لە شەڕداین و بە بەهای وێران کردنی ماڵ و وڵاتی خۆمان بۆ ئاوەدان کردنەوەی وڵاتانی ئەوان تێدەکۆشین. هەر شەڕێکی گەورە یا بچووک لەم ناوچەیەدا ئەگەر بە دنەدان و بەرنامەی زلهێزەکانیش نەبێ بە قازانجی ئەوانە و مەیدان بۆ پەرەگرتنی ئابووری ئەوان خۆش دەکا.
3-3- هەر لەم 500ساڵەدا دەسەڵاتی تازە دامەزراوی سەفەوی بۆ پەرەدان بە شێعەی سیاسی و بە دەسەڵات گەیاندنی بەردەوام هەوڵی داوە. دامەزراندن و پەرەپێدانی مەدرەسەی دینی و هێنانی زانای ئاینی شێعە لە لوبنانەوە بەشێک لەم سیاسەتە بوو. لە هەموو بڕگەکانی مێژووی سەردەمی قاجاریشدا پشتیوانی لێ کراوە، ئەگەر لە کاتی دەسەڵاتداری نادرشا و ڕەزاشادا بەرنگارییەک کرابێ، بزووتنەوەی ئاینی شێعە کاری خۆی کردووە و لە شۆڕشی گەلانی ئێراندا توانی بەڕێوەبەری شۆڕش بە دەستەوە بگرێ. سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی نەک هەر بۆ پاراستنی شۆڕش لە پەلاماری هێزە سیاسییەکانی نێوخۆ و دەرەوە تێدەکۆشێ بەڵکوو لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێرانیش پشتیوانی لە بزووتنەوە ئیسلامییەکان بەتایبەتی بزووتنەوەی شێعە بە ئەرکی خۆی دەزانێ.
لەبەر چاو نەگرتنی مافی وەک یەک بۆ شێعە و سوننی لە قانوونی ئەساسیدا، توندئاژۆیی هێندێک لایەنی دەسەڵات لە دژی خەڵکی سوننی مەزهەب لە کوردستان و بلووچستان و خووزستان کە بە شێوەی چەکدارانە یا بە شێوەی مەدەنی لە دژی ئەو هەڵاواردنانە هاوار دەکەن و دەنگی خۆیان بەرز دەکەنەوە، یەکیەتی و برایەتی گەلانی ئێرانی لاواز کردووە و لە دەرەوەی سنووریش یەکیەتی وڵاتانی ئیسلامی خستۆتە مەترسی. ئەوەش کەلێنێکە بۆ دەست تێوەردانی دەرەکی و ئەو شەڕانەی لە مەنتەقەدا ڕوو دەدەن و ئاسایشی نیشتمانی دەخەنە مەترسییەوە. ئەگەر حکوومەت بە دادپەروەری و لێزانی ڕێگەی بەرەوڕوو بوونەوە لەگەڵ توندترین کێشەکان نەدۆزێتەوە و ڕێگە چارەی دوور لە توند و تیژی نەگرێتە بەر، درێژەدان بەو سیاسەتە گەورەترین مەترسی دەخاتە لە سەر نەزمی دەسەڵاتداری.
3-4- لە درێژەی ئەم 500ساڵەدا لە کوردستان دەیان و سەدان ڕاپەڕین و کارەساتی گەورە و بچووک ڕوویان داوە کە لێکدانەوەی یەک بە یەکی ئەو ڕووداوانە پێمان دەسەلمێنن زیاتر لەوەی گەلان و وڵاتانی دراوسێ و بیانی بە تاوانبار بزانین دەبێ سەرکۆنەی خۆمان بکەین کە بۆچی لە ململانێی وڵاتان بۆ پێشکەوتندا دوا کەوتووین؟ بۆچی لەگەڵ خۆمان لە کێشەدا بووین و یەکگرتنمان بە کەم گرتووە؟ بۆچی بۆ ناسینی دۆست و دوژمنی خۆمان کەمتەرخەمیمان کردووە و فریوی دوژمنمان خواردووە؟ و بۆچی سەرەڕای ئەمانەش دەرس لە ڕابردوو و لە مێژووی خۆمان وەرناگرین، دوای هەر تێکشکانێک تووشی تێکشکانێکی تر دەبین؟ گرینگی مێژووی 500ساڵەی کوردستان لەوەدایە کە سەرەتای پرسی کورد یا کێشەی کورد یا دەردەکورد لە شەڕی چاڵدێران (1514)ەوە دەست پێدەکا کە بووە بە هۆی دابەش بوونی وڵاتی کورد بە دوو بەشی ژێردەستی ئێران و عوسمانی. نەتەوەی کورد کە لە سەرەتای مێژووی شارستانیەتەوە خاوەن و دانیشتووی ئەم وڵاتە بووە، بەشی گەورەتری کەوتە ژێردەستی نەتەوەی تورک کە لە هاتن و بە دەسەڵات گەیشتنی لەم مەڵبەندەدا لە 800 ساڵ زیاتر تێ ناپەڕێ.
کەمینەیەکی کورد لە ئێراندا مایەوە کە بە هۆی جیاوازی ئاینەوە لێرەش کە وڵاتی لەمێژینەی خۆی و باوک و باپیرانی خۆیەتی بە کەمینە دێتە ئەژمار. هەر جوولانەوەیەک بۆ گەیشتن بە مافی بەرابەر بە جیاوازی خوازی دادەنرێ. ڕاستە ئێستا کورد لە ئێراندا کەمینەیە و تێدەکۆشێ لەگەڵ پارچەکانی تر یەک بگرێ، بەڵام هەرگیز نەیویستووە لە ئێران جیا بێتەوە. کورد خۆی بە خاوەن و بناخەدانەری فەرهەنگ و شارستانیەتی ئێران دەزانێ.
3-5- ئەوەی کە ئێمەی کورد هەر دەڕۆین و پێ ناگەین نیشانەی نەبوونی ستڕاتیژی و هەوڵدانی بێ بەرنامەیە. داستانی ئێمە حیکایەتی ئەو وەستا نادرەیە کە هەموو ڕۆژێ تا ئێوارە خشتی لە سەر یەک دادەنا و دیواری هەڵدەچنی، ئێوارە هاواری دەکرد: "خەڵکینە ڕەحمەتی خواتان لێ بێ خۆتان لا دەن نەبن بە ژێرەوە"، دیوارەکە دەڕووخا. لە ئەدەبیاتی حیزبدا جاروبار بە هەڵکەوت وشەی ستڕاتیژی بەر گوێمان دەکەوێ. کاک ئەمیری قازی لە کتێبی بیرەوەرییە سیاسییەکانیدا لانی کەم پازدە جار ئەم وشەیەی دووپات کردۆتەوە، کاک حسەینی مەدەنی دوو بەرگ کتێبی بە ناوی"کورد و ستڕاتێژی نێو دەوڵەتان" نووسیوە و بڵاوی کردۆتەوە، بە بێ ئەوەی چووبێتنە سەر باسی دانانی ستڕاتیژی بۆ حیزب و گەلی خۆیان. ستڕاتێژی لە ئەسڵدا بۆ هێزی سەربازی و شەڕ بە کار دەهێنرا. وشەی ستڕاتووس[7] وشەیەکی یۆنانییە بە مانای لەشکر و هێزی سەربازی. لە نیوەی دووەمی سەدەی بیستەمەوە بۆ کار و باری بازرگانی کەلکی لێ وەرگیراوە و لە هەر دوو بواردا مرۆڤ هان دەدا بۆ تێ فکرین لە داهاتوو و بیرکردنەوەی ستڕاتێژیک. بۆ ڕوون کردنەوەی ئەم باسە بە زمانێکی سادە: لە کۆمپانیایەکی بیناسازی چ بۆ دروست کردنی بینایەکی چەند قات، چ بۆ بە ئەنجام گەیاندنی پڕۆژەی شارۆچکەیەکی گەورەی نیشتەجێ بوون، لە زانستی بەڕێوەبەری پڕۆژە کەلک وەر دەگیرێ کە وەک نموونەی ستڕاتێژی باسەکەمان بۆ ڕوون دەکاتەوە. پێش هەموو کارێک ئامانج دەبێ ڕوون بکرێتەوە و بە زانست و بوودجە و تەکنۆلۆژی بەردەست ئەنجامدانی گونجاو بێ. بۆ وێنە عەرەبستان دەیەوێ تا ساڵی 2030 شاری تازەی نیئۆم[8] دروست بکا، تێچووی پڕۆژەکەش 500میلیارد دۆلارە. ئەگەر دەوڵەتێکی کەم دەسەڵات بە بوودجەیەکی 10 میلیارد دۆلارییەوە پڕۆژەیەکی وا بکا بە ئامانج، لە خەیاڵ پڵاو بەدەر کارێکی نەکردووە. دیاری کردنی ئامانجێکی گونجاو مەرجی سەرەکی سەرکەوتنی هەر بەرنامە و پڕۆژەیەکە.
لێکدانەوەی هەل و مەرجی نێوخۆ و دەرەکی بەشێکی تر لە بەرنامەی ستڕاتێژیکە. لە نێوخۆدا دەبێ لە خاڵی بەهێز[9] و خاڵە لاوازەکانی خۆی[10] بڕوانێ. بۆ وێنە سەرنجی ئیمکاناتی پێویست بۆ پڕۆژەکە و دەسەڵاتی خۆی بدا. ئایا سەرچاوەی ئینسانی وەک ئەندازیار و وەستاکار و کرێکار، سەرچاوەی دارایی بۆ هەقدەستی ئەوانە و کڕینی کەرستەی بیناسازی و ئامراز و پێداویستییەکانی دیکەی لە بەر دەستدایە؟ یا ئەگەر ئێستا ئامادە نیە لە کاتی خۆیدا بۆی ئامادە دەکرێ یا نا؟ هاوکات لە هەلومەرجی دەرەکیش بکۆڵێتەوە تا تێ بگا ئەنجامدانی ئەو پڕۆژە لەو هەلومەرجەدا بە دەرفەت[11] ێکی باش هەڵدەسەنگێندرێ؟ یا مەترسی[12] یەکی چاوەڕوانکراو هەڕەشەی لێ دەکا؟ بۆ وێنە ئەگەر هەر لە ئێستاوە دەرەتانی پێش فرۆش کردنی ببێ و پێشوازی خەڵک بەرچاو بێ داهاتووی باشی بۆ ڕەچاو دەکرێ، ئەگەر شوێنەکە ڕووخەک نەبێ یا مەترسی شەڕ، بوومەلەرزە و لافاو و ....ی لەسەر نەبێ ئەودەم ئامادەیی بۆ دەست بە کار بوون ڕادەگەیەنن.
سەرجەم ئەم لێکدانەوە بە SWOT (وەرگیراو لە پیتی یەکەمی ئەو چوار هەنگاوە) دەناسرێ و دوای دڵنیا بوون لە گونجاو بوونی، بۆ دەست بە کار بوون خێرا ئامراز و کەرستە و ئەندازیار و وەستا و کرێکار نانێرنە سەر کار، پێش هەموو شت و پێش لەوەی قوڵینگ بدرێ بە زەویدا، لە سەر کاغەز و مۆنیتۆری کامپیوتەر دیزاین و نەخشەی میعماری و سازەی پڕۆژەکە بە هەموو وردەکارییەکانیەوە ئامادە دەکەن و لیستەی هەموو پێداویستییەکانی لە ژمارە و نەوعی کاشی و خشتەوە بگرە تا چێمەنتۆ و شیشی ئاسن و درگا و پەنجەرە و.... دێننە سەر کاغەز. دیسانەوەش هێشتا کاتی دەست بە کار بوون نەهاتووە. زانستی بەڕێوەبەری پڕۆژە[13] پێمان دەڵێ کە دەبێ قۆناغ بە قۆناغ کات و بەرنامەی دارایی و کارەکەی دیاری بکرێ. بە دانانی خشتەی گانت[14] کاتی دەست پێ کردن و تەواو کردنی هەر قۆناغێک لە پڕۆژەکە بە وردی دیاری بکرێ و لە ڕۆژی یەکەمەوە ڕادەگەیەندرێ کە دوای ...ساڵ و...مانگ و ...ڕۆژ هەموو پڕۆژەکە تەواو دەبێ و لە فڵانە ڕۆژدا تەحویلی خاوەن کار دەدرێ. ئەگەر گیر و گرفتێکی چاوەڕوان نەکراو لە قۆناغێکدا هاتبێتە پێش درەنگ و زووی تەواو بوونی پڕۆژە لە چەند ڕۆژ زیاتر تێ ناپەڕێ. بەڵام نە بە شێوەی دیوارەکەی وەستا نادر دەڕووخێ و نە لە نیوە ڕێگادا پڕۆژەکە دەوەستێ، چونکوو لە پێشدا هەموو شت بە ئەندازە دیاری کراوە.
بۆ سەرکەوتن و بە ئامانج گەیشتن هەوڵ و تێکۆشان و فیداکاری پێویستە، بەڵام لەوانە پێویستتر دانانی ستڕاتێژی دروست و زانستییە. ئەگەر ئامانج و بەرژەوەندمان ڕوون و گونجاو بێ، لە لێکدانەوەی SWOTدا بە تەواوی لە دروست بوونی هەلومەرج دڵنیا بین، لە کاتی دیاریکراودا بە ئامانجی دیاریکراو دەگەین. هەوڵەکانمان بێ ئاکام نابن و قەڵای ئاوات و ئامانجی دواڕۆژمان وەک دیوارەکەی وەستا نادر ناڕووخێ.
هۆی سەرەکی بە ئامانج نەگەیشتنی خەبات و تێکۆشانی ئێمە ئەوەیە کە هیچ بەرنامە و پلان و ستڕاتێژییەکی بە ئەندازە و حیسابمان بۆ داهاتوو نیە. بەڵگەی باش بۆ ئەم باسە لە فەرمایشەکانی بەڕێوەبەرانی حیزبی دیمۆکراتی کوردستاندا دەردەکەوێ. لە وەڵامی کاک سۆراندا کە دەپرسێ:"ئایا حیزبی دیمۆکرات هیچ ئامادە سازییەکی کردبوو بۆ ڕوودانی شۆڕشی 79 یا 57 لە ئێران؟..." بەڕێز کاک مەلا ڕەسووڵ بە ڕاشکاوی دەڵێ: "وەک واقعیەت ئێمە ئەو وەختی تەشکیلاتێکی وامان نەبوو." لە درێژەدا دەڵێ:"هیچ ئامادەکارییەک بەو شێوە نەبوو، ئێمە لە پڕ بە سەردا کەوتین...."
بەڕێز مامۆستا حەسەن زادەش لە لاپەڕە 122ی کتێبی "نیو سەدە تێکۆشان"دا دەڵێ:"ڕووداوەکان ئەوەندە خێرا دەچوونە پێش کە ئێمە پێیان ڕانەدەگەیشتین. بەتایبەتی کە هەم ماوەیەکی زۆر بوو لە وڵات دوور بووین و هەم بە هێندێ بڕیاری وشک دەست و باڵمان بەسترابوو. بۆیە زۆرم نەگوتووە ئەگەر بڵێم وەختێک ڕیژیمی شا ڕووخا، لە ڕاستیدا بە سەرماندا ڕووخا. چونکە لە هیچ بارێکەوە خۆمان بۆ ئامادە نەکرا بوو. کادری پێویستیشمان بۆ وەڵام دانەوەی ئەرکەکانی ئەو قۆناغە بۆ پەروەردە نەکرابوو کە هیچ، هەر نەشمانبوو."
ئەم دوو فاکتە نیشان دەدەن کە بەڕێوەبەری حیزب چەندە لەگەڵ پلان دانان و دیاردەی ستڕاتێژی نامۆن. دەنا ئەگەر بە شێوەی زانستی ستڕاتێژی و پلان بۆ خەباتی حیزب دانرابا، نەدەکەوتنە گێژاوی سەر لێ شێواوی. سەردەمی پێشەوا قازی و پێش ئەوان، نەک هەر لە کوردستان و ئێران و وڵاتانی دەوروبەر، لە هێندێک وڵاتانی تریش بەڕێوەبەری ستڕاتێژیک لە ئارادا نەبوو، بەڵام سەردەمی شۆڕشی گەلانی ئێران بۆ حیزبێکی مۆدێڕن و پێشکەوتوو، بە ڕێبەری زانایەکی ژیر و لێزان وەک دوکتۆر قاسملوو، مامۆستای زانکۆکانی ئورووپا کە نەک هەر لە نێو بەڕێوەبەرانی کورد و ئێران، بگرە ئورووپادا کەسایەتییەکی هەڵکەوتە و کەم وێنە بوو. زۆر سەیرە کە دوای 14ساڵ ڕێبەرایەتی، بە بێ دانانی بەرنامە و نەخشەڕێگا و ستڕاتێژی، بە بێ لێکدانەوەیSWOT و بە بێ خۆ ئامادە کردن دەست بداتە شۆڕشێکی بەربڵاوی نەتەوایەتی.
هەر لەم 500ساڵەدا ئێمەی کورد چمان کردووە؟ سەرەتای دەردەکورد بەوە دەستی پێ کرد کە سوڵتان سەلیمی عوسمانی بۆ قەرەبوو کردنەوەی یارمەتی عەشیرەتە کوردەکان داوای لێ کردن سەرکردەی خۆیان دیاری بکەن تا وەک سەرۆکی کوردستان حوکمی بۆ بنووسرێ. یەکیان نەگرت و وەک مامۆستا جەمیل ڕۆژبەیانی لە کتێبی "فەرمانڕەوایی موکریان"دا دەنووسێ: "سوڵتانی عوسمانی بە هۆی مەلا ئیدریس بدلیسییەوە فەرمانی 16 سەردارێتی بۆ سەرۆکە کوردەکان مۆر کرد و مەلاش ئەمەی پێ باشتر بووە لەوەی کوردستان بکات بە یەک دەسەڵات، چونکوو زانی بووی سەرۆکەکانی کورد سەر بۆ خەڵک دادەچەمێنن، بەڵام کەسیان سەر بۆ یەکتر داناچەمێنن."
هەر لەم پێوەندییەدا دوکتۆر شەمسی محەمەد ئەسکەندەر لە کتێبی "تاریخ کرد در قرن 16 میلادی" وەرگێڕاوی موحسین جەڵدیانیدا دەڵێ:"شەڕی خوێناوی لە سەر داگیر کردنی کوردستان (1514ی ز.) لە ئاکامدا بە سەرکەوتنی حکوومەتی عوسمانی کۆتایی هات. بە موبارەکی ئەو سەرکەوتنە سوڵتان سەلیم لە ڕێگەی مەولانا ئیدریس بدلیسییەوە 500 دیاری بەنرخ و 17 ئاڵای بۆ سەرکردە کوردەکان نارد".
دوکتۆر جەلیل جەلیل لە لاپەڕەی ٧٣ی کتێبی "کردهای امپراتوری عثمانی" وەرگێڕاوی صلاح الدین آشتی دا دەڵێ:"بە دەستووری سوڵتان سەلیمی یەکەم لە ساڵی 1515دا لە مەڵبەندە کورد نشینەکاندا 18 میرنشین دامەزران کە دوای ماوەیەکی کورت ژمارەیان گەیشتە 55"
لەو ڕۆژەوە تا ئێستا دەیان نموونەی وامان لە یەک نەگرتنی کورد هەیە کە بوونەتە هۆی بە ئامانج نەگەیشتنی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد. دوور نەڕۆین هەر ئەو ناتەبایییانەی کە لەم وتووێژەدا دوو تێکۆشەری دڵسۆز، بەڕێزان کاک مەلا ڕەسووڵ و کاک مستەفا شەڵماشی لە مێژووی حیزبی دیمۆکراتی کوردستاندا ئاماژەیان پێ کرد، وەک ناتەبایی نێوان شۆڕشی ئەیلوول و ئەندامانی ڕێبەرایەتی حیزبی دیمۆکرات، ناتەبایی نێوان ڕێبەری شۆڕشی ئەیلوول و مەکتەب سیاسی، ناتەبایی نێوان ئەحمەد تۆفیق و دوکتۆر قاسملوو، ناتەبایی نێوان شۆڕشی ئەیلوول و سەدیق ئەنجیری ئازەر، ناتەبایی نێوان شۆڕشی ئەیلوول و سولەیمان موعینی،..... تا دەگاتە چەندین جیا بوونەوە و لەت بوونی حیزبی دیمۆکرات و.... کە هەر کامیان زامێکن لە سەر جەستەی دەردەداری کورد.
هەتا بزووتنەوەی کورد خەباتی فەرهەنگی بخاتە پشت گوێ و بە پشتگەرمی بێگانە و وڵاتانی دراوسێ چەک هەڵبگرێ و دڵی بە خەباتی چەکداری خۆش بێ، ئەم داستانە دووپات دەکرێتەوە و لە ئامانجی سەرەکی نەتەوەکەمان دوور دەکەوینەوە. وەسیەتنامەی پێشەوا و دیوانی شیعری هەموو شاعیرانی کورد پڕە لە هاوار بۆ یەکیەتی و یەکبوون، کەچی بەداخەوە هەزار هاوار بە پووشێک.
بە کورتی بڵێم لەم 500ساڵەدا ڕۆژاوا(ئورووپا و ئەمریکا) بەرەو پێش دەڕۆن. ئێمەش لە ئەزموونەکانی ڕابردوومان دەرس وەرناگرین و جار لەگەڵ جار بە بەهای گیانی پڕبایەخی خوێنی سەدان و هەزاران شەهید و ماڵوێرانی کۆمەڵانی خەڵک هەر بەو ڕێبازە پڕمەترسییەدا دەڕۆین کە دەیان جار تاقی کراوەتەوە. بە خۆشییەوە لاوەکانمان ڕێبازی پێشکەوتنی فەرهەنگی و زانستییان گرتۆتە بەر کە مزگێنی دواڕۆژێکی گەشەدارمان پێ دەدا، ئەگەر سەرمان لێ نەشێوێنن. ئەگەر بەرنامەی ستڕاتێژیک بە شێوەی زانستی ڕێبەر و ڕێ نیشاندەری خەباتمان بێ، ئەگەر ئامانجی دواڕۆژی دوور و نزیکمان خەیاڵی نەبێ و ڕوون و گونجاو و شیاو بێ، ئەگەرلە ئەندازەی هێز و توانای خۆماندا ئەرک بخەینە سەر شانی خۆمان و گەلەکەمان و وەک "ڕێوی بە فیشاڵ"ەکەی مامۆستا هەژار خۆ بە زل زان نەبین، دۆستایەتی ئەو کەس و لایەنانە بکەین کە لە ڕاستیدا دۆستی ئێمەن، ئەگەر خاڵە لاوازەکانی خۆمان بە باشی بناسین و بۆ نەهێشتن و بەهێز کردنیان هەوڵ بدەین، دوژمنی بڕبڕەی پشتمان بە دۆستی خۆمان نەزانین، ئەگەر لە دەرفەتەکانی ژیان بە باشی کەلک وەر گرین و خۆمان بە بەرنامەی دروست ئەو دەرفەتانە بڕەخسێنین، نەوەک بەتەمای قەزا و قەدەر دانیشین تا خەڵکی تر دەرفەت بخوڵقێنین و سواری شەپۆلەکانی شۆڕشی ئەوان بین. ئەگەر چاوکراوە بین و ژیرانە ئاگاداری هەڕەشە و مەترسی سەر ڕێگامان بین و هێمن گوتەنی کەند و کۆسپ هەنگاومان پێ شل نەکا و بە هێزی شان و باهۆمان پشت ئەستوور بین، بە بێ هیچ شک و گومانێک دەگەینە ترۆپکی ڕزگار بوون.
خۆ نابێ وەک دیوارەکەی وەستا نادر هەموو ڕۆژێک دیوار هەڵچنین و ئێوارەش بە تەمای ڕووخانی بین.
سهرچاوهكان
[1] کەریمی حیسامی – لە بیرەوەرییەکانم – بەرگی هەشتەم – ستۆکهۆڵم ١٩٩٢ – لاپەڕە ٦٢ و ٦٣
[2] جەلیل گادانی – با نەبێتە درۆی پاش مردوو – ٢٠٠٠ – لاپەڕە ٨٧ و ٨٨
[3] حامیدی گەوهەری - ڕاستییەکان بۆ خۆیان دەدوێن – لە وەڵامی با نەبێتە درۆی پاش مردووی جەلیلی گادانی – لاپەڕە ٢٠ و ٢١
[4] James Henry Breasted
[5] Bosbeeq
[6] دکتر عبدالحسین نوائی – ایران و جهان- چاپ اول – تهران ١٣٦٤ ٌص152
[7] Stratus
[8] NEOM
[9] Strengths
[10] Weaknesses
[11] Opportunities
[12] Threats
[13] Project Management
[14] Gantt Chart