رونكردنه‌وه‌ی فاروق كه‌یخوسره‌وه‌ی له‌سه‌ر به‌شداربووانی به‌رنامه‌ی "حیزبی دیموكرات له‌ دامه‌زراندنییه‌وه‌ تا ئه‌مڕۆ"

ژمارەی بینەر 2763

2024-11-11

به‌شی یه‌كه‌م

پێشەکی:

  بەر لە ئامادە کردنی ئەم بەرنامەیەی "دامەزراوەی چار" بەڕێز کاک ئەمین سورخابی پێوەندی پێوە کردم  داوای کرد منیش وەک لایەنێک لە دیبەیتەکەدا بەشداری بکەم. زۆرم پێ خۆش بوو، بەڵام کزی شەبەکەی ئەنتێڕنێت و لاواز بوونی ئامرازەکانی بەردەستم بوون بە هۆی بێ بەش بوونم لەو بەرنامەیە   https://www.youtube.com/watch?v=GGaPmyddMy4

 . پێم خۆش بووکە دوای ٣٤ساڵ  بۆ یەکەم جار بەرانبەر بە دوو تێکۆشەری دێرینی حیزب و دوو هاوڕێی کۆنی خۆم دانیشم بۆ لێکدانەوەی هەڵە و سەرکەوتنەکانی ڕابردوو، بەشێک لە ئەزموونەکانی خۆمان بۆ بەرەکانی داهاتوو تۆمار بکەین. ئێستا کە ئەو بەشداری کردنەم بە نەسیب نەبوو، لەم ڕێگایەوە بیر و بۆچوونی خۆم سەبارەت بە هەڵوێستی پێڕەوانی کۆنگرەی چوار ڕادەگەیەنم و دەینێرم بۆ برادەرانی ئازیزم لە دامەزراوەی چار تا بە هەر شێوەیەک خۆیان بە باشی بزانن بە ئاگاداری بەڕێزان کاک مەلا ڕەسووڵ پێشنماز و کاک مستەفا شەڵماشی و هەموو بینەران و بیسەران و بەردەنگەکانی دامەزراوەی چاری بگەیەنن. بەو هیوایەی ئاوێک بە سەر ئاگری شەڕ و ناکۆکی نێوان هێزە نیشتمانییەکاندا بکرێ، لەوە زیاتر هێز و توانای دڵسۆزانی کورد و کوردستان بۆ لاواز کردن و داپڵۆسینی یەکتر نەخرێنە کارو چەواشە کردنی مێژووی کوردستان سەر لە بەرەکانی داهاتوو نەشێوێنێ.

 بە پێویستی دەزانم سپاسی ئەو دوو تێکۆشەرە بەڕێزە بکەم کە بە زمانێکی پاراو کورتەیەک لە مێژووی حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێرانیان خستە بەر باس، هەرچەند هەموو فەرمایشەکانیان ڕاست و بێ هەڵە نەبوو. جاری وایە شاڵاوی پڕۆپاگەندە و دروشمی توندی سیاسی، لایەنگری و عەشق و خۆشەویستی لایەنێک، یان پەلاماری بەربڵاوی بێڕەحمانە بۆ سەر لایەنێکی تر سنووری نێوان دروست و نادروست یا ڕاستی و درۆ وا دەشێوێنێ کە خۆشت بە خۆت نازانی تووشی چ هەڵەیەک بووی. لێرەدا دەمەوێ، زۆر دۆستانە و بە دوور لە شەڕەقسە و سووکایەتی کردن ، بە هەڵسەنگاندنی بەیان و وتار و نووسراوەکان هەندێک لەو هەڵە و کەم و کورتییانە ڕوون کەمەوە.  ئەو گفتوگۆیانەش وەک کتێب و نووسراوە لە مێژوودا تۆمار دەکرێن. باش وایە مێژووی هەر بزووتنەوە و ڕووداوێک لە چەند ڕوانگەی جیاوازەوە بخرێتە بەر سەرنج تا خوێنەر بە بۆچوونی خۆی لێکی بداتەوە و لە ڕاستییەکان ئاگادار بێ.

ڕوون کردنەوەکان:

  1. مێژووی کوردستان

           هەر دوو برای بەڕێز لە باسی مێژووی حیزبی دیمۆکراتی کوردستاندا بە بێ ئەوەی ئاوڕێک لە مێژووی کۆن و هاوچەرخی کوردستان بدەنەوە بازیان داوەتە سەر ڕووداوی دامەزراندنی کۆمەڵەی ژ.ک. ئەویش  وەک کاک مستەفا ئیشارەی پێ کرد، بەشێکە لە مێژووی حیزب. بینەر و بیسەری ئەم باسە، ئەگەر کوردێکی ناشارەزا لە ڕابردووی نەتەوەکەی بێ، وادەزانێ دامەزرێنەران لە کەش و هەوای دوای کۆتایی هاتنی سەردەمی ڕەزاشا لە کوردستاندا ئاژاوەیەکیان ناوەتەوە، خەڵک و وڵاتیان تووشی قەیرانێکی خراپتر کردووە کە ئێستاش پێوەی دەتلێینەوە. بە ئیجازەی هەر دوو بەڕێز زۆر بە کورتی ئاوڕێک لە مێژووی ئەو سەردەمە دەدەینەوە تا خەڵکی تر لە هۆکارەکانی ئاگادار بن و هەق بدەن بەوانەی ئەم حیزبەیان دامەزراندووە.  بێ گومان ئەو کارەش بێ هەڵە نەبووە و دەبێ هەڵەکانی خەسارناسی بکرێ. لە بەشێکی تری ئەم باسەدا ئاوڕێک لە مێژووی کۆن دەدەینەوە. لێرەدا زۆر بە کورتی باسی مێژووی کورد لە  سەردەمی سەفەوی بەدواوە دەکەین، کە کێشەی ئێستامان وەک مەسەلەی کورد یا دەردەکورد لەوێڕا دەست پێ دەکا. شا سمایلی سەفەوی بە دامەزراندنی حکوومەتێکی شێعە و هەوڵی زۆر بە پەلەی بۆ پەرەپێدانی، ڕێگەی بۆ شەڕی چاڵدێران لەگەڵ دەوڵەتی عوسمانی خۆش کرد. لەو شەڕەشدا پشتی بە عەشیرەتە کوردەکان نەبەست کە بەهانایەوە هاتبوون. کورد پاڵی بە دەوڵەتی عوسمانییەوە دا و شاسمایل تووشی تێک شکانێکی زۆر سەخت بوو. وڵاتی کورد دوو لەت کرا  و بەشی هەرە گەورەی کەوتە سەر وڵاتی عوسمانی. یەک نەگرتنی سەرۆکە کوردەکان بۆ دیاری کردنی کەسێک وەک سەرۆکی گشتی کوردستان و دامەزراندنی دەسەڵاتێکی کوردی، لە پاداشی ئەو هاوکارییەدا، بوو بە هۆی لێک بڵاو بوونیان و دوای ماوەیەک دەوڵەتی عوسمانی کەوتە قەلاچۆ کردنیان.

   میرنشینە کوردەکانی عوسمانی وەک عەبداڵ خانی بتلیس و دەسەڵاتی میر محەممەدی ڕەواندز و بەدرخانییەکان ڕووخێندران. شۆڕشی شێخ عوبەیدیللا بە هاوکاری دوو حکوومەتی قاجار و عوسمانی سەرکوت کرا. بریتانیا و فەڕانسە و ئیتالیا کە لە سەردەمی سوڵتان محەممەدی فاتیح بەدواوە لە بیری تۆڵە سەندنەوە لە دەوڵەتی عوسمانی و تێکدانی دەسەڵاتەکەیدا بوون. لە ماوەی 400 ساڵدا یارمەتی حکوومەتی سەفەوی و قاجاریان دا کە عوسمانی پێ لاواز بکەن. عەرەب و کورد و تەنانەت ئەفسەرە گەنجەکانی تورکیان لە دژی دەوڵەتی سوڵتانی عوسمانی هاندا.

 لە ئاکامدا دوای کۆتایی هاتنی شەڕی یەکەم پەیمانی سایکس بەیکۆ بڕیاریدا ئیمپەراتۆری عوسمانی هەڵوەشێتەوە. لە پەیمانی سێڤردا بڕیار درا لە ناوچە کوردنشینەکان لە سەر وێرانەکانی دەوڵەتی عوسمانیدا دەوڵەتێکی کورد دابمەزرێ، لەبەر یەک نەبوونی کورد دیسانەوە هەلێکی گرینگی مێژوویی لە دەست چوو، کوردستانی عوسمانی لە نێوان سێ دەوڵەتی تازە دامەزراوی تورکیە و سووریە و عێراق دابەش کرا. بزووتنەوەی شێخ مەحموود، شێخ سەعید، ئیحسان نووری پاشا و سەید ڕەزای درسیم و سمکۆی شکاک لە خوێندا گەوزان. ئەم ڕابردووە خوێناوییە بۆ نەتەوەیەکی لاوازکە هەموو مافەکانی پێشێل کرابوو پڕ بوولە دەرد و ئازار. لە دوای ڕاونانی ڕەزاشا لە ئێران دەرفەتێک لە کوردستانی ڕۆژهەڵات هەڵکەوت کە ڕێکخراو و حیزبی وەک کۆمەڵەی ژ.ک. و سێ ساڵ دواتر حیزبی دیمۆکراتی کوردستان دابمەزرێ. لەو سەردەمەدا وڵاتانی ڕۆژاوا لە دوای کۆتایی هاتنی شەڕێکی ماڵ وێرانکەری جیهانی تووشی قەیرانی گەورەی ئابووری ببوون ولە حاڵ و وەزعێکی باشدا نەبوون کە سەرنجی گەلانی زۆرلێکراوی ڕاپەڕیو بۆ لای خۆیان ڕابکێشن، بەڵام بزووتنەوەی باڵشویکی و دەوڵەتی سووسیالیستی یەکیەتی سۆڤیەت وەک ئاڵا هەڵگری شۆڕشێکی بەربڵاوی کۆمەڵایەتی و ڕزگاریخوازی خۆی دەنواند و سەرکەوتنی لە بەرەکانی شەڕ بەتایبەتی لە خۆڕاگری ستالینگراد ئەوەندە گرینگ و سەرنج ڕاکێش بوو کە گەلانی زۆرلێکراوی ئێران و دەور و بەر نموونەی یەکیەتی سۆڤیەتیان کردبوو بە سەرمەشقی داهاتووی خۆیان. عارفی قەزوێنی شاعیری موسڵمانی مەشرووتە خواز لە شیعرێکدا دەڵێ:

بلشویک است خضر راه نجات        

بر محمد و آل او صلوات

         بزووتنەوەی کوردیش لەم پێشوازیی و سەرمەشق وەرگرتنە بێ بەش نەبوو. مامۆستا هەژاردەڵێ:

سەلام ئەی مۆسکۆ قەڵای ئازادی

پەنای هەژاران سەرچاوەی شادی

        مامۆستا هێمن دەڵێ:

دێدە گیان کچی کوردی ژیکەڵە

داوێنی پاکت  دوور بێ لە پەڵە

لێنین ڕاپەڕی ماڵی چار  شێوا

تۆ هێشتا حەبسی لەژێر چارشێوا

        لەوکاتەدا دوو زلهێزی یەکیەتی سۆڤیەت و بەریتانیا لە باکوور و باشوورەوە ئێران داگیر دەکەن و لە کوردستان و ئازەربایجان هەل و مەرجی لەبار بۆ دامەزرانی حیزبی دێموکڕات و فیرقە پێک دێ. کاتێک پێشەوا قازی محەمەد بۆ ئەندامەتی کۆمەڵەی ژ.ک. بانگهێشت دەکرێ، بە وردبینی و ژیری خۆی تێدەگا کە لە ڕێکخراوەیەکی داخراودا  بەبێ هاوپەیمانی لەگەڵ بزووتنەوەی ئازادیخوازی گەلانی دیکەی ئێران و بە بێ پشتیوانی دۆستانی گەلی کورد لە وڵاتانی دەوروبەر و لە ئاستی جیهانیدا گەیشتن بەو ئامانجانە مسۆگەر نیە.

 ئەوە بوو کە پێشەوا لەگەڵ پاراستنی بیر و باوەڕی ئاینی خۆی دۆستایەتی یەکیەتی سۆڤیەت و حکوومەتی ئازەربایجانی بە پێویست دەزانی. کۆماری کوردستان لە سەر ئەو بنەمایە ساز کرا وبەداخەوە زۆر زووش تێک چوو کە لێرەدا باسی دەسکەوت و هۆیەکانی تێکچوونی ناکەین. ئەم تێکشکانەش دەچێتە پاڵ ئەوهەمووە هەوڵە بە ئامانج نەگەیشتوانەی ڕابردووی مێژووی کورد کە دواتر بەتێکڕا دەخرێنە بەر باس و لێکۆڵینەوە.

 لە دوای ڕووخانی کۆماری کوردستان و لە سێدارە دانی پێشەوا و هاوڕێکانی لە زستانی ساڵی ١٣٢٥ (1947) و بەهاری 1326 (1947) بۆ ماوەیەک بێ دەنگی باڵ بە سەر بزووتنەوەی کورد لە کوردستانی ئێراندا دەکێشێ. بەڵام ئەو بزوتنەوەیە وەک پشکۆی بن خۆڵەمێش لە لایەکی دیکەوە دەگەشێتەوە. ڕاوەستانی قارەمانانەی پێشەوا کە نیشتمانی خۆی بۆ پاراستنی گیانی هاونیشتمانان بەجێ نەهێشت و خۆنەویستانە شەهید بوونی هەڵبژارد، وەک ڕووداوێکی حەماسی بۆ هەموو سەردەمەکان بووە هاندەری هەموو نیشتمانپەروەرانی کورد کە درێژە بە ڕێبازەکەی بدەن و شوێنی لە مێژوودا ون نەبێ.

لاوانی دڵسۆز و نیشتمانپەروەری وەک غەنی بلووریان، محەمەدی شاپەسەندی، قادری مەحموودزادە و عەزیزی فەرهادی لە ڕۆژی ١١ی ڕەشەمەی ساڵی ١٣٢٦(١٩٤٨)دا کۆبوونەوەیەک ساز دەکەن و بڕیار دەدەن بۆ زیندوو کردنەوەی حیزبی دیمۆکرات هەوڵ بدەن. ئەوانیش بەداخەوە لەبەر دانەڕشتنی بەرنامەی ستڕاتێژیک و وردبینانە تووشی هەڵدێرێکی دیکە دەبن. پاش ماوەیەک تێکۆشان و کاری تەشکیلاتی و سیاسی و بڵاو کردنەوەی گۆڤاری ڕێگا، حکوومەت لە پەلامارێکی ڕەشبگیریدا لە ساڵی ١٣٢٧ نزیک بە ٣٠٠ کەس لە خەڵکی شارەکانی مەهاباد و بۆکان و میاندواو دەگرێ.  تێکۆشەرانی دیمۆکرات بەوەش چاوترسێن نابن و سەر لە نوێ درێژە بە کاری سیاسی و حیزبی دەدەن. هاوکات لەگەڵ هاتنە سەر کاری دەوڵەتی دوکتۆر موسەددیق و پاشەکشەی حکوومەتی شا، کەش و هەوایەکی ئازادتر بۆ چالاکی سیاسی دەخوڵقێ، حیزبی دیمۆکراتیش بە هاوکاری حیزبی توودە جارێکی تر دەبووژێتەوە و گەشە دەکا. لەم خولەدا وەک کاک مستەفا شەڵماشی و بیرەوەری نووسانی دیمۆکرات ئاماژەی پێدەکەن دوو ڕووداوی گرینگی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە ناوچەی موکریان ڕوو دەدەن، یەکیان هەڵبژاردنی پاڕلەمانی ئێران و ئەوی تریان بزووتنەوەی وەرزێرانی بۆکان بوو.

حیزبی دیمۆکرات لە هەڵبژاردنی نوێنەری پاڕلەمان بۆ مەهاباد پشتیوانی لە بەڕێز دوکتۆر سارم خانی سادق وەزیری دەکا و ئەو بەڕێزە سەر دەکەوێ. بەڵام بە دەست تێوەردانی دەنگەکان ناوی ئیمام جومعەی تاران وەک هەڵبژاردەی خەڵکی مەهاباد ڕادەگەیەندرێ.

  1.   هەڵوێستی پێڕەوانی کۆنگرەی چوار

ناکۆکی و جیاوازی بیرو بۆچوون و فکر کردنەوە لە هەموو کۆمەڵێکی ئینسانیدا دیاردەیەکی ئاسایییە. لە نێو هەموو ئینسانەکاندا دوو کەس نابینی کە پەنجەمۆریان وەک یەک بێ. بێ گومان لە باری بیر و بۆچوونەوە جیاوازی و ناکۆکی زۆرتر دەبینرێ، ئەویش لە حیزبێکدا کە هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵ دەگرێتە خۆ. کاک مستەفا دەفەرمێ لە چەپی چەپەوە هەتا ئاینی و مەزهەبی لەو حیزبەدا لە دەوری یەک کۆ بوونەتەوە. ئەمن عەرزی دەکەم ئەوانەش کە چەپی چەپن هەموویان وەک یەک بیر ناکەنەوە. مەگەر لە حیزبی کومۆنیستی لێنیندا باڵشویک و مەنشویک یا لە نێو چریکەکانی خۆماندا ئەکسەریەت و ئەقەلیەت و دەستەی ئەشرەف کە هەموویان چەپی چەپ بوون، جیاوازی و تەنانەت دوژمنایەتیشیان نەبوو؟ مەگەر کۆمەڵە وەک چەپترین هێزی کوردستانی ڕۆژهەڵات نەبوونەتە سێ حیزبی جیاواز؟ بۆ لە ئاینی پیرۆزی ئیسلامدا دەیان و سەدان مەزهەب و تەریقەت و بیروبۆچوونی جیاواز یا تەنانەت دژ بە یەک نابینین کە هەمووشیان ئاینی و ئیسلامین؟

              گرینگ ئەوەیە ئینسانەکان لە توند و تیژی خۆ بپارێزن و بە بیر و باوەڕی جیاوازیشەوە بتوانن لەگەڵ یەک هەڵ بکەن، تەنانەت لە سەر خاڵی هاوبەش پێکەوە هاوکاری بکەن، ئەگەر یەکیش نەکەوتن دەست بۆ چەک و هێزی چەکدار نەبەن و کێشەی خۆیان بە قەڵەم و بە نووسین و وتار چارەسەر بکەن. کێشەی بیر و بۆچوون دەبێ بە گفتوگۆ چارەسەر بکرێ نەوەک بە زەبر وزەنگ و توند و تیژی.

             ئێستا دەچینە سەر چەند خاڵێک وەک وردەکاری ئەم باسە:

2-1- بەداخەوە کاک سۆران پاڵانی وەک ڕێکخەری بەرنامە بێ لایەنی خۆی ناپارێزێ و لە پرسیار کردنەکەیدا بە ئەدەبیاتی لایەنێک لەو دوو لایەنە قسە دەکا و لە پێڕەوانی کۆنگرەی چوار وەک "گرووپی حەوت کەسی" ناو دەبا. ڕاستە تەشکیلاتی ئەم ڕەوتە سیاسییە بەرگەی گوشارەکانی سەرکردایەتی دەسەڵاتداری نەگرت، بەڵام وەک ڕێبازێکی خەبات ئێستاش هەر زیندووە و لە داهاتووی نزیک یا دووردا سەر هەڵدێنێتەوە، من  دڵنیام لەوەی کە ئەو ڕەوتە نەفەوتاوە و نافەوتێ.

2-2- کاک مستەفا بەوەش ڕازی نییە  لە بەشێکی فەرمایشەکانیدا دەنگی مامۆستا هێمن بە هیچ دادەنێ و حەوت کەسەکە دەکا بە شەش کەس دەڵێ:" بتەوێ و نەتەوێ حەوت کەسەکە بە وییەوە بوو بە حەوت کەس. ئیدی حەوت ئیمزاکە یەکیان هی وی بوو. شەش ئەندامی ڕەسمی کومیتەی ناوەندی بوون، ئەویش کە ئەندامی ئیفتیخاری کومیتەی ناوەندی بوو یەکێک لە ئیمزاکان ئی وی بوو، لەگەڵ کەوتبوو".  لەگەڵ ڕێزم بۆ کاک مستەفا پێویستە عەرزی بکەم:

2-2-1- بایەخی کۆمەڵێکی ئینسانی بە زۆر و کەمی و ژمارەیان نیە. ئینسان هەیە یەک کەسە بەڵام لە بایەخ پێداندا لە هەزاران کەس پڕبایەخترە. وەک ڕوودەکی لە ماتەمی کۆچی دوایی شەهیدی بەلخیدا دەڵێ:

از شمار دو چشم یک تن کم

وز شمار خرد هەزاران بیش

           یانی شەهیدی بەلخی کە کۆچی دوایی کرد بە ژمارەی چاوەکاندا یەک کەس لە کۆمەڵگا کەم بۆتەوە، بەڵام بە ژمارەی زانایی زیاتر لە هەزاران کەسمان لە دەست چووە. کاک مەلا ڕەسووڵ وەک "مامۆستا هێمنی فەقیر" باسی دەکا و کاک مستەفا دەڵێ: " لەگەڵ کەوتبوو". وەک ئەوەی ئیرادە و بڕیاری لە خۆی نەبووبێ و بە ناچاری لەگەڵ ئێمە کەوتبێ، کە وا نیە و لە درێژەی باسەکەدا قسەی لە سەر دەکەم. واژۆی هێمن بەتەنێ، ئەگەر نەڵێین دەبێ بە هەزاران واژۆ بێتە ئەژمار، زۆر پڕبایەخترە لە واژۆی کەسانی تر. ئەوە بە شانازییەکی گەورە دەزانم کە خاوەنی ئەو واژۆ پڕبایەخە دەنگی لەگەڵ دەنگی شەش کەسەکە بوو و لە بەرانبەر 19 واژۆدا "شەش واژۆ و واژۆیەکی زۆر پڕبایەخ مان لەگەڵ بوو. وەک لە شیرکەتە بازرگانییەکاندا سەهامی مومتازە هەیە، دەنگی مامۆستا هێمن دەنگی مومتازەیە و لەگەڵ ئەوانی ترمان جیاوازی بنەڕەتی هەیە و زۆر پڕبایەخترە.

             جێگەی سەرنجدانە کە لە ماوەی چەند ساڵێکدا لەو ژمارە 19کەسییەی کاک مستەفا لە چاو شەش کەسی پێڕەوانی کۆنگرەی چوار بە زۆرینەیان دەزانێ، بەشی زۆریان بە تاک و بە کۆ لە ڕێبەری دابڕاون و کەمتر لە حەوت کەسیان بە دەورەوە ماوە: سێ ئەندامی کومیتەی ناوەندی بەڕێزان سەنار مامەدی، ئیسماعیل جەهانگیری و شەهید ڕەحمانی کەریمی چەند مانگ دواتر هاتنە ڕیزی حەوت کەسەکەی پێڕەوانی کۆنگرەی چوار.  کاک قادری عەبدی لە دوای کۆنگرەی پێنج لە حیزبدا نەما و هاتە دەر. لە کۆنگرەی هەشتدا ڕەحمەتی کاک جەلیل گادانی، کاک مەلا حەسەن ڕەستگار و کاک حسەین مەدەنی جودا بوونەوە و بە پشتیوانی کۆمەڵە تەشکیلاتێکی دیکەیان دروست کرد بە ناوی حیزبی دیمۆکراتی کوردستان(بە بێ ئێران) کە حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران ناوی "لادەر"ی لە سەر دانان. لە کۆنگرەی حەوتدا  کاک مستەفا شەڵماشی نەما و ئەو بەڕێزە دواتر لەگەڵ مامۆستا حەسەن زادە تێکەڵ بە حیزبی دیمۆکراتی کوردستان بوون.

          کاک ئەمیری قازی و شەهید کاک سەید ڕەسووڵی دیهقان لە حیزب دەرکران و حیزبی تازەی "پارتی سەربەخۆیی کوردستان"یان دامەزراند کە سەید ڕەسووڵی دیهقان ناسراو بە سەید ڕەسووڵی بابی گەورە بە شێوەیەکی گوماناوی لە سلێمانی ژێر دەسەڵاتی حکوومەتی بەعسدا شەهید کرا، حیزب سەری نایەوە و سەبارەت بەو کردەوەیە دەنگی دەر نەهات.

           ڕەحمەتی کاک هاشمی کەریمی هەتا بڵێی ئینسانێکی باش بوو، بەڵام لە سیاسەتدا بڕیاردەر نەبوو. ئەندامێکی دەستووری بوو. چاوی لە شەهید د.قاسملوو بوو کە پێی بڵێ چ بکا. وەک کاک مەلا حەسەن ڕەستگار لە لاپەڕە 510ی بەرگی دووەمی کتێبی بیرەوەرییەکانیدا دەنووسێ:"ڕۆژێک کاک هاشم کەریمی هات بۆ لام گوتی: فڵان کەس بە خوا من ڕاسپاردەم. گوتم باشە ڕاسپاردەی چی؟ گوتی کاک دوکتۆر قاسملوو پێی وتووم پێت بڵێم خۆت بۆ کومیتەی ناوەندی کاندید نەکەی، یان ببی بە موشاویری کومیتەی ناوەندی یان خانەنشین بکرێی بە مافەکانی دەفتەری سیاسییەوە. شتێکی لە ملدا بوو، گوتم کاک هاشم ئەوە چیە لە ملت دایە؟ گوتی کاک دوکتۆر بە منیشی گوتووە تۆش نەخۆشی و خۆت کاندید مەکە. بەخوا ڕاست دەکا منیش ملم زۆر دێشێ و وتوومە باش."

            ئەمە حاڵ و وەزعی ١٢کەس لە ١٩کەسەکەی تر. ئیتر بۆ لەسەر ژمارەی واژۆکان شەڕە قسە بکەین؟

          تازە لەو حەوت کەسەی کە مابوونەوە  بەداخەوە چواریان شەهید بوون، شەهید دوکتۆر قاسملوو ئەگەر مابا، ئاڵ و گۆڕی جیهانی دوای گۆڕباچۆڤ و کۆتایی هاتنی شەڕی ئێران و عێراق کاردانەوەیەکی زیاتری لەسەری دەبوو، لە سەر ئەو ڕێبازە نەدەما و زۆری پێ خۆش بوو واز لەو ڕێبازە بێنێ، وەک لەم ڕێگایەشدا شەهید بوو. قسەمان لەگەڵ بەڕێز سەرگورد عەبباسی کردبوو، زۆرمان هیوا پێی بوو کە بەداخەوە زۆر زوو تیڕۆر کرا. تیڕۆر و کەم ئەندام کرانی کاک مەلا حەسەن شیوەسەڵی ئومێدێکی دیکەی لە دەست داین کە بۆ ئێمە و گەلی کورد زۆری جێگەی داخ بوو، هیوای تەندروستیم بۆی هەیە. هەر ماوەتەو بەڕێز کاک مستەفا هیجری و ڕەحمەتی سەید ئەبووبەکری هیدایەتی کە ئەوانیش پێڕەوی بڕیارەکانی شەهید قاسملوو بوون.

جگە لە سەرکردایەتی و بەڕێوەبەری حیزب لە بەدەنەی ڕێکخراو و تەشکیلاتەکاندا زۆریان لایەنگری ڕێباز و بیر و باوەڕی پێڕەوانی کۆنگرەی چوار بوون. ئەوانەش کە لەبەر ناچاری نەیانتوانی ڕەگەڵ کەون بە دڵ لەگەڵ بوون و ئێستاش بە هاوڕێیان دەزانین.

2-2-2-  هەر لە سەر ئەم باسە کاک مستەفا پێی لێدەنێ کە بەشی هەرە خوێندەوار و تێکۆشەر و تێگەیشتووی ئەندامانی حیزب کە ئەندامانی ڕێکخراوی لاوانی دیمۆکرات بوون و ڕێکخراوێکی زۆر چالاک و بەهێزیش بوو، لایەنگری پێڕەوانی کۆنگرەی چوار بوون(ئەو بەڕێزە تۆمەتباریان دەکا دەڵێ: هەموویان جگە لە چەند کەس توودەیی بوون)، هیچیان توودەیی نەبوون و ئەندامی دڵسۆزی حیزبی دیمۆکرات بوون. حیزبی توودە بەتایبەتی لە کوردستاندا بێزراوی کۆمەڵانی خەڵک بوو و سەرکردایەتی حیزب هەر کەسێکی خۆش نەدەویست، تۆمەتی توودەیی بوونی دەدایە پاڵی. سەرەڕای ئەوەی کە کاک مستەفا دەڵێ لە چەپی چەپەوە تا ئاینی و مەزهەبی لە حیزبدا بوون، ئەو بەڕێزەش هەر ڕووناکبیرێکی چەپی دڵسۆزی دیمۆکرات کە سەر بەو لایەنە نەبا بە توودەیی دادەنا، ئەوەش زۆر دوورە لە ئینساف.

             جگە لەوان ڕێکخراوەی ژنانی دیمۆکرات و بەشی زۆری ڕێکخراوەی شارستانەکان سەر بە پێڕەوانی کۆنگرەی چوار بوون، چەپی چەپ یا ڕاستی ڕاست، ئەگەر ڕێبازی چەکداری و شەڕی بە باش نەزانیبا، لە ڕوانگەی ئەوانەوە توودەیی بوو. وەک کاک مستەفا دەگێڕێتەوە، خۆی وەک ئەندامێکی لاوی دەفتەری سیاسی کە نزیکترە لە لاوەکان ڕاسپێردراوە کە قسەیان لەگەڵ بکا. دوای ماوەی مانگ و نیوێک وتووێژ کردن و خوێندنەوەی شتی مارکسیستی (کە بڕێک بتوانێ قسەی لەبارەوە بکا)، ئاخرەکەی دیتی هیچ فایدەیەکی نیە، ڕاپۆرتی بردەوە کە کارەکە بەو شێوەیە جێبەجێ نابێ، چونکە ئەوانە ئەو شتانەیان قەبووڵ کردووە و باوەڕیان پێیەتی... ڕاست پێی لێ دەنێ کە ئەو بەڕێزانە کە خۆیان بە دیمۆکرات دەزانن، دژایەتی بیر و باوەڕیان دەکرد.  پەرژینی قایم بێ زۆر دوور بێ لە ڕووی کاک مستەفا و دەفتەری سیاسی هەر وەک دیکتاتۆرەکان کە حیزبی نەیار دادەخەن ئاخرەکەی هاتنە سەر ئەو باوەڕەی کە ڕێکخراوی لاوان دەبێ هەڵوەشێتەوە و ئەو کارەشیان کرد.

     2-2-3- کاک مەلا ڕەسووڵ دەفەرمێ:"مامۆستا هێمنی فەقیر کوتی غەنی بێنە لە داخی قاسملوو و مەلا عەوڵای هەموو شتێک ئیمزا دەکەم، بەڵام بۆ حیزبی توودەی تێدا نیم." مامۆستا هێمن ئازاترین و بەغیرەتترین ئەندامی ڕێبەرایەتی حیزب بوو. ئینسانێکی فەقیر و بێ دەسەڵات نەبوو کە وای پێ بڵێن. لەباری ماڵییەوە ڕەنگە فەقیر بووبێ، بەڵام دڵی لە هەموومان دەوڵەمەندتر بوو. لە باری بوێری و ئازایەتیشەوە کەسی پێ نەدەگەیشت و زۆر داستانی خۆش لە بوێری مامۆستا هێمن دەماودەم دەگێڕدرێتەوە کە هەموومان بیستوومانە و بۆ نووسین نابن.  هەر ئەوەی کە لە دوای هەڵوێست گرتن لە ماڵی خۆی لە پەنا مەهاباد نەبزووت حیزب گرتیشی، ڕای نەکرد و خۆی نەشاردەوە خۆی نیشانەی  بوێری و ئازایەتی مامۆستا بوو. لەو گرتنەشدا قسەیەکی زۆر خۆشی هەیە کە ئەویش بۆ گێڕانەوە نابێ.

2-2-4- لە نێو شەش ئەندامەکەی کومیتەی ناوەندیدا بۆخۆم لە هەموویان شێلگیرتر و پێداگرتر بووم، کە دواتر باسی هۆکارەکەی دەکەم. من هەر ئەو کاتەش چ پێش هەڵوێست گرتن و چ دوای هەڵوێست گرتن یەکێک لە لایەنگرانی زۆر جیددی شەهید دوکتۆر قاسملوو بووم و ئێستاش خۆشم دەوێ و بۆ شەهید بوونی بە داخم. مامۆستا هێمنی ڕەحمەتیش ئەوەی باش دەزانی، شاهیدی دەدەم کە مامۆستا بە ئاگاداری تەواو و بە بیر و باوەڕی پتەوی خۆیەوە  بە وشیارییەوە ئەو سەنەدەی واژۆ کردووە، ئەو زۆر زووتر بڕیاری خۆی دابوو. لە ڕووی کەس دانەماوە و ئەو تۆمەتەش ڕەت دەکەمەوە کە بە درۆ دەیدەنە پاڵی کە گۆیا لە مەستیدا نامەکەی واژۆ کردووە و ئاگای لە خۆ نەبووە.

             لە ڕۆژی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی ئەندامانی کومیتەی ناوەندی لە کۆنگرەی چواردا دوور لە مامۆستا هێمن دانیشتبووم، بانگی کردمە لای خۆی  فەرمووی: کاک فاڕووق دەزانم دوکتۆر قاسملووت زۆر خۆش دەوێ. ئەوە یەکەم کەس ناوی تۆم نووسیوە، تکات لێ دەکەم وریا بە و باش بیری لێ بکەوە، هەر بڕیارێکی دوکتۆرت بە بیر و باوەڕی خۆت پێ باش بوو پەسندی بکە، بەڵام ئەگەر خۆت بە باشت نەزانی تەنیا لەبەر ئەوەی قسەی دوکتۆرە و تۆش ئەوت خۆش دەوێ شوێن قسەی مەکەوە. گوتیشی دوکتۆر قاسملوو وەک .... وایە هەر خولێک دەستەیەکی ..... لە خۆی کۆ دەکاتەوە، دەنگیان لێ وەردەگرێ و کارەکانی خۆی بەوان جێبەجێ دەکا. کە کاری بەوان نەما و ئەوانیش لێی شارەزا بوون، دەستیان لێ هەڵدەگرێ و دەستەیەکی ناشارەزاتر لە جێگەیان دادەنێ. کەچی کاک مستەفا لێرە و ڕەحمەتی کاک جەلیل گادانی لە "٥٠ساڵ خەبات"دا دوای ناوبردنی شەش کەسمان دەڵێ: مامۆستا هێمنیشیان لەگەڵ خۆ خستبوو. مامۆستا هێمن لەو هەڵوێست گرتنەدا هاندەری هەموومان بوو، لە پێش هەموومانەوە بوو، دوای ئێمەش نەکەوتبوو.

             لە هەڵبژاردنی کومیتەی ناوەندیدا ناوی من لە لیستی دوکتۆر قاسملوودا بوو، لە هەڵبژاردنی پاڕلەمانیشدا لە سەقز و بانە بە قازانجی من زۆری هەوڵ دا و قسەی کرد، هەر لەو کاتەشدا گوتی کاک فاڕووق بانگەشەت بۆ دەکەم ئەگەرچی دەزانم پەشیمان دەبمەوە، چونکوو بە دڵسۆزی ڕەخنەم لە سیاسەتەکانی دەگرت. لە سەروبەندی هەڵوێست گرتنیشماندا هەر کات دەچوومە مەهاباد بە خزمەتی دەگەیشتم و هەموو شتێکم بۆ دەگێڕاوە. جارێک لە گوێگتەپە لە ماڵی موهەندیس ئاریا بە خزمەتی گەیشتم و باسی ئەو قسانەم کرد، موهەندیس ئاریا هەڵی دایە:" کاکە بیانگرن، بیانکووژن". یادی بەخێر دوکتۆر قاسملوو گوتی: خۆی یەکێک لەو کەسانەیە کە دەبێ بگرترێ و بکوژرێ. ئاخرەکەشی گیرام و چوار ساڵ زیندانی کرام. کوشتنەکەمیان بە کۆماری ئیسلامی سپارد، کە نەیانکوشتم.

              ڕەوتی ڕووداوەکانیش دروستی بۆچوونی مامۆستا هێمنی دەرخست، هەر ئەو بەڕیزانەی وایان دەزانی ئێمە خاین و تەسلیم تەڵەبین و خۆبەدەستەوە دەدەین و خەیانەت بە حیزب و گەل دەکەین، بەداخەوە خۆیان کەوتنە بەر شاڵاوی تۆمەت و تەنانەت پەلاماری چەکداری و زۆریشیان لە یەکتر کوشت. ئێمە نەمانویست چەکدارمان لەگەڵ کەوێ تا تووشی کارەساتی براکوژی نەبین، هەر بۆیەش کاک مەلا ڕەسووڵ و چەند ئەندامی کومیتەی ناوەندی درێژەیان بە هاوکاری لەگەڵ ئێمە نەدا و ئەو حەوت کەسە لە سەر بیر و باوەڕی خۆمان ماینەوە.

 2-3- بە بۆچوونی پێڕەوانی کۆنگرەی چوار ئێمە و ئێوە یا خۆمانە و ناخۆمانە لە کاردا نەبوو. پێڕەوانی کۆنگرەی چوار لە قانوون و بەرنامە و پەسند کراوەکانی کۆنگرەی چوار لامان نەدابوو، لە حیزب و لە خەبات دانەبڕابووین. پێڕەوانی کۆنگرەی چوار هەر بە ناوەکەیاندا دیارە کە وەفادارن بە حیزب، دەنا ناوێکی دیکەمان هەڵدەبژارد. پێڕەوانی کۆنگرەی چوار دەیانویست حیزب(بە هەموو ڕێکخراوەکان و بەڕێوەبەران و ئەندامەکانیەوە) بەرەو هەڵدێرێک نەڕوا کە بەداخەوە دواتر تووشی بوو، وەک کاک مەلا ڕەسووڵ دەڵێ:"حیزبی دیمۆکرات ئەوە زیاتر لە سی ساڵە لە خۆیا قەتیس ماوە و چاوی لە قەزا و قەدەرە." ئەگەر ئێمە لە حیزب دابڕاباین ئیدی نیاز بەوە نەبوو لە حیزب وەدەرمان بنێن.

2-3-1- وەکوو مامۆستا حەسەن زادە لە لاپەڕە ٢٣٨ی بەرگی یەکی "نیو سەدە تێکۆشان" دەڵێ ئەدەبیاتی کۆنگرەی چوار و سەنەدە پەسند کراوەکانی کاری خۆیان بوو. منیش ئەو فەرمایشەی بە دروست دەزانم. پلان داڕێژ و نووسەری هەموو ئەدەبیات و سەنەدەکانی کۆنگرەی چوار بەڕێز شەهید دوکتۆر قاسملوو بوو، مامۆستا حەسەن زادەش کوردی نووسینەکەی لە ئەستۆ بوو، بەڵام هەر خۆشیان پێشێلیان دەکرد. ئێمەی پێڕەوانی کۆنگرەی چوار خوازیاری ڕێز گرتن لەو بڕیارە پەسند کراوانە بووین کە ئەوان نووسەری بوون، کەچی بۆ خۆیان باوەڕیان پێی نەبوو و پشت گوێیان دەخست. دڵسۆزیمان بۆ هەموو حیزب دەکرد و خۆمان لەوانی تر جیا نەدەکردەوە. بە تەجرەبە بۆمان دەرکەوتبوو کە بەڕێوەبەری حیزب تێدەکۆشێ پەسندکراوەکان بێ هەڵە و مەحکەمە پەسند بنووسرێن، بەڵام لە ئیجرادا بخرێنە پشت گوێ. هەر وەک ئەسڵی ١٥ی قانوونی ئەساسی ئێران کە لە قانووندا هەیە بەڵام هیچ هەنگاوێک بۆ جێبەجێ کردنی لە لایەن دەوڵەتەوە هەڵناگیرێ.

2-3-2- بە تەواوی و بە ڕوونی بۆمان دەرکەوتبوو کە ڕێبەری لەو ڕێبازە لای داوە. دەمانویست ئەرکی خۆمان بەرانبەر بە هەموو ئەندامانی حیزب و خەڵکی کوردستان بە ئەنجام بگەیەنین. بە ئاواتەوە بووین شەڕی بێ ئەنجامی کوردستان کە تەنیا قازانجی بۆ بێگانە و نەیارانی کورد بوو، دەست پێ نەکرێ و ئەگەریش کراوە کۆتایی پێ بێ. لەو کاتەدا هێشتا شەڕی سەددام دژ بە ئێران دەست پێ نەکرابوو، بەڵام هەموان ئاگادارن کە حیزبەکان بە پشتگەرمی حکوومەتی سەددام شەڕیان دەکرد و دوای کۆتایی هاتن بە شەڕی ئێران و عێراق، بەرنگاری چەکدارانەی پێشمەرگەی کوردستانیش بڕایەوە و تەواو بوو. ئاگری هیچ شەڕێکی چەکداری بە بێ پشتیوانی دەسڵاتێکی بێگانە (بەتایبەتی دراوسێ) هەڵناکرێ و بێگانەش دڵسۆزی ئێمە نیە و تەنیا بۆ بەرژەوەندی خۆی یارمەتیمان دەدا، لە ئاکامدا ئەوان بە ئامانجی خۆیان دەگەن، ڕێک دەکەون و ماڵ وێرانی و زیانەکانی بۆ ئێمەیە.

2-3-3- لە بڕیاری کۆبوونەوەی کومیتەی ناوەندی لە ١٧ی گوڵانی ١٣٥٩دا لە گوندی برایمە جەخت لە سەر ئەوە کرابوو کە دەبوو حیزب هێزەکانی خۆی لە شارەکان بباتە دەرەوە و لە شاردا شەڕ نەکا، تا گیانی دانیشتووانی شارەکان نەکەوێتە مەترسییەوە. لەو کاتەدا چوار شاری سنە و مەریوان و سەقز و بانە لە ژێر گوللە و تۆپ بارانی هیزە سەربازییەکاندا بوون و بە سەدان خەڵکی ئەو چوار شارە شەهید کرابوون. من وەک بەرپرسی ڕێکخراوی سەقز ئەو بڕیارەم جێبەجێ کرد. لە ماوەی کەمتر لە هەفتەیەکدا دوو ئەندامی دەفتەری سیاسی، ڕەحمەتی کاک جەلیلی گادانی و مامۆستا حەسەن زادە خۆیان گەیاندە بۆکان و لە کۆبوونەوەیەکی بەرتەسکی خەڵکی سەقزدا دژ بە بڕیارە پەسند کراوەکەی خۆیان و ئەو کارەی من قسەیان کرد و بە وتاری ئاگرین و بێ نێوەرۆک خەڵکیان لە دژی بڕیارەکەی من بۆ شەڕ هان دا. کاک جەلیل بە پێچەوانەی بڕیارەکەی دەفتەری سیاسی، کە دەقی چاپ کراوی بە دەستمەوە بوو، بۆ گەرمتر کردنی ئاگری شەڕ وتارێکی توندی دا. کەسێکی زۆر شەڕخواز لە نزیک منەوە دانیشتبوو، ناردمە لای داوای لێ بکا  من وەک بەرپرسی کشانەوەی پێشمەرگە لە شاری سەقز جوابی بدەمەوە، ئەو کەسە پەیامەکەی منی بە کاک جەلیل گەیاند و وەڵامێکی وەرنەگرت، چەند جاری دووپات کردەوە کاک جەلیل خۆی تێ نەگەیاند. ئەگەر کاک جەلیل نەماوە، مامۆستا حەسەن زادە لە ژیاندایە، بڵی وا نەبوو.

لەو کاتەدا پتر لە مانگێک بوو هەموو خەڵکی سەقز بەهۆی شەڕەوە شاری سەقزیان بەجێ هێشتبوو  و هاتبوونە بۆکان و گوندەکانی دەوروبەر. بەشێکی زۆریان لە یاریگای فوتباڵ و بەشێکیش بەسەر ماڵاندا دابەشکرابوون. زیاتر لە مانگێک مانەوەی، ئەو خەڵکە زەختێکی زۆری خستبووە سەر خەڵکی خاوەن شەرەفی شاری بۆکان، چەند ڕۆژ دوای ئەو ڕووداوە هاووڵاتی سەقزی لە خۆپیشاندانێکی بەریندا دژایەتی خۆیان لەگەڵ شەڕ  ڕاگەیاند و لە بڕیارنامەیەکدا پێداگری خۆیان بۆ کۆتایی هێنان بەو شەڕە ڕاگەیاند. خەڵکی تەمەن پەنجا ساڵ بەرەوژووری سەقز و بۆکان  ئەو ڕۆژەیان لە بیرە و شایەتحاڵی قسەکانی منن.

2-4- لەگەڵ ڕێزم بۆ کەسایەتی زانستی و جیهانی شەهید دوکتۆر قاسملوو کە شانازی بە خزمایەتیشیەوە دەکەم و لە کتێبی شەجەرەنامەی بنەماڵەی میرانی موکریدا ناوی خۆی و هەموو ئەندامانی بنەماڵەی و خزمانی نزیک بە ئەوانیشم تۆمار کردووە، زۆرم پێ سەیر بوو کە ڕێبەرێکی ژیر و شارەزای وەک ئەو بەڕێزە بۆچی ڕێبازی شەڕ و چەک هەڵگرتنی هەڵبژاردووە؟ خۆ ئەو بەڕێزە بەپێچەوانەی هەموو دەستە و گرووپی شەڕخواز کە وایان دەزانی کۆماری ئیسلامی بە یەک مانگ و دوو مانگ دەڕووخێ و لەنێو دەچێ، دەیزانی کە ئەم حکوومەتە بە ٢٥ساڵیش ناڕووخێ و ئەوەم چەندین جار لە خۆی بیستبوو. هەر ئەو بەڕێزە بوو کە دەیان جار گوتی کێشەی کورد ڕێگە چارەی سەربازی نیە. دەڵێن ئێمە شەڕ ناکەین پارێزگاری لە خۆمان دەکەین. چەک هەڵگرتن بە مانای شەڕە و شەڕخوازیش نەبی شەڕی لێ دەکەوێتەوە. بۆ شەڕی حیزب لەگەڵ کۆمەڵە و شەڕی دوو باڵی حیزب ئاکامی چەک هەڵگرتن نەبوو؟

    2-4-1- کاک مەلا ڕەسووڵ کە لەو کاتەدا فەرماندەی هێزی پێشەوا گەورەترین هێزی پێشمەرگەی حیزبی دیمۆکراتی کوردستان بوو، دوای ئەو هەموو شەڕ و کاولکارییە تازە لەم وتووێژەدا دەڵێ:"ئەتۆ کە موبارزەی موسەللەحانە دەکەی، ئەگەر کردیشیان غەڵەت بوو، چونکا ئەو ڕیژیمە بە موبارزەی موسەللەحانە ناڕووخێ، ئەوە شتێکی مەعلوومە.

2-4-2- پێڕەوانی کۆنگرەی چوار هەر ئەوەیان دەگوت بەڵام بەڕێوەبەری حیزب بەرنگاریان دەبوونەوە و ئەو هەڵوێستەیان بە سیاسەتی حیزبی توودە دەزانی. لە ئیحساساتی هەڵچووی خەڵک کەلکی بەراوەژوویان وەر دەگرت و وەک مامۆستا حەسەن زادە لە گێڕانەوەی وتاردانەکەی دوکتۆر قاسملوو لە مەهاباددا نووسیویە: " گوتی فەلسەفەبافی پێ ناوێ، مەسەلەکە ئەوەیە چەک دابنێین یان دانەنێین؟ زیاتر لە شەست هەزار کەس یەکدەنگ هاواریان کرد: داینانێین."

 2-4-3- لە هەل و مەرجێکدا کە لە چوار شاری سنە، سەقز، بانە و مەریوان شەڕ بەردەوام بوو، بەڵام هێشتا شەڕ نەگەیشتبووە مەهاباد تا گەنجە لە سەر هەستەکانی ئەو شارەش بە دەرد و ژانی شەڕ بزانن، ڕێبەرێکی خوێندەوار و ژیر و بلیمەت هاواری یەکدەنگی ئەو ٦٠هەزار کەسەی(کە نەشدەگەیشتە دوو هەزار کەس و مامۆستای بەڕێز حیسابی لێ تێکچووە) بە ڕیفراندۆمی هەموو خەڵکی کوردستان دانا و درێژەی بە شەڕێکی بێ ئاکامی ماڵ وێرانکەری هەشت ساڵە دا، کە هەر لە سەرەتاوە ئاکامەکەی دیار بوو.

2-4-4- بەڕێز کاک مەلا ڕەسووڵ لە بەشێکی قسەکانیدا دەڵێ:"بە قەولی کاک مەلا حەسەنی قزڵجی لە بوڵغارستان بە من و کاک حەسەنی ڕەستگاری کوت: تکاتان لێ دەکەم ئەگەر گۆڕانکاری لە ئێران پەیدا بوو، کوڕە بابە مەبنە کەواسووری بەر لەشکر، ئەو کوردستانە با ماڵ وێران نەکەین. هێز و مێز و شتی وا دێن لەو گۆڕەپانەیدا خۆیان تاقی کەنەوە. ئێوە حەددی ئەقەل هەتا بۆتان دەکرێ هەرچی بتاندەنێ وەری بگرن و ڕازی بن، با کوردستان وەک باشووری کوردستانی لێ نەیە. ڕێبەری زانای ئێمە بە خودگەردانی ڕازی نەبوو، گوتی لە منداڵێکم پرسیوە خودگەردانی مانای چیە؟ گوتوویە سەرگەردانی. من بەش بە حالی خۆم ئەو ئەسپاردەی ڕەحمەتی مەلا حەسەنی قزڵجیم نەبیستبوو لەگەڵ شەڕ نەبووم، بەڵام ئەو بەڕێزانەی کە بیستبوویان شەڕیان کرد و درێژەشیان پێ دا و بوونە کەوا سووری بەر لەشکر.  ئێستا کە هیچ دەسکەوتێکیان لەو شەڕە ماڵ وێرانکەرە دەست نەکەوتووە، بەداخەوە لە هەرێمی کوردستانیش جێگەیان پێ لێژ بووە و ئاوارە و پەڕیوەی هەندەران بوون. تازە دەزانن تووشی چ خەسارێکی گەورە هاتوون.

2-4-5- دروشمی سەرەکی حیزب لەو کاتەدا دیمۆکراسی بۆ ئێران و خودموختاری بۆ کوردستان بوو کە دروشمێکی جوان بوو. دیارە تا دیمۆکراسی بە دروستی لە ئێراندا جێگر نەبێ، چاوەڕوانی بۆ خودموختاری لە کوردستان خەیاڵ پڵاوە. ئێستا ئەو پرسیارە دێتە پێش ئایا بۆ دابین کردنی دیمۆکراسی لە هەموو ئێراندا کورد بە تەنێ دەبێ خەبات بکا؟ ئایا کورد نوێنەری هەمووگەلانی ئێرانە؟ یا بە فەرمایشی ڕەحمەتی مەلا حەسەنی قزڵجی کورد کەوا سووری بەر لەشکرە؟ هەر کات گەلانی ئێران بەتێکڕا خەباتیان بۆ دیمۆکراسی یا بۆ فیدرالیسم کرد، با کوردیش لەگەڵ کەوێ. دەنا خەباتی چەکدارانەی کورد بە بێ هاوخەباتی و هاوکاری نەتەوەکانی تر خۆ بە کوشتن دانە.

2-4-6- ئەگەر دیمۆکراسی بۆ ئێران تەنیا بەکورد جێبەجێ نەکرێ، ڕێگە چارەی دیکە نیە جگە لەوەی بزووتنەوەی کورد خۆی لەگەڵ هەموو گەلانی ئێران هاودەنگ بکا تا بتوانێ بۆ گەیشتن بە ئامانجێکی گونجاو هەوڵ بدا و بۆ دابین کردنی مافی نەتەوایەتی ڕێگە چارەیەکی تر بدۆزێتەوە. لە مێژوودا نەمدیوە هیچ ڕاپەڕین و شۆڕشێکی کورد بە ئاکام گەیشتبێ جگە لە شۆڕشی ساڵی 57 کە کورد بە گیان و دڵ تێدا بەشدار بوو، بەڵام بۆیە بە سەر حکوومەتی بەهێزی شادا سەر کەوت کە بە هاوخەباتی هەموو گەلانی ئێران دەست پێکرا، بە ئاکامیش گەیشت و بە بێ شەڕی چەکداری حکوومەتێکی میلیتاریزە و خاوەن دەسەڵاتی ڕووخاند.

کاک مستەفا دەڵێ:"ئەمن زۆر موخالیفی ئەوەم، بچینە نێو میللەتی فارسەوە تێیان بگەیەنین کە ئێمە میللەتین. کاکە ئەوان دەیانهەوێ تێبگەن؟ بۆ پڕۆفیسۆرەکەیان کە سی ساڵ لە ئورووپا و ئەمریکای دەرسی خوێندووە و گەورە بووە و باش لە دیمۆکراسی دەگا، لەوە تێدەگا کە ئەتۆ میللەتی؟ قەبووڵیەتی کە ئێران وڵاتێکی فرەنەتەوەیە ؟"

             زۆرم پێ سەیرە کاک مستەفا بەو جۆرە باسی ئینسانی خوێندەواری نەتەوەی دەسەڵاتداری ئێران دەکا. دەبێ خۆمان بە تاوانبار بزانین کە نەمانتوانیوە بە شێوەیەکی گونجاو باسی کێشەکانی خۆمان بکەین و سەرنجی ئەو ڕووناکبیرانە بۆ لای خۆمان ڕابکێشین. کاتێک ئەوەمان پێ نەکرێ، دڵنیا بن بە شەڕی چەکداری لەگەڵ میللەتێکدا کە 500ساڵە شێعەی سیاسی و فەرهەنگی کاری لەسەر دەکا، هیچمان پێ ناکرێ و بە هیچ ئامانجێک ناگەین. کاتێک بە ئامانج دەگەین کە نەتەوەی دەسەڵاتدار ئێمە بە دۆستی خۆی بزانێ، ئەوەش بە شەڕ ناکرێ. ڕەشبین نیم و زۆر بە گەشبینییەوە دەڵێم نەتەوەی فەرمانڕەوا لە ئێراندا و هەموو گەلانی ئێران باشترین دۆستی گەلی کوردن، ئەگەر دروست لەگەڵیان هاوکاری بکەین کێشەی کورد لە ئێراندا چارەسەر دەکرێ و ڕێگەش بۆ چارەسەری دەردە کورد لە چوار پارچەی کوردستان خۆش دەکرێ. کورد دەڵێ لە پێشدا برایەتی خۆت بسەلمێنە، دوایە داوای بەشە میراتی خۆت بکە.

2-5- پەیامی پێڕەوانی کۆنگرەی چوار بۆ هەموو بەڕێوەبەران و ئەندامانی حیزب هەر ئەوانەی سەرەوە بوون. هەر ئەو کاتیش دەمانزانی مافی کورد ڕەوایە، دەشمانزانی ڕێگەی گەیشتن بەو ئامانجانە شەڕ نیە. دژی چەک هەڵگرتن بووین. دەشمانزانی چەک هەڵگرتن شەڕ بە دوای خۆیدا دێنێ، شەڕخوازیش نەبین چەک تووشی شەڕمان دەکا. دەشمانزانی ئەو شەڕە بێ ئەنجامە دەبێ بە هۆی شەهید بوونی بێ دەسکەوتی ڕۆڵەکانی نەتەوەکەمان، دەبێ بە هۆی ماڵ وێرانی هاونیشتمانی، دەبێ بە هۆی پەرەنەگرتنی ئابووری و کۆمەڵایەتی کوردستان، دەبێ بە هۆی پەرە گرتنی بێکاری و هەژاری و ئازارە کۆمەڵایەتییەکان، دەمانزانی کە شەڕ هیچ قازانجێکی تێدا نیە و لە هەموو بارێکەوە زیانی زیاترە.

2-5-1- دوای مامۆستا هێمن کە بۆ ڕاگەیاندنی هەڵوێستی پێڕەوانی کۆنگرەی چوار بوو بە پێشەنگمان، من لە هاوڕێیانی دیکەمان پێداگرتر بووم. هۆیەکەشی بەرنگار بوونەوە لەگەڵ شەڕی ماڵ وێرانکەری کوردستان بوو. بەرپرسی ڕێکخراوی سەقزی حیزب بووم و هەستم بە دەرد و ئازاری خەڵکی کوردستان لەو شەڕەدا دەکرد، دەمویست ئەوەی کە حیزب بە قسە و بە پەسندکراوی ڕەسمی بۆ ئاشتەوایی و ڕێک کەوتن و دژایەتی شەڕ دەیڵێ، بە کردەوەش هەر وا بکا و درێژە بە شەڕ نەدا. کاتێک دەماندی بەڕێوەبەری حیزب سوورە لە سەر چەک هەڵگرتن و درێژەدان بە شەڕ، لە پەیامێکدا بۆچوونی خۆمان ڕاگەیاند. دانمان بەوەدا نا کە ئێمەش وەک بەشێک لە ڕێبەری حیزب خۆمان بە تاوانبار دەزانین، خۆمان بە شەریکی ئەو لادانە دەزانین کە حیزبی لە ڕێبازی دیاری کراوی کۆنگرەی چوار دوور خستۆتەوە، سەرەڕای ئەوەی کە لە کاتی خۆیدا بەرهەڵستی ئەو لاڕێ بوونە وەستاوین. داوامان کرد ئەو شەڕە ڕابگیرێ و لە ڕێگەی دروستەوە بۆ وەدی هێنانی مافەکانمان هەوڵ بدەین.

2-5-2- کاتێک لە ٢٥ی جۆزەردانی 1359دا هەڵوێستی خۆمان وەک پێڕەوانی کۆنگرەی چوار ڕاگەیاند، بەشی هەرە زۆری هێزی پێشمەرگە لەگەڵ ئێمە بوون، ئەگەر هێزی چەکدارمان وەرگرتبایە بەشێکی تر لە ئەندامانی کومیتەی ناوەندیش لەگەڵمان دەکەوتن. داخی گرانم کورد بە بێ بیر کردنەوە لە ئاکامەکانی حەز لە چەک دەکا. بیرمان لەوە کردەوە کە ڕاگرتنی هێزی چەکدار ڕەنگبێ شەڕی نێوخۆیی وەک باشووری کوردستان و دوو باڵی ناسراو بە مەلایی و جەلالی لێ بکەوێتەوە.  وەک شەڕی کۆمەڵە و دیمۆکرات، وەک شەڕی دوو باڵی حیزب لە دوای کۆنگرەی هەشت کە یەکیان بە "لادەر" و یەکیان بە "فڕاکسیۆنی قاسملوو- شەرەفکەندی" یەکتریان ناو دەبرد. لە نێوان ئەو هێزە چەکدارانەدا شەڕی زۆر قورس و ماڵ وێرانکەر ڕوویان دا ئەوەندەی کوڕی  ئازا وتێگەیشتوو لێ شەهید کردن کە حکوومەت نیو ئەوەندەی ئەوەی زیان لێ نەداون. ئێمە وەک کادری بەڕێوەبەری حیزب ئەوەمان بە باشتر زانی کە خۆمان بکەوێنە بەر پەلامار هەتا خەڵکی وڵاتەکەمان تووشی شەڕی براکوژی نەبن.

2-5-3- لە یەکەم شەڕی کۆمەڵە و دیمۆکراتدا لە گوندی "مەزرا"ی سەردەشت(نزیک دۆڵەتوو) زیندانی بووم. ڕۆژێک دیم پێشمەرگە خۆیان بۆ شەڕ ئامادە دەکەن. لە یەکیانم پرسی:

  • کاک برایم بۆ کوێ؟
  • دەچینە بەرەی شەڕ.
  • شەڕی چی؟ خۆ لە سەقز و بانە و مەریوان و سنە شەڕە! شەڕ ئێستا نەگەیشتۆتە سەردەشت؟.
  • دەچینە شەڕی کۆمەڵە.
  • برای ئازیز کۆمەڵە کێیە و دیمۆکرات کێیە؟ مەگەر هەر دوو کوڕی ئەو خەڵکە نین؟
  • کۆمەڵە ئاژاوەگێڕن.
  • براکەم، بەڕێوەبەری هەر دوو لا دۆستی یەکترن. ئێوەی بێ دەرەتان دەکوژرێن و ئەوان یەک دەکەون. خوێنی ئێوەش بە فیڕۆ دەڕوا. نەکەن چاترە.
  • لەو قسانەتان کردووە ، بۆیە حیزب ئێوەی گرتووە.

ڕۆیشتن،  دوای چەند ڕۆژ گەڕانەوە. برایم هاتە لام داوای لێبووردنی کرد. گوتی: تۆ ڕاستت کرد، هەموو بنکەکانی کۆمەڵەمان گرت. زۆریان لێ کوژرا و زۆریان گیران، چەند کەسێکیشیان دەربازبوون. تەنیا بنکەی فەرماندەیی کۆمەڵە مابوو کە بیگرین و بە تەواوی پاکی کەینەوە، بەڕێوەبەری حیزب بە بێ سیم پێی ڕاگەیاندین : شەڕ تەواوە، ئێمە یەک کەوتووین. کۆتایی هەموو شەڕێک هەر یەککەوتنە. خوێنی زۆر کەس لەو بەینەدا بە فیڕۆ دەچێ.

2-5-4- دوو لەو کەسانەی کە لە لایەن پێڕەوانی کۆنگرەی چوارەوە قسەیان لەگەڵ کرا و بە هاوکاری کردنیان پشت ئەستوور بووین بەڕێزان کاک مەلا حەسەن ڕەستگار و کاک مەلاڕەسووڵی پێشنماز بوون، کەچی ئێستا حاشای لێ دەکەن. کاک مەلا ڕەسووڵ لەو کاتەدا ئەندامی موشاویری کومیتەی ناوەندی بوو. بەپێچەوانەی ڕاگەیاندنیان لەم وتووێژەی دامەزراوەی چاردا نە باسی کۆنفڕانسی نائاسایی و دەست ڕاگرتنیان کرد، نە نیشانی دا کە بەرهەڵستی ئەو کارەی ئێمە دەکەن. تەنانەت کاک مەلا ڕەسووڵ بۆ پشتیوانی لە مامەغەنی(بە بێ ئاگاداری مامە غەنی) لە ڕۆژی 17/2/1359 (7/6/1980) هێزێکی چەکداری لەگەڵ خۆی هێنایە شوێنی کۆبوونەوە لە گوندی برایمە. کەچی ئێستا جۆرێکی تری دەگێڕێتەوە. ئەگەر قسەی یەکێکمان ڕاست نەبێ بەڵگەکان شاهیدی دەدەن. لێرەدا بۆ ڕوون کردنەوەی زیاتر، وەک بەڵگە چەند فاکت لە نووسینەکانی بەڕێوەبەرانی حیزب دێنمەوە: 

 کاک مستەفا هیجری لە لاپەڕەی 60ی کتێبی "نسکۆ و دابڕان"دا دەڵێ: "ڕۆژی کۆبوونەوەی گوندی برایمە و کەش و هەوای کۆبوونەوە زۆر ئاسایی بوو. بەڵام هێشتا لە سەرەتاکانی کاری کۆبوونەوەدا بووین کە لە پەنجەرەی دیوی کۆبوونەوەکەوە دیتمان کۆمەڵێک چەکدار بەرەو شوێنی کۆبوونەوەکە دێن. کە نزیک بوونەوە، مەلا ڕەسووڵ پێشنماز بوو لەگەڵ کۆمەڵێک پێشمەرگە کە دیار بوو وەک پێشتر باس کرا لە سەر داوای کاک غەنی هاتبوون. د.قاسملوو قەڵس بوو و کۆبوونەوەکەی ڕاگرت.  ناردی بە مەلا ڕەسووڵ بڵێن شوێنەکە چۆڵ بکەن، کێ پێی گوتووە بێنە ئێرە؟ دیارە مەلا ڕەسووڵ جوابی دابۆوە کە بەجێ ناهێڵێ، دوای قسە و باسێکی زۆر لە کۆتاییدا کاک غەنی ڕازی بوو مەلا ڕەسووڵ و جەماعەتەکەی بەڕێ بکاتەوە."  مامۆستا حەسەن زادەش باسی ئەو ڕووداوە دەکا، لە لاپەڕە 237ی کتێبی "نیو سەدە تێکۆشان"دا دەنووسێ:" کاک غەنی بۆ ئەوەی کومیتەی ناوەندی بترسێنێ بە هۆی یەکێک لە قوڵەچۆماغەکانیەوە هێزێکی پێشمەرگەشی هێنابوو".

              کاک مەلا حەسەن ڕەستگاریش لە لاپەڕە 208ی بەرگی دووەمی کتێبی "بڕگەیەک لە ژیان و خەباتم"دا باسی کۆبوونەوەکەی برایمە (١٧/٢/٥٩) دەکا  دەڵێ:"دیارە مەلا ڕەسووڵ کۆمەڵێکی پێشمەرگە لەگەڵ خۆی هێنابوون. بەخۆشییەوە بە قسەی کردم و گەڕاوە بۆ مەهاباد." بەڕێز کاک مەلا حەسەن بۆ پاساو دانی کارەکەی مەلا ڕەسووڵ دەڵێ وای زانیبوو لەو کۆبوونەوەدا موشاویرەکانیش بانگ کراون و ئەو بانگ نەکراوە.  ئەوەش ڕاست نەبوو. نازانم هەر کەسێک بۆ کۆبوونەوەیەک بانگ نەکرێ دەبێ دەست بداتە چەک و کۆمەڵێک پێشمەرگە لەگەڵ خۆی بێنێ؟

         3-5-5- مەبەستم لە هێنانەوەی ئەو چەند فاکتەی سەرەوە، لە قسەی پلەبەرزترین بەڕێوەبەرانی حیزب (مامۆستا حەسەن زادە دوای تیڕۆر کردنی د.شەرەفکەندی سکرتێری گشتی بووە و کاک مستەفا هیجری زیاتر لە 20 ساڵە سکرتێری گشتییە) ئەوەیە ئەو دوو ئامۆزا بەڕێزە و لانی کەم ٥ یا 6   ئەندامی دیکەی کومیتەی ناوەندی وەک کاک مستەفا شەڵماشی و کاک قادر عەبدی و شەهید سەرگورد عەباسی و... کە قسەیان لەگەڵ کرابوو بەڵێنیان پێدا بووین کە دژی بڕیارەکەی ئێمە نین و بۆ ڕزگار کردنی حیزب لەو گێچەڵە لەگەڵمان دەبن. نازانم چۆن کاک مستەفا و کاک مەلا ڕەسووڵ ئێستاکە حاشا دەکەن؟ دیارە شەهید دوکتۆر قاسملوو ئینسانێکی زانا بوو زۆر باش ڕەگی خاوی هەموومانی دەناسی و زۆر بە ئاسانی لە هەڵوێستی دژ بە بڕیاری خۆی پەشیمانی دەکردینەوە. هەر کەس ویستبای وەک د.قاسملوو بڕیار نەدا، کاک مەلا ڕەسووڵ گوتەنی دوکتۆر زمانێکی دەگەیاندێ و خاوی دەکردەوە. بەڵێ کاک مەلا ڕەسووڵ بۆ پشتیوانی لە مامەغەنی هێزی پێشمەرگەی هێنابوو، کەچی ئێستا خۆی لەو باسە دەبوێرێ.

             زۆر لەو بەڕێزانە لە سەر قسەی خۆیان نەدەوەستان. هەر لەو کۆبوونەوەیەدا لە سەر چەند بابەت قسە کرا، هەموو ئەندامانی کومیتەی ناوەندی هاودەنگ بوون لە سەر بڕیارێک، کەچی دوکتۆر قاسملوو وەک هەمیشە دوای هەموومان بۆچوونی خۆی ڕاگەیاند، کە بە پێچەوانەی نەزەری هەموومان بوو سەرەڕای ئەوەش قسەکەی ئەو پەسند کرا. من کوتم کاک دوکتۆر بۆچوونی جەنابت بەپێچەوانەی بڕیاری هەموومان بوو، چۆن بۆچوونی خۆت دەکەی بە بڕیاری کومیتەی ناوەندی؟ گوتی با دەنگ وەربگرین. کە دەنگمان وەرگرت زۆربەیان لە قسەی خۆیان پاشگەز بوونەوە و بۆچوونەکەی دوکتۆر قاسملوو دەنگی هێناوە. ئەو بەڕێزانە ببوونە ئەندامی کومیتەی ناوەندی بەڵام وەک نوێنەرانی پاڕلەمانەکان زۆربەیان چاویان  لە زاری سەرۆک دەبڕی بزانن ئەو دەڵێ چی. خۆیان خاوەن بڕیار نەبوون.

2-5-6- ئێمە دەمانویست ئەندامانی کومیتەی ناوەندی وشیار بکەینەوە کە بەڕێوەبەری حیزب لە ڕێبازی دیاریکراو لای داوە و ڕێگایەکی گرتۆتە پێش کە بەرژەوەندی حیزب و کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و ئێران ناپارێزێ. لەگەڵ زۆربەی ئەندامانی کومیتەی ناوەندی دادەنیشتین و داوامان لێ دەکردن وەک ئەرکی خۆیانە بەرگری لەو لادانە بکەن. کاک مستەفا شەڵماشی لەو دیبەیتەدا شاهیدی ئەم قسەی منە و دەڵێ: " کاکە پێش ئەوەی کە ئەو جیابوونەوەیە ببێ لە سەر ئێمەمانان هەمووی کار دەکرا ئەمن بۆخۆم پەیوەندییان پێوە گرتم و باسیان بۆ دەکردم کە دیارە پێویست ناکا بڵێم چۆنم جواب دانەوە."، تا ئێرەی فەرمایشەکەی دروستە. هەر دەبوو لەگەڵ بەرپرسانی حیزب قسە بکەین و خۆمان و ئەوانیش لە ڕۆیشتن بە ڕێبازێکدا کە سامناک و هەڵە و پڕمەترسییە بگێڕینەوە. ئەو کارەشمان کرد.

بەڵام لە درێژەدا تۆمەتبارمان دەکا بەوەی کە بە بەرنامەی حیزبی توودە ویستوومانە حیزبی دیمۆکرات لەت و پەت بکەین. دەڵێ:" یەعنی کاریان دەکرد لەسەر حیزبی دیمۆکرات کە بەو شێوەیە شەقی کەن و لەتی کەن. و حیزبی توودە نەفەری شەخسی مەسەلەن دوکتۆر عەلی گەلاوێژی دانابوو مەخسووس بۆ ئەو کارەی کە کار بکا." ئەم بەشە لە فەرمایشەکەی ڕاست نیە. ئەگەر مەبەستمان دژایەتی حیزب و شەق کردن و لەت کردنی بوایە هێزی پێشمەرگەی حیزبمان لە خۆمان کۆ دەکردەوە کە بەشی هەرە زۆریان لەگەڵمان بوون. بە حەوت کەسی بێ چەک و بێ  هێزی چەکدار چۆن دەمانتوانی حیزبێکی خاوەن دەسەڵاتی سەربازی لەت و پەت بکەین؟ پێویست ناکا پاکانە بۆ خۆمان بکەم. هەر کەس بە عەقڵی خۆی بیر لەو قسەیە بکاتەوە دەزانێ کە ئەم بەشەی فەرمایشی کاک مستەفا ئەسڵ و ئەساسی نیە. دوکتۆر عەلی گەلاوێژیش کە خزمی خۆمە سیاسەتوانێکی زانا بوو، هەرگیز ئەوەندە خاو نەبوو کە بۆ کارێکی وا دوور لە عەقڵ پلان دابنێ.

2-6- تۆمەتبار کردن- لە بەرانبەر ئەو پەیامە ئاشتی خوازانەی پێڕەوانی کۆنگرەی چواردا کە جگە لە دژایەتی شەڕ و خێرخوازی بۆ گەلی کورد و حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران و بەڕێوەبەران و ئەندامانی ئەو حیزبە هیچ ئامانجێکی شاراوەی تێدا نەبوو، شاڵاوێکی بەربڵاوی تۆمەتبار کردن بە توودەیی بوون، تەسلیم تەڵەبی، هەوڵدان بۆ گرتنە دەستی بەڕێوەبەری حیزب، خەیانەت، ....یان خستە ڕێ بە بێ ئەوەی مۆڵەت بدەن وەڵامێکیان بدرێتەوە. کورد دەڵێ: گەز و مقەست بە دەست خۆیانە، خۆیان دەیبڕن، بۆ خۆشیان دەیدروون.

  دیارە لێرەدا باسی خۆم دەکەم و دیفاع لە هەڵەی کەسێکی تر ناکەم. بێزارم لەوەش زۆر من من بکەم. ئەو "من"ە بە تەنیا یەک کەس نیە، بە تەنیا کەسایەتی خۆم نیە، کەسایەتی ئەندامێکی وەفادار بە حیزبی پێشەوایە کە پارێزگاری لە ڕێبازی پێشەوا و پەسند کراوەکانی کۆنگرەی چواری حیزب و بەرژەوەندی نەتەوەکەی دەکا و هیچ زیندان و هەڕەشە و تۆقاندنێک لە بڕیاری خۆی نایگێڕێتەوە. ڕەوتەکەی ئێمە وەک تەشکیلات تێک چووە بەڵام پەیامەکەی هەر ماوە، زۆریش بەهێزە و نەسلەکانی داهاتوو بەهێزتری دەکەن. شوکر بۆ خودا ژمارەمان کەم نیە. ئێمە هەزاران کەسین.

  دوای سێ جار پەلامار دان و گیران، بە پێڕەوی لە ڕێبازی پێشەوای مەزنی کورد قازی محەمەد، خۆم نەشاردەوە و وڵاتم بەجێ نەهێشت، مامەوە تا ئەوەی کە جاری چوارەم لە یەکەم ڕۆژەکانی پووشپەردا لە بۆکان دەسگیر کرام و زیاتر لە سێ ساڵ لە زیندانەکانی حیزبدا بووم. دوایەش بە زۆری تفەنگ تەحویلی پێگەیەکی سپای پاسداران درام ئەوانیش ساڵێکیان ڕاگرتم. وادیارە کاک مستەفا ئەندامی دەفتەری سیاسی بەمانەی نەزانیوە، دەنا ئەو بەڕێزە پیاوی درۆ نیە.

 ئەو سێ جارەی کە لە مەهاباد پەلاماریان دام، جاری یەکەم لەگەڵ ڕەحمەتی کاک حەمەدەمین سیڕاجی بۆ شیلاناوێ دەچووین کە بە خزمەت مامۆستا هێمن بگەین، بردینیانە بەشی نیزامی ڕێکخراوی مەهاباد کە لەوێ شەهید کاک هەژار بەزمێکی باشی بە پێشمەرگەکان گرت و ئازادی کردین. جاری دووهەم ڕەحمەتی کاک کەریمی حیسامی لە لاپەڕی ٧٢ تا ٧٤ی بەرگی حەوتەم لە کتێبی"لە بیرەوەرییەکانم"دا باسی کردووە  دەتوانن سەرنجی بدەن. جاری سێهەم شەوێک ڕووی دا کە لە ماڵێ ڕەحمەتی مامۆستا محێدین ماوەرانی میوان بووین، دوای نان خواردن ئەو نەیدەهێشت دەرکەوین  ئاخرەکەشی هەر لەوێ نوستین. بەیانییەکەی بۆی گێڕاینەوە کە پێشمەرگە بۆ گرتنی ئێمە چووبوونە بەر دەرگای ماڵی ئەوان، بۆیە ئەو بەڕێزە نەیدەهێشت بڕۆین.

  ئێمە باشمان دەزانی هەر دەگیرێین، نە چەکمان هەڵدەگرت و نە هەرگیز پێشمەرگەی حیمایەت و بادی گارد و شتی وامان لەگەڵ بوو. خۆشمان نەدەشاردەوە و لە کوردستانیشدا مابووینەوە و دەشماینەوە، لانی کەم خۆم لە ساڵی 1355(١٩٧٦)ەوە کە خوێندنم تەواو بووە ڕۆژێکیش لە دەرەوەی کوردستان نەژیاوم، مەگەر بە سەفەر. جاری چوارم لە بۆکان گیراین. ڕەحمەتی کاک ئەبووبەکری هیدایەتی بەرپرسی ڕێکخراوی حیزب لە بۆکان کە زۆر پیاوێکی کەم جیکەڵدان بوو، لەبەر چەند ڕووداوێک، کە لە کتێبی بیرەوەرییەکانم (بەسەرهاتی خۆم و وڵاتم)دا باسی دەکەم، ڕەقی منی بە دڵەوە گرتبوو و ڕێک ڕەوانەی زیندانی کردم.

لەو ماوەیەدا کە من لە زیندان بووم ئەگەر سێ کەسی تر لە ئەندامانی کومیتەی ناوەندی(بەڕێزان سەنار مامەدی، ئیسماعیل جەهانگیری و شەهید ڕەحمانی کەریمی) بە هێزی چەکدارەوە هاتوونە لای برادەرانی پێڕەوی کۆنگرەی چوار و لەگەڵ حیزب شەڕی چەکدارانەیان کردووە، ئەگەر هاوڕێیانی بەڕێوەبەری پێڕەوانی کۆنگرەی چوار، چوونەتە ڕیزی حیزبی توودەوە، تووشی هەڵەیەکی گەورە بوون و بە کارێکی دروستی نازانم. ئەو کارانە لە بەرنامەی ئێمەدا نەبووە. من و مامۆستا هێمن و فەوزیە خانمی قازی لەو هەڵە گەورانەدا بەشدار نەبووین. گەڕانەوەی کاک ئەحمەد عەزیزی بۆ لای برادەرانی پێشووش بە دروست نازانم، هەرچەند هەڵەی ئەو بەڕێزە لەوانی تر کەمتر بوو. هاوڕێ بوونی من لەگەڵ ئەو ئەندامە بەڕێزانەی بەڕێوەبەری پێڕەوانی کۆنگرەی چوار بۆ ئەو مەبەستانە نەبووە، هەر وەک هاوڕێ بوونم لەگەڵ شەهید دوکتۆر قاسملوو تا ئەو کاتە بوو کە لەسەر چەک هەڵگرتن و شەڕی چەکداری پێداگر نەبوو.

2-6-1- دەفتەری سیاسی لە بەشێک لە ڕاگەیەندراوی ڕۆژی 28/3/1359دا(جنێوەکانی نانووسم) دەڵێ:"ڕێبەری حیزبی توودە لەمێژ بوو هەوڵی دەدا ڕیزەکانی حیزبی ئێمە لە نێو خۆماندا بنکۆڵ بکا، هەر بۆ ئەو مەبەستەش چەند کەسێک لە لایەنگرانی خۆی لە بەرگی حیزبی دیمۆکراتدا خزاندبووە نێو حیزبی ئێمە....." لە شوێنێکی تردا دەڵێ:

 "ئەگەر ئەو کەسانە بە ڕەسمی بۆ ڕیزی حیزبەکەی خۆیان، واتە حیزبی توودە بگەڕێنەوە و لە ڕیزەکانی ئەو حیزبەدا درێژە بە چالاکی سیاسی  خۆیان بدەن لە ڕوانگەی حیزبی ئێمەوە ئاسایییە."

جگە لەوەش هەر یەک لە ئەندامانی بەڕێوەبەری حیزب لە پەلامارێکی بەربڵاودا زۆر بە ناشیرینی و دوور لە ئەخلاقی سیاسی و تەشکیلاتی هێرشیان کردە سەرمان کە نموونەیەکی لە فەرمایشەکانی کاک مەلا ڕەسووڵ و کاک مستەفا شەڵماشیدا دەبینن و باسی ئەوانی تر ناکەم. بۆ ماوەی زیاتر لە سێ ساڵ بە تاوانی زۆر ناڕەوای توودەیی بوون زیندانی حیزب بووم، بە بێ ئەوەی تا ئێستاش تاقە یەک بەڵگەیان بەدەستەوە بێ. ئەو بەڕێزانەش وەک دادگاکانی خەڵخاڵی سەرەتا لە لای خۆیان تۆمەتبار مەحکووم دەکەن و حوکمەکەشیان ئیجرا دەکەن، دوای ئەوە بۆ بەڵگە دەگەڕێن کە تا ئێستاش هیچیان دەست نەکەوتووە. لە هەل و مەرجێکدا کە حیزبی توودەش لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە تەنگی پێ هەڵچنرابوو، بە تۆمەتی ناڕەوای توودەیی بوون منیان بە سپای پاسداران تەحویل دا. بە تاوانی دیمۆکرات بوون مەحکووم بە ئیعدام کرابووم، با تاوانی توودەیی بوونیشی بێتە سەر کە ڕێگەی دەرچوونم نەبێ. کاک جەلیل کاتێک دڵنیا بو من لە بیر و باوەڕی خۆم کە وەفادار بوون بە بڕیارەکانی حیزبی دیمۆکراتی کوردستانە پاشگەز نابمەوە، بە بێ شاردنەوە پێی گوتم دەتنێرینەوە با ئەوان ئیعدامت بکەن. لەبەری نەپاڕامەوە و گوتم هەرچی دەیکەن با بیکەن. کردیشیان.

 پێش ئەو کارە ناڕەوایە و دوای سێ ساڵ زیندانی بوونم، کە هەر ڕۆژێکی مەرگێک بوو، دوای مانگێک هەوڵدانی دڵسۆزانەی بەڕێز کاک حامید گەوهەری بەرپرسی ئەو کاتەی زیندان، کە زگی بە من و زیاتر لە من بە حیزب دەسووتا و بۆ پەشیمان کردنەوەم لە ڕێبازی پێشمەرگایەتی و وازهێنان لە سەرسەختی و خۆڕاگری هەوڵێکی بێ ئاکامی لەگەڵ دام، ڕەحمەتی کاک جەلیل گادانی شارەزاتر لە ساواکی شا بۆ ماوەی چوار سەعات لێپرسینەوەی لێ کردم و هەمووشی لە سەر کاسێت تۆمار دەکرد. دەیویست تاقە وشەیەکیش بووە بە قازانجی خۆیان شتێک لە من ببیسێ کە بۆنی سستی، بێ بڕوایی، خۆ ڕانەگرتن و داوای لێ خۆش بوونی لێ بێ. خۆم بە دەستەوە نەدا.

وا دیارە کاک مستەفای ئەندامی دەفتەری سیاسی ئەو ڕۆژانە ئاگای لەوانە نیە. کە دەڵێ:"کاک فاڕووقی کەیخوسرەوی کە ئەندامی کومیتەی ناوەندی بوو، لە لایەن حیزبەوە گیرابوو. وەک ئەندامی کومیتەی ناوەندی دیارە دوای ئەو مەوزیعەی بەڵام حیزب چی لەگەڵ کرد؟ ئەسڵەن نە زیندانی کرد، نە هیچی پێ گوت، نە ئەسڵەن لە گوڵی کاڵتر وەکوو دەڵێن پێی نەگوت. بەڵکوو پێشمەرگەشی لەگەڵ نارد هەتا لە مەرزی حیزب ڕەد دەبێ کوتی کاکە ئەتۆ باوەڕت بە جەمهووری ئیسلامییە، بچۆوە نێو جەمهووری ئیسلامی." من هیچ پێوەندییەکم بە کۆماری ئیسلامییەوە نەبوو، لایەنگریشم نەدەکرد، تەنیا باوەڕم بە شەڕ لەگەڵ کۆماری ئیسلامی نەبوو، لە زیندانی کۆماری ئیسلامیدا، ئەویش لەو هەل و مەرجە هەستیار و پڕمەترسییەدا، لە سەر ئامانجە ڕەواکانی حیزب پێداگریم دەکرد، ئاکامەکەشی دەرکەوت. ئەوەندەی من لە سەر ئامانجەکانی حیزبی دیمۆکراتی کوردستان هاتمە دەنگ و داوای بە ئەنجام گەیاندنیم کرد، ئەگەر لە سەدا یەکی بۆ ڕەوایی حیزبی توودە هەوڵم دابا، ئێستاکە شەرعیەت بەو حیزبە درابوو. باوەڕم پێ هێنان کە دەبێ خزمەت بە زمانی کوردی بکرێ. دوای ڕزگار بوونم لە زیندان دەست بەجێ بە کەلک وەرگرتن لە کەسایەتی بەرزی مامۆستا هێمن بڵاو کردنەوەی گۆڤاری "سروە"مان دەست پێ کرد.

2-6-2-  دوای بۆمباران کردنی زیندانی دۆڵەتوو لە بەهاری 1360 (1981)دا زیندان گوێزراوە بۆ گوندێکی چۆل کراو بە ناوی گردێنە. ڕۆژێک مامۆستای بەڕێز مەلا ڕەحیمی عەبباسی هاتە ئەو شوێنە و داوای کرد چاوی پێم بکەوێ. لەبەر مەترسی فڕۆکەکانی عێراقی لە کونە ئەشکەوتێکدا بە خزمەتی گەیشتم. باسی ناکۆکی نێو حیزب و هەڵوێستی پێڕەوانی کۆنگرەی چوار هاتە پێش، بە وردی هەموو پرسیارەکانی ئەو بەڕێزەم وەڵام داوە. قەناعەتی بە بۆچوونەکانم کرد و  فەرمووی:

  •  هەموو قسەکانت ڕاستن، بەڵام سەد بریا ئەو قسانەتان لە کوردستان کردبا نەوەک لە کەرەج.
  • جەنابی مامۆستا ئێمە لە کونە ئەشکەوتی گردێنەدا قسە دەکەین، کەرەجی چی؟
  • مەبەستم کاک غەنی و برادەرانی دیکەتانە کە چوونەتە کەرەج.
  • مەگەر من بە تاوانی گوناهی ئەوان زیندانی کراوم؟ مەگەر ڕەوایە تاوانی کەسێک بدرێتە پاڵ کەسێکی تر؟
  • مەگەر پێکەوە نین؟
  • قەت لەگەڵ ئەوە نیم لەم بارودۆخەدا لە دەرەوەی کوردستانەوە حیزبایەتی بکەین، پێشمەرگە بە ناوەکەیدا دیارە، نابێ لە مەرگ بترسێ، نابێ لە ترسی گیانی خۆی وڵاتی خۆی بەجێ بێڵێ. من ماومەوە، لێرەش ئەوەندەی لە توانامدا بێ دەیکەم.
  • هەق بە تۆیە، بەڵام تۆش دەبێ بیرێک لە ژیانی ماڵ و منداڵی خۆت بکەیەوە.
  • جەنابی مامۆستا ئەگەر مەترسی شەڕ لە وڵاتدا نەمێنێ ماڵ و منداڵی هەموو هاونیشتمانان دەحەسێنەوە، بنەماڵەی ئێمەش وەک ئەوان.

  بەڕێوەبەرایەتی حیزب ئەوەندەی بە گوێی خەڵکدا خوێندبوو کە ئەوانە توودەیی و تەسلیم تەڵەب و ....ن کە ڕێزدارێکی وەک مامۆستا مەلا ڕەحیمی عەبباسیش کە لە زیندانی حیزبدا و لە شاخەکانی کوردستاندا هاتبووە سەردانمان باوەڕی کردبوو منیش بوومەتە پەنابەر لە کەرەج و تەسلیمی حکوومەت بووم.

2-6-3-  دە با بۆ مێژووش بووە دوای 41ساڵ ئەوەندەی دێتەوە بیرم چەند دێڕێک لە لێپرسینەوەکانی کاک جەلیلی ڕەحمەتی و وەڵامەکانی خۆم لێرەدا بگێڕمەوە. ئەو بەڕێزە، کە ئێستاش وەک مامۆستایەکی خۆم لە لای من ڕێزی هەیە و بێ ڕێزی پێ ناکەم، هەمووی لەسەر کاسێت تۆمار کردبوون و لای حیزب ماوە. ئەگەر وا نەبوو تکا دەکەم بڵاوی بکەنەوە. ڕەنگە گێڕانەوەی زارەکی خۆم کە بەڵگەی نووسراوم بە دەستەوە نیە،جێگەی باوەڕ نەبێ و وا بزانن خۆم هەڵدەکێشم. کاک حامید گەوهەری لە دوو کتێبی خۆیدا، ("ڕاستییەکان بۆ خۆیان دەدوێن" و "ئەزموون") بە ناتەواوی بەشێک لەو لێپرسینەوەی بڵاو کردۆتەوە کە ئەوانە وەک کتێب بڵاو کراونەتەوە. تەنیا هێندێک هەڵەی تێدایە کە دروستەکەی دەنووسم. کاک جەلیل خۆیشی لە کتێبی "با نەبێتە درۆی پاش مردوو"دا چەند بابەتێکی باس کردووە کە ئەویش چەند هەڵەیەکی تێدایە و ڕاست و دروستی ئەوانەش دەنووسم:

  کاک حامیدی گەوهەری زۆری هەول دا کە پێشنیاری حیزب قەبووڵ بکەم تا ڕێگایەک بۆ دەرباز بوونی خۆیان لەو وەزعە بدۆزنەوە.  من وازم لێ هێنابوون، ئەوان وازیان نەدەهێنا. ڕاستییەکەش ئەوە بوو بەڕێوەبەری حیزب کۆیلەی دەستی من بوون. ژیان ئەوەی نەدەویست پەلەقاژەی بۆ بکەم. ئەویش بۆ کەسێک کە پێشمەرگە بێ و گیان لە سەردەست بۆ ڕزگاری نەتەوەکەی تێ بکۆشی. هەر بە بیریشمدا نەدەهات بۆ ڕزگاری خۆم واز لە بیر و باوەڕم بێنم. ماوەیەکی پێ چوو کاک جەلیلی گادانی بۆ خۆی هاتە زیندان و بانگی کردم. چوومە خزمەتی و وەک عادەتی خۆی، کە هەمیشە زۆربڵێ بوو، زیاتر لە سەعاتێک قسەی کرد و ئامۆژگاری کردم، بە بێ ئەوەی جارێک گوێ لە قسەم بگرێ و بزانێ قسەکانی چەندەی شوێن لە سەر داناوم. وای دەزانی بە دوو فەرمایشی خۆی من لە ڕابردووم پەشیمان دەکاتەوە. وای دەزانی کە چۆن لە تاران دەچوومە خزمەتی و ئێستاش هەر خۆشم دەوێ لە قسەی دەر ناچم. دەزگایەکی تۆمار کردنی دەنگیشی دانابوو کە ڕستەیەک یا وشەیەک بە مەیل و داخوازی ئەوان لە دەمم دەرچێ لە سەر من بیکا بە بەڵگە، هیچی دەست نەکەوت. کاک جەلیل لە کتێبی "با نەبێتە درۆی پاش مردوو"دا و لە وەڵامی کاک کەریمی حیسامیدا، باسی ئەو دیدارەی کردووە کە بەداخەوە هیچی ڕاست نیە. ئەوەندەشی ڕاست نیە کە درۆکەی پاش مردوو نەکردبێ، بەرەوڕووی زیندووش درۆی کردووە.

ئەوەش بڵێم کاک حامیدی گەوهەری کە لەو رۆژانەدا تازە کرابوو بە بەرپرسی زیندان، ساڵی 2002 (1381) لە سوێد لە وەڵامی ئەم کتێبەی کاک جەلیلدا کتێبێکی بڵاو کردۆتەوە بە ناوی"ڕاستییەکان بۆ خۆیان دەدوێن." سەرەتا دەقی نووسینەکانی هەر سێ بەڕێزیان بڵاو دەکەمەوە کە هێندێک لە وەڵامەکانی منی تێدایە. ڕەنگە کەم کەس لە خوێنەرانی ئازیز ئەم کتێبانەیان دیبێ و ئاگاداری بن. منیش چەند ساڵە گوێم نەداوە بەو قسانە و باسم نەکردوون. گلەیی و گازندەشم لە کەس نیە. چاوەڕوانی پاداش و پێزانینی نەتەوەی خۆیشم نیم، هەتا زیندووم خۆم بە قەرزداری نەتەوەکەم دەزانم. کارێکی ئەوتۆم نەکردووە شایانی پاداش بێ. ئەوەندەی ڕێز و حورمەتیان گرتووم لە سەریشم زیادە. ئەوەی بە سەرم هاتووە تاوانی بیر و باوەڕی کوردایەتی خۆمە. کورد گوتەنی لە ئاو بدەی قولاپەت تەڕ دەبێ. بەڵام ئاگادار بوون لە ڕاستی ڕووداوەکان مافی خوێنەرە، بەتایبەتی بەرەی تازە پێ گەیشتوو پێویستی  بە ئەزموون و تەجرەبەی ڕابردووانە. منیش ئەوە بە ئەرکێکی نیشتمانی دەزانم ئەوەی کە دەیزانم نەیبەمە ژێرگڵ.