ئیسرائیل لە بەردایە هێرشێکی وا بکاتە سەر ئێران کە ببێتە هۆی ڕوخاندنی ڕژێم

ژمارەی بینەر 1028

2024-10-20

وه‌رگێڕانی: هێرش پاڵانی

 ڕۆژنامەی تایمزی بەریتانیا دەڵێ کە ئیسرائیل لە ڕاوێژدایە لەگەڵ ئامریکا سەبارەت بە وڵامدانەوەی هێرشە مووشەکییەکەی ئێران کە لەم مانگەدا روویدا، ئیسرائیل لە پلانەکەیدا سپای پاسداران و هێزەکانی بەسیج و بنکە و دام و دەزگاکانیانی وەک ئامانج دەستنیشانکردووە، ئامانجێکی سێیەم و ناڕاستەوخۆشی مەبەستە کە ئەویش: هاندانە بۆ گۆڕینی ڕژێم.

لە راپۆرتەکەی تایمزدا باس لەوە کراوە کە بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە وتارێکی ڤیدیۆییدا کە چەند ڕۆژێک پێش هێرشە مووشەکییەکەی ئێران بڵاوکراوەتەوە، رووی لە خەڵکی ئێران ئاماژەی بەم بابەتە کردوە. ناتانیاهۆ وتوویە: ڕێگە مەدەن گروپێکی بچووکی دەمارگرژی ئایینی هیوا و خەونەکانتان وردوخاش بکەن. خەڵکی ئێران دەبێ بزانن کە ئیسرائیل لەگەڵ ئێوەدایە، کاتێک ئێران ئازاد بوو، کە ئەو ئازادیەش لە دەم و ساتدایە و، ئەو ساتەش زۆر خێراتر لەوەیە کە خەڵک بیری لێدەکەنەوە، هەموو شتێک جیاواز دەبێ.

ڕەخنەگران دەڵێن ڕەنگە ئەو وتارە کە بە زمانی ئینگلیزی بوو، ئاڕاستەی وڵاتانی ڕۆژئاوا و ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی، کە لە دەرەوەی ئێران دەژین کراوە. لە هەمان ئاخەوتنیدا ناتانیاهۆ هیوای خواست هێرشە ئاسمانییەکانی داهاتووی ئیسرائیل یارمەتیدەر بن بۆ لاوازکردنی هێزەکانی سپای پاسداران و بەسیج، کە دوو پایەی ڕژێمن و، وەک هێزی سەرکوتکەر هەموو کات کاریگەر بوون لە دامرکاندنەوەی ناڕەزایەتییەکانی دژ بەو ڕێژیمە.

بەرپرسێکی ڕۆژئاوایی لەم هەفتەیەدا سەبارەت بە پلانەکەی ئیسرائیل وتوویە: پلانیان هەیە بە توندی لە ئێران بدەن و ئاماژەی بەوەشکرد کە ئەمە دەبێتە هۆی بوێری و جووڵەی پتری ئۆپۆزسیۆنی ئێران . بە رای رۆژنامەی تایمز، ناتانیاهۆ، کەسێکی واقیعبینە و وا نازانێ بە شەپۆلێکی هێرشی ئاسمانی، یان تەنانەت چەند شەپۆلێکیش، لە گەڵ هاندانی ڕاپەڕینی جەماوەری، ڕژێمی ئێران دەڕووخێ. بەڵام بەشێک لە سەرکردایەتی ئیسرائیل، لەوانە وەزیرە ڕاستڕەوە، توندڕەو هاوپەیمانەکان کە پشتیوانی لە ڕێوشوێنی توند دژی ئێران دەکەن، پێیان وایە ئەمە دەرفەتێکی چارەنووسسازە کە دەتوانرێ هاوسەنگی هێز لە ناوچەکدا بگۆڕدڕێ بە قازانجی ناوچەکە وا هەست دەکرێ گیری خواردووە لە نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لە لایەک ، و ئێران و میحوەری بەرخۆدان لە لایەکی ترەوە. ئەم بۆچوونە بە لێدانی سەری حەسەن نەسروڵڵای ڕێبەری حیزبوڵڵا، کە بەهێزترین بریکاری ئێران بوو کە دەیان ساڵە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئیسرائیل ئێران چاندبووی، بەهێزتر بوو.

فیراس مەقسەد، هاوکارێکی باڵای ناوەندی لێکۆڵینەوەی پەیمانگای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، وتی: ئیدارەی جۆ بایدن و ئیسرائیلییەکان گەیشتوونەتە تێگەیشتنێکی گشتی لە مەڕ دژهێرش بۆ سەر ئێران، کە قۆناغی یەکەمی وەڵامدانەوەی ئیسرائیل سنووردار دەبێ بۆ سەر ئەرته‌ش و سپای پاسداران و بەسیج و، خۆیان لە لێدانی دامەزراوە ئەتۆمی و نەوتییەکان دوور دەکەنەوە. بەم پێیە ئامانجەکانیان زۆرتر لە سەر بەسیج و سپای پاسدارانی چڕدەکەنەوە، کە وەک هەندێک هیواخوازن، رەنگە فشارەکان لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان رژیم و خەڵک زیاد بکا. هەرچەند ڕەنگە ئامریکاش وا باوەڕ نەکا کە ڕژیم لە ئێران دەستبەجێ تووشی هەڕەشەی شۆڕشێکی جەماوەری دەبێ، بەڵام ئەگەری ئەوەش دوور نیە کە ئامریکا چاو لە ئاست پێداگری ئیسرائیل بۆ هێرش بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکان و نەوتییەکانی بنووقێنێ. تا ئێرەی ئامریکا بۆیە دەیەوێ پێش لە هێرشکردنە سەر ئەو دامەزراوانە بگرێ چون لە پەرەگرتنی شەڕی بەربڵاو نیگەرانە و، پێیوایە ئەگەری ئەوە هەیە کە وەک دژکردەوە تاران پیتاندنی یۆرانیۆم خێراتر بکا بۆ دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی، یان رەنگە هێرش بکاتە سەر کێڵگە نەوتییەکانی ناوچەکە. کە دواینیان دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخەکان پێش هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی مانگی داهاتوو و، دەرفەتی زیاتر دەرەخسێنێ بۆ دۆناڵد ترەمپ، کاندیدی کۆمارییەکان، بۆ بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی. 

هەروەها پێدەچێت هێرشی ئیسرائیل کاردانەوەی جیاوازتری ئێران بەدوای خۆیدا بهێنێ. مەقسەد وتی: پێویستە وڵامدانەوەی ئیسرائیل وەک یەکەم تەقە چاو لێبکەین. وەڵامی ئێرانیشی بە دوادا دێتەوە و ئەمەش دەمانباتە ئەودیوی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا. لەم کاتەدا ناتانیاهۆ هەلی زیاتری بۆ هەڵدەکەوێ بۆ وەڵامدانەوەی بە شێوەیەکی فراوانتر.

سەرکەوتنەکانی ئەم دواییەی ئیسرائیل لە دژی حیزبوڵڵا لە لوبنان، لەوانە ئەو هێرشانەی کە تواناییەکانی هێزی شەڕکەریان کەمکردەوە و هێرشە ئاسمانییەکان کە کەسایەتییە سەرەکییەکانی وەک نەسروڵڵای لە ناوبرد، ڕەنگە هاندەری توندڕەوانی هاوپەیمانی دەسەڵاتداری ناتانیاهۆ بێ بۆ فراوانکردنی شەڕ لە دژی دوژمنە سەرسەختەکەیان. دەزگا ئەمنیەتی و هەواڵگرییەکانی ئیسرائیل کە دەیان ساڵە خەریکە لێکۆڵینەوەن لە ئێران، ڕەنگە قەناعەتیان بەوە نەبێ کە هێرشی سەربازی یان نهێنی بتوانێ عەلی خامنەیی ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامیی ئێران بڕووخێنێ.  سەنام وکیل، بەڕێوەبەری بەرنامەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئافریقا لە چاتم هاوس دەڵێ: من بۆم دژوارە باوەڕ بکەم کە دەزگا ئەمنییەتیەکان ئەو کارەیان پێی بکرێ. مەحاڵە ئیسرائیل بتوانێ لەم ئاستەدا لە سەرکەوتن دەستەبەر بکا.

نەیارانی ڕێژیمی سەرکوتگەری ئێران لە ئێستادا کاریگەرترن لە لایەنگرانی کۆنەپارێزی ئێران. کەمی بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی و سەرۆکایەتی ئەمساڵدا، دوای داوای بایکۆتی ئۆپۆزیسیون، کە نزمترین ئاستی خۆی تۆمارکرد تا ئێستا و دوای دوو ساڵ لە سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکان دژی مامەڵەکردن لەگەڵ ژنان، نیشانەی بەرچاوی لاوازی رژیمە.  شرۆڤەکاران دەڵێن، ڕەنگە ئەم راست بێ کە ئەم ڕەوتە ئاماژەیە بۆ قەناعەتێکی گەورەتر لە نێو ئێرانییەکاندا کە گۆڕانکاریی ڕژێم پێویستە نەک چاکسازی، بەڵام جەختیش لەوە دەکەنەوە کە کەم کەس بە فەرمانی زلهێزێکی بیانی پێشوازی لەم گۆڕانگارییە بنەرەتیە دەکەن. ئێران کە وا دیارە هەست بە هەڕەشەی جیدی دەکات، ڕەنگە ڕێوشوێنی توندی پێشوەختە لە دژی هەر نیشانەیەک لە ناڕەزایەتی بگرێتەبەر

سه‌رچاوه‌: رۆژنامەی شەرقولئەوسەتی عەرەبی