لە نێوان ئاشتی و چەک دا

ژمارەی بینەر 1912

2023-11-08

وه‌رگێرانی له‌ عه‌ره‌بیه‌وه‌: هێرش پاڵانی

بە پێچەوانەی ئەو ئیدیعا سەرسەختانەی کە لە کولتوری بژاردە و جەماوەریدا باوە، ئەو هەموو شەڕ و پێکدادان و هێرشە خۆکوژی و چەقۆی چێشتخانەكان، نە زەوی، نە دەوڵەت و نە مافیان بە فەلەستینی و عەرەبەکان بەخشی، نە ڕێگرییان لە  پرۆژەی نیشتەجێبوون و تەراتێنی ئیسرائیل لە فەلەستیندا كرد.

هەروەها نیوەی دووهەمی ڕاستییەکه ئەوەیه که هەموو ئەو “دەسکەوتانەش که تاکوو ئێستاش به‌دەست هاتوون، لەوانه وەرگرتنەوەی  دەشتاییەکانی سینای میسری، دۆڵەکانی عەڕەبای ئوردن، کەڕتی ڕۆژئاوا و غەزه، له‌ ڕێگه‌ی دانوستانی ئاشتیانەوە بەدەست هاتوون. با دواین دەسکەوتیشمان لە بیرنەچێ، چوار گۆشەی بلۆکی پترۆڵی لوبنان لە ئاوە هاوبەشەکان لە گەڵ ئیسرائیل، کە لە مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردوودا ڕێکكەوتنامەکەی واژۆ کرا. کاتێک دەسەڵاتدارانی لوبنان هاوشانی حزبوڵڵا ڕووبەڕووی دوو بژاردە بوونەوە: هێز یان دانوستان، دیارە دانوستانیان هەڵبژارد نەک شەڕکردن. لوبنانییەکان لەبڕی میلیشیاکان پەنایان بۆ پارێزەران برد، هەروەها نەخشەیەکیان واژۆ کرد کە سنووری دەریایی لەگەڵ ئیسرائیل بە فەرمی دەناسێت، دوای ئەوە بوو کە ڕێگەیان پێدرا بە دوای غاز و نەوتدا لە ئاوە هاوبەشەکاندا بگەڕێن.

 ئەمانە ڕاستی روونن لە مشتومڕی نێوان ئاشتی و چەکدا، تەنانەت ئەگەر کەسانێکیش ئاماژە  بە شکستەکانی ڕێککەوتنەکان وەک نمونە دەرئەنجامی شکستی پڕۆژە ئاشتیخوازانە و دانوستانکاریەکانی ڕێکەوتنەکانی ئۆسلۆ بکەن كه‌ ئیسرائیل به‌ به‌شێكی وه‌فادار نه‌بوو. بەڵام وەک دەوترێ  ئەم کێشە ناکرێ بە ئەقڵی ( یا گشت یا هیچ ) مامەڵەی لە گەڵ بکرێ. خواستەکانی گەلی فەلەستین بۆ دەوڵەتێکی سەربەخۆ کە قودسی ڕۆژهەڵات ببێتە پایتەختی و، گەڕانەوەی پەنابەران دابین بێ، بەدینایە مەگەر بە یەک لەم  دوو رێگا: یان بە زەبری چەک یان بە دانوستان. لە ساڵی ١٩٤٨ەوە بەکارهێنانی چەک بەردەوام ڕەوشی زاڵی خەبات بووە، بەڵام تا قەبارەی چەکەکە گەورەتر بووە، زیانەکانیش گرانتر بووە. هەڵبەت پەیوەندی نێوان شەڕ و زیانەکانی شەڕیش بۆ هەمووان روونە. ئەگەر هێزێک هەیە کە بتوانێت دامەزراندنی دەوڵەتی فەلەستینی دەستەبەر بکا، با تکایە وەپێش کەوێ. ڕاستییەکەی ئەوەیە کە هێزێکی وا بوونی نیە و، هاوسەنگی هێزیش  پێماندەڵێ قورسایی شکست بە کام لادا سەنگینی دەکا.

 کورت و پوخت، باشترین بژاردە لە خراپترین بارودۆخدا دانوستانە.  لەم قەیرانە مەترسیدارەدا دەرفەتێک بۆ چارەسەری ئاشتیانە بەدی دەکرێ، بە  واتایه‌كیتر وەک دەڵێن، دەرفەتی گەورە لە سکی کارەساتە گەورەکانەوە لەدایک دەبێت. نەتانیاهۆ لاواز بووە، هەتا ئەگەر لە شەڕی غەزەشدا سەرکەوێ و حەماس لە پێ بخا، هێشتا هیچ هیوایەکی بە مانەوە نییە.  چوون زۆرینەی ڕای گشتی ئیسرائیل پێداگری لە لەسەرکار لابردنی دەکات. کەوایە دانوستان تاکە بژاردەیە کە دەمێنێتەوە و، دەکرێ هیوای پێ ببه‌سرێ تاکوو شتێک لە فەلەستین و، بۆ فەلەستینییەکان بپارێزێ و کۆتایی بە ئازارە درێژخایەنەکانیان بهێنێت. بەم شێوە رەنگە دەرفەتێک بڕەخسێ بۆ کۆتایهێنان بە کەڵکاوەژووی ناوچەیی و بە بارمتەگرتنی پرسی فەڵەستین لە لایەن هەموو ئەو لایەنانەی کە لە مێژە بۆ ئامانجەکانی خۆیان، رەوای ئەم پرسە دەقۆزنەوە.

سەرەڕای بانگەوازی بەردەوامی دروشمی چەک، کەچی پڕۆژەی  هێرشی چەقۆكان، ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژکراو و هێرشی گەریلای، هەرگیز سەرکەوتوو نەبوون، نە خاکیان گەڕاندەوە و نە دەسکەوتێکیان دەستەبەر کرد. هێرشە بەرفراوانەکانی مانگی ئۆکتۆبەریش بە هەمانشێوە، بەڵکوو هەنووکە مەترسی لە پێچەوانە روودانیش زۆر زیاتره‌ . جگە لە هەزاران کوژراوی مەدەنی، ئەمڕۆ ترسمان لەوە هەیە کە غەزەش لەدەست بدەین و لە ساڵانی داهاتوودا داواکاریمان لە مەڕ گەڕاندنەوەی  ئه‌م کەرته‌ رۆشتوه‌دا، چڕکەینەوە

 توندوتیژی و چەک ئامانجیان تێکدانی هەموو پڕۆژەیەکی ئاشتیە و، هەندێک لە هێزە ناوچەییەکانیش بێ پرینگاوە بەردەوام دەبن لە پەنابردن بۆ کاریگەری توندوتیژی. ڕاستییەکە ئەوەیە کە هەموو هەوڵە گەورە خۆکوژییەکان و پێکدادانە چەکدارییەکان لە ماوەی سێ دەیەی ڕابردوودا لە پێناو لە باربردنی هەوڵەکانی دانوستاندا بوون. شەڕی  ئەم قۆناخەی ئێستای غەزەش دوای چەند هەفتەیەک لە قسەکردن لەسەر بیرۆکەی دانوستان بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی فەلەستین سەریهەڵدایەوە. باوە دەڵێن کاتێک ناتوانێت لە گەڵ کەوی، وەک ئەوەی لەگەڵ ڕێککەوتنەکانی ئۆسلۆدا ڕوویدا، هەوڵبدە تێکی بدەی. وەک نمونە بیانوودان بە ئیسرائیلییە توندڕەوەکانی، وەک نه‌تانیاهۆ، بۆ خۆدزینەوە لە پابەندبوونیان بە رێککەوتن. ئاشکرایە زۆربەی ئۆپراسیۆنە چەکدارییەکانیش تاکوو ئێستاش بە پاڵپشت و دنەدانی هێز و دەوڵەتە ناوچەییەکانی ناڕازی بە رێکەوتنەکان بەڕێوچوون، بۆ نمونە سەدام حسێن و حافز ئەسەد و ئێران. بۆ دەرکەوتنی راستیەکان هەرکەسێک بیەوێت دەتوانێت پێداچوونەوەیەک بە مێژووی هاوشانی دوو ڕێڕەوەکەی  ئۆپەراسیۆنە چەکدارییەکان و پڕۆژەکانی ئاشتیدا بکات.

 ئەوەی لە مانگی ئۆکتۆبەردا ڕوویدا هاوشێوەی هێرشی خۆکوژییەکانی سبتامبری ٢٠٠١ە، کاتێک حەماس سەرکەوتوو بوو لە تێکدانی دانوستانەکانی تابا_واشنتۆنداو، لە کۆمەڵێک هێرشی هاوکاتدا ٩ ئیسرائیلی کوشت. ئیسرائیل لەبری ئەوەی هێرش بکاتە سەر پێگەکانی “گوردانەکانی قەسام” لە غەزە، بە بەکارهێنانی تانک و هەلیکۆپتەر ناوەندەکانی دەسەڵاتی فەلەستینی لە ڕامەڵا تێک و پێکدا. حەماس و وڵاتانی نەیاری ئاشتی سەرکەوتوو بوون لە هەڵوەشاندنەوەی پڕۆژەکەی کلینتۆن، کە دواتر حەماس لە هەوڵێکدا ڕایگەیاند کە ئامادەیە دەسپێشخەرەیەکە قبووڵ بکات ئەگەر جارێکی دیکە بخرێتەوە سەر مێزی دانووستان، بەڵام تازە زۆر درەنگ بوو. کلینتۆن ڕۆیشت، قاعیدە هێرشی کردە سەر ئامریکا، ئامریکا هێرشی کردە سەر ئەفغانستان و عێراق، پڕۆژەی فەلەستینیش بۆ ماوەی بیست ساڵ له‌ هه‌ناسه‌ كه‌وت. پرۆژەکانی نیشتەجێ بوون فراوانتر بوون، دەسەڵاتی فەلەستین بچووک بووەوە، بارودۆخی خەڵکی غەزە خراپتر بوو. ئەمەش کورتەیەک لە مێژووی بێ خێری چەکه‌ بۆ زیاتر لە حەفتا ساڵ.

 سەرەڕای بانگەوازی بەردەوامی دروشمی چەک، کەچی پڕۆژەی  هێرشی چەقۆكان، ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژکراو و هێرشی گەریلای، هەرگیز سەرکەوتوو نەبوون، نە خاکیان گەڕاندەوە و نە دەسکەوتێکیان دەستەبەر کرد. هێرشە بەرفراوانەکانی مانگی ئۆکتۆبەریش بە هەمانشێوە، بەڵکوو هەنووکە مەترسی لە پێچەوانە روودانیش زۆر زیاتره‌ . جگە لە هەزاران کوژراوی مەدەنی، ئەمڕۆ ترسمان لەوە هەیە کە غەزەش لەدەست بدەین و لە ساڵانی داهاتوودا داواکاریمان لە مەڕ گەڕاندنەوەی  ئه‌م کەرته‌ رۆشتوه‌دا، چڕکەینەوە. با لە بیرمان نەچێ، هەتا غەزە خۆی لە دانوستانەکانی ئۆسلۆدا وەرگیرایەوە، نەک بە چەک بەڵکوو لەسەر پێداگری ئیدارەی کلینتۆن بە مەبەستی بەشداری پێکردنی حەماس لە هەڵبژاردنەکانی فەلەستیندا، سەرەڕای دژایەتی فەتح ڕادەستی حەماس کرا.

 ئایا ئەم تێڕوانینە هەڵەیە؟ نەخێر. لەگەڵ چەک و شەڕ، ئەگەر بەشێک بن لە بەرنامەی کاری دامەزراوە سەربەخۆ و یەکگرتووەکانی فەلەستین، بوونی سپا و چالاکی سەربازی بەشێکە لە پڕۆژەی دەوڵەتی فەلەستین. شەڕ بۆ خۆی ئامانج نییە، شەڕ ئامرازێکە کە ئامانجی گەیشتن بە چارەسەر بۆ گەڕاندنەوەی مافەکانە. حەماس پلانی داڕشت و هێرشێکی بەرفراوانی ئەنجامدا، کە گەورەترین هێرش بوو لە دوای شەڕی ١٩٧٣بەڵام ئۆپەراسیۆنێکی بێ ئامانج بوو. بێجگە لەوە، هەوڵدانێک بوو بۆ پەکخستنی پڕۆژەی ئاشتی، کە لە کۆتاییدا بە ویستی فەلەستینییەکان دەبێ وەگڕکەوێتەوەو نە بە پێچەوانەی ویستی ئەوانەوە.

سەروتاری رۆژنامەی به‌ ناوبانگی (شەرقولئەوسەتی) سعودیه‌، كه‌ رۆژی سێشه‌ممه‌ ٧ی نۆڤه‌مبه‌ر له‌ ماڵپه‌ره‌كه‌یاندا بڵاوبوه‌ته‌وه‌.