خەیانەت چەمکێکی گشتی و فراوانە کە لە زۆر شوێن، نووسین و هەڤپەیڤیندا بەکار دێت. بەپێی فەرهەنگی کەمبریج، خەیانەت واتە وەفادارنەبوون بە وڵات یان کەسێک، کردنی کارێک کە دەبێتە هۆی ئازاردانی ئەو، بۆ وێنە یارمەتیدانی دوژمنەکانی. خەیانەت شکاندن و پێشێلکردنی گرێبەست، باوەڕ و متمانەیە کە بەریەککەوتنی ئەخلاقی و دەروونی لە پێوەندی تاک لە گەڵ تاک، ڕێکخراوە لە گەڵ ڕێکخراوە یان تاک بەرانبەر بە ڕێکخراوەکان بەرهەم دێنێت.
رۆجێر جەکسۆن خەیانەت بە گرفتی خەڵک و فهیلهسۆفی دەزانێت. دەڵێت: "فهیلهسۆفەکان دەبێت چەمکی خیانەت لەگەڵ چەمکە ئەخلاقییەکانیتر ڕوون بکەنەوە و هەڵکەوتەکانی خیانەت تاوتوێ بکەن. لە ئاستی کردەییدا خەڵک دەبێت بتوانن لە خیانەت بگەن و دەرەنجامەکانی وەربگرن: واتە تێپەڕاندن و سەرپەرشتیکردنی و نەکەوتنە بەر سووکایەتی. ئەوەی ئێمە پێویستمانە گوزارشتێکی تێگەیشتەیی ڕوونە لە چەمکی خەیانەت کە جیاوازی بکات لە نێوان خەیانەتی ڕاستەکی و وێنایی(ئاواتخوازانە). بۆیە ڕێنوێنییەکی سیستەمیمان پێویستە بۆ هەڵسەنگاندنی خەیانەت لە ژیانی ڕاستیدا."
خەیانەت لە بواری کرداریدا دەتوانێت لە چەند ڕوو و بواردا ڕوو بدات. بۆ وێنە لایەنی سۆزداری و خۆشەویستی نێوان دوو مرۆڤ یان دوو ئاژەڵ، گرێبەست و هاوکاری ئابووری لە نێوان دوو هاوبەش و خاوەن سامان یان لە نێوان خاوەنکار و کرێکار، لە بواری وەرزشی و پاڵەوانیدا یاریزانێک یان ڕاهێنەرێک خەیانەت لە هاودەستەکانی خۆی بکات و دەرەنجامەکان بگۆڕێت، لە بواری کاری زانستی، کۆمەڵایەتی و گشتییەوە کە تاک یان گرووپێک، نهێنی و دەسکەوتی گرووپەکە گشتی بکەنەوە یان ڕادەستی لایەنێکیتری بکەن.
بەڵام قووڵترین، ڕژدترین و پڕئاسەوارترین خەیانەت لە بواری سیاسی، نیشتمانی، سەربازی و نەتەوەییدا ڕوو دەدات و دەرەنجامەکانی بۆ ساڵانێکی زۆر ڕێژەیەکی زۆر لە خەڵک دەخاتە ژێر کاریگەری و چارەنووس، باری ژیان، دەروونناسی و پێکهاتەی سیاسی و کۆمەڵایەتی و سنووری جوگرافیایی ئەو کۆمەڵە مرۆڤە تووشی گۆڕان دەکات.
خەیانەت لەبەرانبەر بە ئەرک و ئەمەگداری بە بەرژەوەندی گشتیدا ئەوێستێتەوە و بە قوربانیکردنی بەرژەوەندی زیاتر و گشتی بۆ ئاوات و دەسکەوتی بچووکی تاکەکەسی، گرووپی و خێزانی، بە پێشێلکردنی گرێبەستی ئەخلاقی، نیشتمانی و ڕاگەیەندراو بۆ ڕێکەوتنێکی نەهێنی و ژێربەژێر، بە سەرکەوتن بەسەر دیواری متمانە، پەرژینی وڵات و سنوورەکانی وەفاداریدا بۆ دابینی خۆپەرەستی و مەسڵەحەت و ئیدۆلۆژی، گۆڕانێکی قووڵ لە سایکۆڵۆژی و باری سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی کۆمەڵگەیەکدا درووست دەکات.
هۆکارەکانی تێوەگلان بە خەیانەت لە پۆلێنی سیاسی و نیشتمانیدا، دابەش دەبن بەسەر چوار پۆلدا.
پارە، ئیدۆلۆژی، مەسڵەحەت و خۆپەرەستی کە لە پێناسەی ئینگلیسییەکەیدا بە MICE ناسراوە، واتە
Money, Ideology, Compromise, Ego
یەکهم: پارە، سامان و دەوڵەمەندبوون Money
بۆ ئەو کەسانەی خەیانەت هەڵدەبژێرن، یەکەمین و ئاسانترین هۆکار، داهاتی خێرا، ئاسان و بێئارەقڕشتنە. ئەو کەسانەی کە دەیانهەوێ زوو دەوڵەمەند بن، ژیان و تێچووی ژیان بەبێ ماندووبوون و ئارەقڕشتن دابین بکەن و بەهرەمەندی و خۆشگوزەرانی خۆیان و خێزانیان باشتر بکەن، بیر لە ڕێگەی کورت و خێرا و ئاسان دەکەنەوە: خەیانەت.
بۆ بەدەستهێنانی سامان و پارە و داهات هەمیشە دەبێت بارتەقایەک بدەیت و شتێک لە پێناودا دابنێیت. هیچ کات پارە و سامان بەخۆڕایی بەدەست نایەت. لێرەدا، خەیانەتکار بۆ گەیشتن بە سامان و پارە، بەرژەوەندی گشتی و نیشتمانی دەکاتە بارتەقا و خۆی پێ دەوڵەمەند دەکات. لە توێژینەوە لە هۆکارەکانی خەیانەتکردن، مادە و پارە و سامان، زۆرترین پشکی بهر دەکەوێت.
بۆ وێنە ڕۆبێرت هانسێن، گەورە سیخوڕ و خەیانەتکاری ئەمریکایی کە بۆ ماوەی ٣٠ ساڵ زانیاری بە سۆڤیەت فرۆشت و بووە هۆی بەفەتەراتدانی چەندین سیخوڕی ئەمریکایی، لە پێویستی بە پارە و دابینی خەرجی خێزانەکەی دەستی پێکرد. یان گرێتە بەرترامی دانمارکی کە لە سەردەمی داگیرکردنی دانمارک بەدەست نازییەکان زانیاری خەباتگێڕانی دانمارکی دەفرۆشت بە نازییەکان و بووە هۆی کوژرانی لانیکەم ٩ کەس و ئەشکەنجە و زیندانیبوونی سەدان کەس، وەک بێوەژنێک لە هەژاری و بەدەستهینانی پارە بۆ دابینی ژیان دەستی پێکرد.
لە مێژوودا هەزاران و میلیۆنان نموونە دەبینینەوە کە تاکەکان بۆ پارە و تەماحی مادی، بەرژەوەندی نیشتمانی، گیانی هاونیشتمانی و هاوڕێ و هاوحیزبی خۆیان کردۆتە دەستمایە. لە خودی کوردستانیش، بەهۆی هەژاری و زوو و ئاسان دەوڵەمەند بوون، نموونەی زۆرمان لە تێوەگلان بە خەیانەت و هاوکاری لەگەڵ دوژمنان و داگیرکەرانی کوردستان هەیە، کە بەرزترین و ڕووتترین نموونەی، دۆزی جاشایەتییە لە کوردستان.
دووهەم: ئیدۆلۆژی Ideology
چەمک و کارکردی ئیدۆلۆژی بەشێوەیەکە کە پێناسە و بایەخی ناوچەیی و جوگرافی و وڵات ناناسێت یان کەم بایەختر دیارییان دەکات. بەجێی نیشتمان و نەتەوە و پابەندبوون بەم چەمکانەوە، بایەخ گەلێكیتر ئاراستە دەکات کە نیشتمان و نەتەوە لە پلەیەکی نزمتردان و سەوداکردن پێیانەوە بۆ خزمەت بە ئیدۆلۆژییە جیهانییەکە، ئاسان و ڕێگەپێدراوە.
بۆ وێنە لە ئیدۆلۆژی مارکسیستیدا، چەمکی جیهانی و نێوەنەتەوەیی هەمیشە لەسەروو نەتەوە، جوگرافی و سنوورەوەیە. لە ئیدۆلۆژی دینیدا، برایان و خوشکانی جیهانی، سەرخستنی پرسی دینی لە ئاستی جیهانیدا و بەدینی(بەموسوڵمانکردنی) زۆرترین مرۆڤ لە ئاستی جیهاندا، لە پرسی هاونیشتمانی و ناسنامەی نەتەوەیی و جوگرافیای گەل بەهێزترە. ههر بۆیه ئاساییه کە بەرژەوەندی کەم بایەختر(نەتەوە و جوگرافیا) قوربانی بەها مەزنترەکانی وەک چینی کرێکار و ئۆمەتی دینی بکرێن.
هەندێ جار تاکەکان دەکەونە گێژاوی گرفتی دەروونی و بۆ بەلاڕێدابردنی هەستی دەروونی لەسەر خۆیان، کارگەلێک دەکەن کە تووشی ورووژان، ترس، خەیاڵ و هەیەجانیان بکات. لەڕاستیدا بۆ شاردنەوەی ئەو کێشمەکێشە دەروونیانەی هەیانە، کارگەلێکیتر وەک سیخوڕی و خەیانەت دەکەن، تاکو لەپەنای ئەودا، گرێ و ئاڵۆزییە سایکۆلۆژییەکانی خۆیان لەبیر بکەن و خۆیان لە خۆیان بشارنەوە.
لە ڕاستیدا، پەروەردە بەپێی ڕاهێنانەکانی ئیدۆلۆژی، تاکەکان بەجۆرێک بار دێنێت کە چەقی هزر و هەڵبژاردنیان زمان و هاوزمان، نەتەوە و نیشتمان، جوگرافیا و پاوان نەبێت، بەڵکو بڕوا، ئیمان، چین، دەق و تیئۆری کردەیینەکراو پێش دەکەوێت و گرینگترە. بۆیە بازدان بەسەر بایەخە نیشتمانییەکاندا، یان لێردا خەیانەتکردن لە نیشتمان بۆ بەرژەوەندی ئیدۆلۆژی، جگە لەوەی ڕێگەپێدراوە، ئەرک و پێویستییە.
سێهەم: مەسڵەحەت و رێکەوتن Compromise
لە هەندێ هەڵکەوتدا، تاک تووشی خراپکاری و تاوان دەبێت. ڕەنگە ئەم تاوانە، هەڵسوکەوتێکی تاکی یان ئەخلاقی بێت. بۆ وێنە پیاوێک حەزی لە هاوڕەگەزی خۆی بێت و پێوەندی سۆزداری و سێکسی لەگەڵ پیاوێکیتر هەبێت. یان پیاوێک یان خود ژنێک لەدەرەوەی چوارچێوەی خێزانی، پێوەندی سێکسی لەگەڵ کەسی سێهەم هەبێت و ئەمە بەجۆرێک لادان و شکاندنی پەیمان و سۆزی خێزانی بێت. کاتێک کەسێ ئەم چیرۆک و ڕووداوانە لە ژیانیدا هەیە، بەشێوەیەکی هێزەکی(بالقوە potential) ئامادەیی ئەوەی هەیە کە بکەوێتە بەر بەکارهێنان و دامەزراندن لە دەزگای سیخوڕیدا و لە کۆتایی خۆیدا خەیانەت بە نیشتمان و خەڵکی خۆی. واتە ئەم جۆرە کەسانە بەڵگەیەکیان لەلای نەیار و دوژمنی دەرەکی هەیە و ئەوان ئاگاداری ئەم خاڵە لاوازەی ئەو هەن. هەندێ جار دەزگای سیخوڕی دەرەکی بە ئانقەست تەڵە و نێچیر لەبەرپێی کەسەکەدا دادەنێت تاکوو پێوە بێت و گەندەڵ بێت. پاشان ئەو بەڵگانە لەسەری بەکار دێنن بۆ هاوکاری و دزین و ڕادەستکردنی زانیاری. بۆ وێنە گوشاری دەخەنە سەر ئەگەر هاوکاری نەکەیت، وێنە و بەڵگەنامە و پێوەندی ناعورفی و ناقانوونیت بڵاو دەکرێتەوە و لە ناو خێزان و هاوکار و کۆمەڵگەدا ئابڕووت دەچێت و کار و خێزان و پێوەندی کۆمەڵایەتیت لەکیس دەدەیت. لێرەدا کەسی پێوەبوو، بۆ ئەوەی پێگە، ژیان، ئابڕوو و پیشەکەی بپارێزێت، دەست دەداتە ڕێکەوتن، مەسڵەحەت و هاوکاری و لەگەڵ دەزگای سیخوڕی دەرەکی و بە داوا بۆ هاوکارییان دەڵێت بەڵێ و هەرچی زیاتر لە زەلکاوی گەندەڵی و خەیانەتدا ڕۆ دەچێ و ڕێگەیەکی گەڕانەوە لە پشت سەری خۆی نابینێت.
چوارهم: خۆپەرەستی Ego
خۆپەرەستی و دابینی خواست و ویستی دەروونی تاک، یەکێکیترە لە هۆکارەکانی تێوەگلان بە خەیانەت. لە هەندێ دۆخدا، تاکەکان لە منداڵیدا بەشێوەیەکی خراپ و خواروخێچ پەروەردە دەکرێن، دەکەونە بەر هەڵسوکەوتی خراپی دایک و باوک، کۆنتڕۆڵی لەڕادەبەدەر و نەبوونی ئازادی و خۆییبوون. لە گەورەساڵیدا، کاتێک دەرفەتیان بۆ دەڕەخسێت، بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو زوڵم و خەسارانەی لە منداڵیدا تێیان پەراندووە، دەست دەدەنە کارگەلێک بۆ دامرکاندنەوەی تووڕەیی و گرێ دەروونییەکانی خۆیان. لێرەدا ڕق یان هەست بە هیچبوون هێندە زاڵ دەبێت، کە بایەخی نیشتمان نابینرێت و بەئاسانی دێتە قوربانیکردن.
هەندێ جار تاکەکان دەکەونە گێژاوی گرفتی دەروونی و بۆ بەلاڕێدابردنی هەستی دەروونی لەسەر خۆیان، کارگەلێک دەکەن کە تووشی ورووژان، ترس، خەیاڵ و هەیەجانیان بکات. لەڕاستیدا بۆ شاردنەوەی ئەو کێشمەکێشە دەروونیانەی هەیانە، کارگەلێکیتر وەک سیخوڕی و خەیانەت دەکەن، تاکو لەپەنای ئەودا، گرێ و ئاڵۆزییە سایکۆلۆژییەکانی خۆیان لەبیر بکەن و خۆیان لە خۆیان بشارنەوە. بۆ وێنە لە دۆزی ڕۆبێرت هانسێندا، یەکێک لە هۆکارەکان بۆ پەنابردن بۆ سیخوڕی و خەیانەت، ئەو نالەبارییانە بوو کە ئەو لە ژیانی سێکسی و جووتبوونی لەگەڵ هاوسەرەکەی هەیبوو. جاری وایە کەس لە شوێنێک کار دەکات و هەست دەکات خزمەت و کارەکانی نەبینراوە. توانست و لێهاتووییەکانی لەبەر چاو نەگیراوە و لەجیاتی ئەو پلەی هاوکارێکی بەرز کراوەتەوە کە شیاوی نەبووە. لێرەدا تاک تووشی ڕق و ڕەشبینی دەروونی دەبێت و زەمینەی ئەوەی هەیە کە تۆڵە بکاتەوە. تۆڵەکردنەوە دەتوانێت لە خراپکارکردن و کەمکارکردنەوە بێت هەتا شکاندنی ئامێرێکی بچووک لە فەرمانگەکە. دەتوانێت خراپ بەڕێکردنی هاوڵاتی بێت یان نەدانی زانیاری بە شوێن و کەسی پێویست بێت. لە هەندێ خاڵەتیشدا دەتوانێت بگاتە ئاستی هاوکاریکردن لەگەڵ دەزگا و دوژمنی دەرەکی. لێرەدا، تاک جگە لەوەی زیرەکی و لێهاتوویی خۆی بەخۆی نیشان دەدات، هەستی ڕق و نەفرەتی خۆی دادەمرکێنێتەوە و بە بەرزکردنەوەی خۆپەرەستی و تاکی خۆی، بههاكانیتر دەکاتە قوربانی.
هەر لەم کاتەگوورییەدا، تاک بەشێوەیەکی گشتی لە سیستەم ناڕازییە و هەست دەکات ماف و بەرژەوەندی ئەو لەلایەن یاسا و دەوڵەتەوە خوراوە. پێیوایە سیستەم ناکارامەیە و ئەو کەسانەی لە دەسەڵاتدان، ئەو شایستەییەیان نییە کە حوکمڕانی وڵات بکەن. بۆیە بە ئەرک و پێویستی دەزانێت کە سیستەمەکە بنکۆڵ بکات و خزمەتی هێزێکی دەرەکی بکات بۆ لاوازکردن و لە کۆتاییدا لابردنی دەسەڵات. هەندێک لە هاوکاریکردنی تاکی خاوەن زانیاری لەگەڵ سێرڤیسە دەرەکییەکان، لەم پۆلەدا جێگەیان دەبێتەوە.
سەرچاوەکان
رۆجێر جەکسۆن
https://web.archive.org/web/20210508183013/http://www.nhinet.org/jackson13-2.pdf
ڕەندی بورکێت
An Alternative Framework for Agent Recruitment: From MICE to RASCLS
Randy Burkett
https://cyberwar.nl/d/fromCIA.gov/Burkett-MICE%20to%20RASCALS.pdf
پێناسەی خەیانەت لە ویکیپێدیا
https://en.wikipedia.org/wiki/Betrayal
دۆسیەی ڕۆبێرت هانسێن لە یوتووب، کارمەندی FBI کە سیخوڕی بۆ KGB دەکرد
https://www.youtube.com/watch?v=v40HN6dNaAk