تورکیا، لە دووڕیانی گەڕانەوە و ماڵئاوایی له‌ سێکولاریزم

ژمارەی بینەر 1738

2023-06-19

 

لەوەتەی رەجەب تەیب ئەردۆغان بووەتە کەسی یەکەمی سیاسەتی تورکیا، یەکێک لە گەرمترین باسەکان پرسی سێکولاریزمە لەو وڵاتە. تورکیا ئەگەرچی لەلایەن زۆر کەسەوە وەک نموونەیەکی دەسەڵاتی سێکولار لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەبیندرێت، بەڵام لە بنەڕەتدا وێنەکە پێچەوانەیە. پێچەوانەبوونی وێنەکە چەندە پەیوەستە بە کارەکتەری ئەردۆغان، زیاتر لەوە پەیوەستە بە قۆناخی پێش ئەردۆغان. تەنانەت هەندێک لە رەگ و ڕیشەی کێشەکان دەگەڕێنەوە سەردەمی دامەزراندنی کۆماری تورکیا و پێشتریش. تێگەیشتن لەوە پەلکێشمان دەکات بۆ هەڵدانەوەی لاپەڕەکانی مێژوو، لەگەڵ ئەوەشدا پێویستمان بەوەیە بە وردی دەستوور و یاسا بەرکارەکانی تورکیا و سیاسەتی ناوخۆ و دەرەوەی ئەو وڵاتە بخوێنینەوە.

بنەچەی سێکولاریزم لە تورکیا

بنەمای سێکولاریزم لە تورکیا لە کۆتایی دەسەڵاتی عوسمانییەوە یەکێک بووە لە دیارترین تەوەرەکانی گفتوگۆ. لەگەڵ هاتنە سەرکاری سوڵتان مەحموودی دووەم، ئەم بابەتە چووە قۆناخێکی نوێوە. لەو سەردەمە سوڵتان مەحموودی دووەم یاداشتێکی شێخولئیسلام دەدڕێنێت کە داوایکردبوو دەرچوانی قوتابخانە ئاینییەکان بخرێنە سوپاوە، دەسەڵاتی دەستبەسەرداگرتنی موڵک و ماڵ، رێگریکردن لە بڵاوکردنەوەی نەریتی بێگانە بدرێتە دەست شێخولئیسلام. (1)

ئەم سەردەمە، لە ئەدەبیاتی سیاسی تورکی وەک سەردەمی "رۆشنگەری تۆتالیتار" ناوزەند دەکرێت. بەو پێیەی سوڵتان مەحمود لە دوای دڕاندنی نامەکە، داوا لە شێخولئیسلام دەکات جگە لە پرسی ئاین دەست بۆ هیچ بابەتێکی دیکە نەبات، لەبەرئەوەی لەدەسەڵاتی سوڵتانە. ئەم مامەڵەیە، ئەگەرچی هەرگیز ئاماژە نییە بۆ دەسەڵاتێکی سێکولار، بەڵام دەکرێت وەکو هێما بۆ قۆناخێک بیبینین کە کاریگەری لەسەر پێش ئەو قۆناخەش هەبووە.

دوای مردنی سوڵتان مەحموودی دووەم، سەردەمی سوڵتان عەبدولمەجیدی کوڕی دەستیپێکرد. ماوەیەکی کەم دوای هاتنە سەرکاری، کۆمەڵێک ریفۆرمی لەچوارچێوەی "فەرمانی رێکخستنەکان" (Tanzimat Fermanı) ئەنجامدا.

لە دیارترین ئەو ریفۆرمانە، دانانی یاسایەکی تایبەت بە سزاکان و یاسایەکی تایبەت بە بازرگانی بوو، هەردوو یاساکە لەژێر کاریگەری یاسا بەرکارەکانی فه‌ره‌نسا لەو سەردەمە داندرابوون، بەمەش ئەو دوو پرسە لە دەسەڵاتی ئاینی دوورخرانەوە و درانە دادگا.((2 

هەر لەم چوارچێوەیەدا، بۆ یەکەمجار، بناغەی زانکۆ بەنێوی "دارولفنون" لە ئیستانبوڵ دادەنرێت، بەڵام هێشتا کاریگەری بەرەی کۆنەپەرست بە سەر ئیمپراتۆریەتی عوسمانی زیاترە لە بەرەی نوێخواز. باشترین نموونەیەک بۆ ئەم باسە دەرکردنی جەمالەدینی ئەفغانییە لە ئیستانبوڵ دوای پێشکەشکردنی بابەتێک و تۆمەتبارکردنی بە "هەرتەقە".

ئەم بەرەو پێشچوونانە چوونە قۆناخێکی جیاوازترەوە، کاتێک مورادی پێنجەم دوچاری نەخۆشی دەروونی بووەوە و لە بەرانبەر وەرگرتنی تەختی ئیمپراتۆریەتەکەدا عەبدولحەمیدی دووەم بەڵێنی بە سەدری ئەعزەمی ئەوکات(مەدحەت پاشا) دا کە ئەگەر دەسەڵات وەربگرێت، دەستوور بۆ ئیمپراتۆریەتەکە دەنووسێتەوەو تەنانەت بەڵێنی ئەوەیشیدا کە پاشایەتییەکی بێمەرج قبوڵ ناکات. هەموو ئەو گۆڕانکاریانە سەردەمی مەشروتیەتی یەکەمی دواتر مەشروتیەتی دووەمی لێکەوتەوە.

هاوتەریب لە گەڵ ئەم رووداوانە، دامەزراندنی ئیتحاد و تەرەقی، پرسی سێکولاریزمی لە تورکیا بردە قۆناخێکی دیکەوە. بەو پێیەی درووشمە سەرەکییەکانی لە شۆڕشی فەڕەنسیەوە وەرگرتبوو کە "دادوەری، ئازادی، یەکسانی و برایی" بوون. ئەگەرچی هیچ کاتێک پرسی سێکولاریزم دروشمی سەرەکی نەبوو، بەڵام هەر یەک لەو دروشمانەی سەرەوە راستەوخۆ پەیوەست دەکرانەوە بە پرسی دەوڵەتێکی سێکولارەوە.

ئەردۆغان، سوودێکی گەورەی لە ئیسلام وەرگرت و بە هەموو شێوەیەک بەگەڕیخست لەبەرژەوەندی خۆی. جارێک دەرگای بۆ حەماس و جارێک بۆ ئیخوان موسلمین کردەوە، تەنانەت خودی ئەردۆغان بۆ چەندین ساڵ هێمای "رابیعە"ی کردە درووشمی خۆی و لە زۆرینەی گوتار و میتینگە جەماوەریەکانیدا بڵندی دەکردەوە. لە سەردەمی ئەردۆغان، بۆ یەکەم جار وەزارەتی دەرەوەی تورکیا بە ئاشکرا ئەوەی راگەیاند کە ئاینی دەوڵەتی تورکیا ئاینی ئیسلامە، ئەمەش لە وەڵامی کۆمەڵێک قسەی مەترانی ئەسینا.

لەهەمان کاتدا، ئیتحادییەکان لە ناوەڕۆکدا سیاسەتێکی سێکولاریان نەبوو، ئەمە بە دیاریکراوی لە سیاسەتی ئیتحادیەکان بەرانبەر گەلانی دیکە بە تایبەتی ئەرمەن و یۆنانی و کەمینە کریستیانەکانی دیکە و دواتریش کورد و عەلەوی هەستی پێدەکرا. لە پاڵ ئەوەشدا ئاڵای ئیتحاد و تەرەقی وشەکانی (اللە، ناموس، اتحاد، وطن) ی لەسەر نەخشێندرابوون، کە ئەمانەش پێچەوانەی خودی سێکولاریزمن.

لەگەڵ دامەزراندنی کۆماری تورکیا، پرسی سێکولاریزم چووە قۆناخێکی نوێوە، بەڵام کاتێک لە دەستووری ساڵی 1921ی کۆماری تورکیا دەڕوانین، بۆمان دەردەکەوێت کە سێکولاریزم بەشێک نییە لە دەستوور، ئەمەش بەهۆی ئەوەی لەو دەستوورە لە مادەی دوو ئاماژە بەوە دراوە "ئاینی دەوڵەتی تورکیا ئاینی ئیسلامە و زمانەکەشی تورکیە"(3)

لە 29ی ئۆکتۆبه‌ری 1923، کۆماری تورکیا دادەمەزرێت. یەکەم هەنگاوی ئەو دەوڵەتە نوێیە، دانانی دەستوورێکی نوێیە بۆ تورکیا. لەم نێوەندە، لە 20ی نیسانی 1924، ماددەی دووەمی دەستوور دەگۆڕدرێت و تەنها بەشی دووەمی کە پەیوەستە بە زمانی فەرمیەوە دەمێنێتەوە. وەک بەشێک لە پرۆژەی "مۆدێرنیزاسیۆن"ی تورکیا، لە 5ی شوباتی 1937 ، بۆ یەکەم جار لە چوارچێوەی هەمواری دەستوور وشەی سێکولاریزم دێتە ناو دەستوورەوە، ئەمەش بەگوێرەی مادەی دوو، کە تیایدا هاتبوو، " دەوڵەتی تورکیا کۆماریە، ناسیۆنالیستییە،  گەلگەرایە، دەوڵەتگەرایە، سێکولار و شۆڕشگێڕە. زمانی فەرمی تورکی یە. بارەگاکەی لە شاری ئەنقەرەیە" (4)

سەرۆکایەتی کاروباری ئاین

لە 3ی مارتی 1924، سەرۆکایەتی کاروباری ئاین (Diyanet İşleri Başkanlığı) بە فەرمانی مستەفا کەمال ئەتورک دامەزرا. ئەوکات مستەفا کەمال بانگەشەی مۆدێرنیزاسیۆنی دەکرد، بەڵام دامەزراوەیەکی راگەیاند کە تەنها تایبەتە بە ئاینی ئیسلام و لە ئیسلامیشدا ئاینزای حەنەفی.

هەڵبژاردنی ئاینزا (مەزهەب)ی حەنەفی لەلای ئەتاتورک درێژەپیدانبوو بە میراتێکی کۆنی عوسمانی، بەهۆی ئەوەی عوسمانییەکان جگە لە حەنەفی، هیچ ئاینزایەکیان بەدەستەوە نەبوو کە رێگەیان پێبدات وەک کەسێکی نا قورەیشی خەلافەت بگرنە دەست، ئەمەش بەهۆی ئەو فەرموودەیەی پەیامبەری موسڵمانان کە تیایدا خەلافەت دەبەستێتەوە بە قورەیشەوە (لا يَزَالُ هَذَا الْأَمْرُ فِي قُرَيْشٍ مَا بَقِيَ مِنْهُمُ اثْنَان)(5)

بەستنەوەی دامەزراوەیەکی وەها گرنگ بە تەنها یەک ئاینزاوە، هاوکاری زۆرمان دەکات لەوەی تێبگەین تورکیا هەرگیز وڵاتێکی سێکولار نەبووە. بەوپێیەی لە تورکیا هەرگیز دەوڵەتێکی بێلایەن بەرانبەر ئاینەکان نەبووە. تورکیا نە ئێستا و لە رابردوو، دەوڵەتێک نەبووە بە یەک دووری لەنێوان هەموو ئاین و ئاینزاکان بوەستێت.

ئەم نموونەیەی تورکیا رێک پێچەوانەی نمونە فرانسییەکەی سێکولاریزمە کە ئەوان وەک (Laïcité) ناویدەبەن و خودی سێکولاریزمی تورکی لەوەوە وەرگیراوە و بەوهۆیەوە لە تورکیدا ناوەکەی کراوەتە (lâik).

لە فه‌ڕه‌نسا، یاسای جیاکردنەوەی دەوڵەت و کلێسا ساڵی 1905، تێپەڕێندراوە کە بە یاسای (Loi du 9 décembre 1905 concernant la séparation des Églises et de l'État) ناودەبرێت.

لە مادەی دووی ئەم یاسایە هاتووە، "کۆمار دان بە هیچ مەزهەبێکی ئایینیدا نانێت و پارەی پێنادات و پاڵپشتی ناکات"(6)

کاتێک بەراوردی ئەم نموونە فەڕەنسییە دەکەین لەگەڵ نموونە تورکیەکە، جیاوازی نێوان سێکولاریزمی راستەقینە و سێکولاریزمێکی ساختەمان بۆ دەردەکەوێت. لە تورکیا دەوڵەت پاڵپشتی مزگەوت دەکات، بەڵام پاڵپشتی کلێسا و سیناگۆگ و جەمخانە ناکات، تەنانەت پاڵپشتی لەو مزگەوتانەش ناکەن کە لەسەر ئاینزای شافعین.

لە دەرەنجامی بوونی ئەم دامەزراوەیە، هاوڵاتیانی کورد کە زۆرینەیان شافعین لەگەڵ ئەرمەن و سریانی و یۆنانی و جووەکان لە هەموو پاڵپشتییەکی دەوڵەت بێبەشبکراون و ئەوەی دەوڵەت لە پشتیەوە دەوەستێ ئاینزای حەنەفیە کە ئاینزای زۆرینەی نەتەوەی تورکە.

رۆڵی سەرۆکایەتی کاروباری ئاین، تەنها لێرە کۆتایی نایەت، بەڵکو ئەم دامەزراوەیە رۆڵێکی ئێجگار هەستیار و کاریگەر دەگێڕێت لە وەرگێڕانی گوتاری دەوڵەت بۆ گوتاری ئاینی. باشترین نموونە بۆ ئەمە، فەرمانکردنە بە هەموو مزگەوتەکان لە کاتی هێرش بۆسەر رۆژئاڤای کوردستان تا وەکو لە پاڵ تەکبیر، سورەتی فەتح بخوێنن، کە ئەوە قۆناخێکی دیکەبوو لە لادانی پەردەی سەر رووی ئەو دامەزراوەیە، ئەمە جگە لە بەشداری کارای دامەزراوەکە لە بە خاکسپاردنی کوژراوانی سوپای تورکیا و بەشەهید لەقەڵەمدانیان.

ئەم مامەڵەیە پێچەوانەی ماددەی 136ی دەستووری تورکیایە کە تیایدا هاتووە، "سەرۆکایەتی کاروباری ئایین، لە چوارچێوەی ئیدارەی گشتیدایە، ئەو ئەرکانە جێبەجێ دەکات کە لە یاسا تایبەتەکەیدا بۆی دیاری کراوە، هاوتەریب لەگەڵ پرەنسیپی سێکولاریزم، پێویستە دوورکەوێتەوە لە هەموو تێڕوانین و بیرکردنەوەیەکی سیاسی و ئامانجە نیشتمانیەکەی هاودەنگی و یەکگرتن بێت”

جگە لەمانە، دامەزراوەکە راستەوخۆ دەستوەردان دەکات لەکاروباری یاسایی دەوڵەت، وەک ئەوەی دوای زەمینلەرزەی ئەمساڵ رویدا و رایگەیاند، "خەڵکی دەتوانن هاوسەرگیری لەگەڵ ئەو منداڵە بێ دایک و باوکانە بکەن کە لە خۆیانی دەگرن، بەو پێیەی چەمکێک بەناوی (تبني) لە ئیسلامدا نییە"

ئەم فەتوایەی دامەزراوەکە پێچەوانەی یاسای خێزانی تورکیایە، کە تیایدا لەخۆگرتنی منداڵ رێگەپێدراوە و منداڵ هاوشێوەی منداڵی بایەلۆژی کەسەکە مامەڵەی لە گەڵ دەکرێت و بەو پێیە هەبوونی هەر جۆرە پەیوەندییەک دەچێتە چوارچێوەی تاوانەوە. دامەزراوەکە لە 149 وڵات لقی هەیە و سەرپەرشتی ئەو مزگەوت و بنکانە دەکات کە راستەوخۆ لەلایەن تورکیاوە بودجەیان بۆ تەرخانکراوە، ئەمەش چەندین جار بووەتە هۆکاری درووستبوونی قەیرانی دیپلۆماتی لە نێوان تورکیا و وڵاتان کە دیارترینی قەیرانی نەمسا و تورکیا و فرانسا و تورکیا بوو.

حکومەت و ئایینەکان

دەوڵەتی تورکیا، لەدوای 1923 کۆدی رەچەڵەکی لەسەر پێناسی هاوڵاتیبوون بۆ پەیڕەوانی ئاین و ئاینزا کەمینەکانی ناو دەوڵەت بەکاردەهێنیت. بە کارهێنانی ئەم کۆدانە دەگەڕێتەوە بۆ دوای پەیماننامەی لۆزان و ئامانج لێی دوورخستنەوەی کەمینەکانە لەناوەندەکانی بڕیار. بەڕێوەبەرایەتی رەگەزنامەی تورکیا، ژمارە 1بۆ هاوڵاتیانی یۆنانی، ژمارە 2 بۆ ئەرمەن ، 3 بۆ جوەکان، 4 بۆ سریانی و 5 بۆ گرووپە ناموسوڵمانەکانی دیکە بەکاردەبات.(8)

ئەم کۆدانە بوونەتە هۆی درووستبوونی جیاکاری لە نێوان موسڵمان و ناموسڵمان لەو وڵاتە، هەر بۆیە لە دامەزراندنی کۆمارەوە تا وەکو ئەمڕۆ، یەک کەسی ناموسڵمان لە دەزگا سەربازی و ئەمنییەکانی تورکیادا نییە. تا وەکو ئێستا تورکیا عەقیدێکی جولەکە و فەرماندەی پۆلیسی بەڕەچەڵەک یۆنانی و دادوەرێکی ئەرمەنی نەبووە. وا دیارە کۆدکردنی نهێنی ڕەچەڵەک بە کارهێنراوە بۆ دڵنیابوون لەوەی کە ئەگەر کەسانی غەیرە موسڵمان ناسنامەکانیان بگۆڕن، هێشتا بتوانرێت لە خزمەتگوزاری گشتی دووربخرێنەوە

رەفتاری دەوڵەت و بێلایەن نەبوونی بەرانبەر ئاینەکان و پەیڕەوانی، لە سەردەمی حوکمڕانی رەجەب تەیب ئەردۆغان زیاتر دەردەکەوت. ئەردۆغان لە 24ی تەمووزی 2020 بڕیاریدا بەوەی جارێکی دیکە شوێنەواری ئایا سۆفیا کە لە بنەڕەتدا وەک کاتێدراڵێک لە سەردەمی ئیمپراتۆریەتی بیزانتی بنیادنراوە بکاتە مزگەوت و هاوشێوەی هەر مزگەوتێکی ئاسایی بدرێتە دەست سەرۆکایەتی کاروباری ئاین لە تورکیا.

پرسیار ئەوەیە، ئەگەر دەوڵەتێکی بێلایەن هەبوایە، ئایا سۆفیا دەبوایە بکرایەتە مزگەوت، یان بگێڕدرایەتەوە بۆ دۆخی سەردەمی بونیادنانی کە کاتێدراڵە؟

ئەردۆغان، سوودێکی گەورەی لە ئیسلام وەرگرت و بە هەموو شێوەیەک بەگەڕیخست لەبەرژەوەندی خۆی. جارێک دەرگای بۆ حەماس و جارێک بۆ ئیخوان موسلمین کردەوە، تەنانەت خودی ئەردۆغان بۆ چەندین ساڵ هێمای "رابیعە"ی کردە درووشمی خۆی و لە زۆرینەی گوتار و میتینگە جەماوەریەکانیدا بڵندی دەکردەوە.

لە سەردەمی ئەردۆغان، بۆ یەکەم جار وەزارەتی دەرەوەی تورکیا بە ئاشکرا ئەوەی راگەیاند کە ئاینی دەوڵەتی تورکیا ئاینی ئیسلامە، ئەمەش لە وەڵامی کۆمەڵێک قسەی مەترانی ئەسینا.

لە 18ی کانونی دووەمی 2021، وەزارەتی دەرەوەی تورکیا له‌ بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، "ئایینی خوداییمان کە ئیسلامە ئاینی ئاشتییە. لە سەر بنەمای تێگەیشتن لە لێبوردەیی و میهرەبانی، پێکەوە ژیانی ئایین و شارستانییەتە جیاوازەکان مسۆگەر دەکات. لەم هەلومەرجە، کاتێک کۆرۆنا هەموو جیهانی گرتوەتەوە، لەکاتێکدا پێویستە هەمووان هەوڵبدەن بۆ پەرەپێدانی ژینگەی ڕێزگرتن و لێبوردەیی بەرانبەر یەکتر، ناوزڕاندنی ئایینی پیرۆزمان جێگای داخە"(9)

ئەم راگەیەندراوەی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لەکاتێکدایە کە تا وەکو ئەمڕۆ، بە گوێرەی دەستوور بنەمای سێکولاریزم یەکێکە لە بنەماکانی کۆماری تورکیا و بەو پێیەش دەوڵەت هیچ ئاینێکی نییە، بەڵام وەزارەتی دەرەوەی تورکیا، ئاینی ئیسلام بە ئاینی خۆی ناودەبات. لەکاتێکدا بنەمای سێکولاریزم لە تورکیا، بوونی پارتی سیاسی ئاینی قەدەخە دەکات، بەڵام ئێستا لە تورکیا پارتی ئایینی بوونی هەیە کە دیارترینی "هوداپار"ە.

بەگوێرەی دوایین راپۆرتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، پێشێلکاری دژی ئاینەکان پەڕیوەتەوە ناو خزمەتی سەربازی زۆرەملێ، هەر بۆیە چەندین حاڵەتی مردنی گوماناوی لە نێو سەربازانی کورد و عەلەوی تۆمارکراون، جگە لەوە کریستیانەکان و عەلەویەکان، بە تایبەتی پەیڕەوانی کلێسای ئەرمەنی، رووبەڕووی کینە و ستەم بوونەتەوە.

ئەمە جگە لەوەی ئاماژەی بەوەداوە کە جووەکان، بەهۆی رەفتاری دژە جووییانەوە، ناچارن هەوڵی بەدەستهێنانی پاسپۆرتێکی دیکە بدەن و وڵاتەکە بەجێبهێڵن.(10)

مۆدێلی سێکولاریزمی تورکی

یەکێک لە جیاوازییە هەرە بنەڕەتیەکانی سێکولاریزمی تورکی ئەوەیە، هەڵقوڵاوی ناوخۆی وڵاتەکە نییە بەڵکو هاوردە کراوە. ئەمە وایکردووە، سێکولاریزمی تورکی مۆدێلێک بێت لە سەرەوە بۆ خوارەوە.

بەواتایەکی دیکە، کۆمەڵگەی تورکیا لەبنەرەتدا کۆمەڵگەیەکی سێکولار نەبووە، بەڵکو سێکولاریزمی بە سەردا سەپێندراوە لەچوارچێوەی پرۆژەی مۆدێرنیزە کردن.

هەرچۆنێک بێت، ئەم مۆدێلە ئەگەرچی لە جێبەجێکردندا تووشی کۆسپی زۆر بووەتەوە، بەڵام لەوە سەرکەوتوو بووە کۆمەڵگەی تورکیا بە حوکمڕانییەکی سێکولار قایل بکات. بەگوێرەی راپرسییەکی دامەزراوەی مێترۆپۆل، نزیکەی 69%ی هاوڵاتیانی تورکیا پێیان وایە تورکیا پێویستی بە سێکولاریزم هەیە. لەو رێژەیە، 56%ی دەنگدەرانی ئاکەپە، 84%ی دەنگدەرانی جەهەپە، 78%ی دەنگدەرانی ئی پارتی و نزیکەی 73%ی دەنگدەرانی هەدەپە پاڵپشتیان لە سێکولاریزم بۆ تورکیا کردووە.

بەڵام ئەوەی مۆدێلی تورکی زیاتر لە هەر شتێک خستووەتە ژێر پرسیارەوە، بێلایەن نەبوونی دەوڵەتە لە پرسە ئاینیەکاندا. ئەم کێشەیە وەک ئاماژەمان بۆ کرد لە دامەزراندنی کۆماری تورکیاوە هەبووە، بەڵام لەگەڵ هاتنی ئەردۆغان زیاتر بوو. ئەردۆغان کاتێک هاتە ناو دونیای سیاسەتەوە، لە یەکەم هەنگاویدا دەستی بە زیاتر تێک شکاندنی سێکولاریزم کرد و لە گوتارێکدا شیعرێکی خوێندەوە کە ناوەڕۆکەکەی ئەمە بوو: "منارەکان حەربەن، گومبەزەکان کڵاوی جەنگاوەرانن، مزگەوتەکان پادگانی ئێمەن، باوەڕداران سەربازن. هیچ شتێک ناتوانێت بمان ترسێنێت، تەنانەت ئەگەر ئاسمان و شوێنەکان بکرێتەوە، لافاو و گڕکان بە سەرماندا بڵاوبێتەوە. ئێمە باوباپیرانمانین، کە شانازی بە ئیمانمانەوە دەکەین، هەرگیز چۆک بۆ لەرزۆکەکان نادەین"(11)

خودی ئەم گوتارەی ئەردۆغان، راستەوخۆ ئاماژە بوو بۆ گەڕانەوە بۆ سەردەمی پێش گفتوگۆی سێکولاریزم لە تورکیا. لەم بارەیەوە عەزیز نەسین، نووسەری دیاری تورک بە ئاشکرا ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە کە تورکیا لەمێژە لەخانەی دەوڵەتانی سێکولار نەماوەتەوە، بەڵکو چووەتە دۆخێکەوە کە هەندێکجار سێکولار و هەندێک جار دەوڵەتێکی ئاینییە. نەسین تەنانەت لەو سەردەمەی کە ئەردۆغان سەرۆکی شارەوانی ئیستانبوڵ بوو، ئەردۆغانی بەوە تۆمەتبارکرد کەسێکی شەریعەتچییە.

ئەوەی وایکرد ئەردۆغان زیاتر لە دوو دەیە بەردەوام بێت لە حوکمڕانی، نەبوونی کلتوورێکی سێکولارە لە تورکیا. سێکولاریزم تەنها کۆمەڵێک یاسا نییە، بەڵکو پرەنسیپێکی کۆمەڵایەتی و سیاسییە کە ناتوانرێت بە زۆر بە سەر خەڵکدا بسەپێندرێت. رەنگە هەوڵدان بۆ ناچارکردنی هاوڵاتیان بەو پرەنسیپە چووبێتە ناو قاڵبێکی کولتوورییەوە، بەڵام بە درێژایی سەد ساڵی رابردوو، هەوڵەکان زیاتر یاسایی و زۆرجاریش سەربازی بووە.

رەنگە هەندێک جار بیانووی بەرگریکاران لە تورکیا ئەوە بووبێت کە مۆدێلی سێکولاریزم لە تورکیا، جیاوازە لەوەی فەڕەنسا، وەک چۆن بۆ نموونە سێکولاریزمی فەڕەنسی جیاوازە لە سێکولاریزمی بەریتانی. بەو پێیەی لە بەریتانیا ئەگەرچی لە رووی کولتوورییەوە دەوڵەتێکی سێکولار هەیە، بەڵام لە ڕووی یاساییەوە کۆمەڵێک تایبەتمەندی هەیە، بەو پێیەی پادشا کەسی یەکەمی دەوڵەتە و هەروەها ڕێبەری دامەزراوەی ئایینی دەوڵەتە کە کلێسای ئەنگلیکانیە، تەنانەت ئەندامانی ئەنجومەنی لۆردیش هەن کە تەنها لەبەر ئەوەی قەشە ئەنگلیکانن پۆستی سیاسییان هەیە، بەڵام ئەو نموونەیەی بەریتانیا وای نەکردووە دەوڵەت بێلایەنی خۆی لە دەستبدات لە بەرانبەر ئاینەکان. لە بەریتانیا هندییەک توانیویەتی ببێتە سەرۆکوەزیران، کوردێک بووەتە سەرۆکی بلۆکی زۆرینەی ئەنجوومەنی نوێنەران و موسڵمانێکیش بووەتە شارەداری لەندەن.

سێکولاریزم هێزێکی گرنگە لە تورکیا، بە تایبەت لە نێو هاووڵاتیانی خوێندەوار و ئەوانەی مەیلی ڕۆژئاوایی بوونیان هەیە، بەڵام ئەزموونی سەد ساڵی رابردوو، نیشانیداین کە ئەم هێزە نەک بە سەپاندن بەرگری لێناکرێت، بەڵکو گەر لە بوارە سیاسی و سەربازییەکەیەوە نەهێندرێتە بوارە کلتووریەکەی رەنگە وڵاتەکە بەرەو کێشەی گەورەتر ببات، بە تایبەتی کە ئێستا لە هەموو کات زیاتر هەژموونی تەریقەتە ئاینییە سونیەکان بە سەر حوکمڕانی وڵاتەکەوە رەنگیداوەتەوە.

 

1. engelhardt edouard - turquie tanzimat, PP:15-30

2. TANZİMAT FERMANI'NIN SİYASÎ VE HUKUKÎ NİTELİĞİ, Ahmet ERDOĞAN

3. 1921 Anayasası

4. 1924 TEŞKİLÂTI ESASİYE KANUNU

5. متفق عليه؛ رواه البخاري (3501) ومسلم (1820)

6. https://www.legifrance.gouv.fr/loda/id/LEGITEXT000006070169

7. https://www.al-monitor.com/originals/2023/02/uproar-turkey-religious-body-greenlights-marriage-quake-orphans

8.http://www.radikal.com.tr/turkiye/iste_soy_kodlari_rumlar_1_ermeniler_2_yahudiler_3-

9. https://www.mfa.gov.tr/no_-21_-atina-ve-tum-yunanistan-baspiskoposu-nun-dinimize-yonelik-ifadeleri-hk.en.mfa

10. https://www.state.gov/reports/2022-country-reports-on-human-rights-practices/turkey/

11. https://www.birgun.net/haber/erdogan-minareler-sungu-kubbeler-migfer-camiler-kislamiz-muminler-asker-368193