بۆ ئه‌حمه‌د حەسەن زادە باوکی شەهید محەمەد
ھانا ئارێنت لە کتێبی دۆخی مرۆیی‌دا، بەرامبەر گۆڕینی ئەڤین بۆ کەرەستەی دروستکردنی یەکیەتی و ئەو وێناکردنە ڕۆمانتیکەی تێیدا دڵداران لە وەحدەتێکی باڵادا لە''یەک''دا دەتوێنەوە -وەک تریستان و ئیزۆت [یان لەحه‌كایه‌تی کوردیی وەنەوش و بەڕەزادا]- دەڵێ: ''ئەڤین، بە جەوھەر نامۆ بە دنیا، هیچی لەدەست نایەت جگە درۆكردن یان لادان، کاتێک دەکرێتە دەسکەللای مەبەستی سیاسی بۆ گۆڕینی دنیا یان بۆ سەرفرازیی دنیا''(١). بۆ ڕاڤه‌ی ئه‌م گوته‌یه‌ی ئارێنت، ئالەن بەدیوو، کە ئەڤینی کردۆتە یەکێک لە چوار مەرجەکەی حەقیقەت یان خێرەکان (لە پاڵ زانست، ھونەر و سیاسەتدا)، له چاوپێكه‌وتنێكدا جه‌خت له‌وه ده‌كاته‌وه كه کاری ئەڤین نەک گۆڕینی فرەیی (مۆڵتیپلیسیتی) بۆ ''یەک''، بەڵکوو بردنی جیاوازییە بۆ نێو دڵی ''یەک'' و شکاندن و کردنیەتی بە ''دوو''، واتە ئەو کاتەی یەک دەبێت بە دوو، بە دوو ئەزموون دەکرێت و چیدی ''یەک'' نییە. ئەمە بە پێچەوانەی سیاسەتە، کە مەبەسته‌كه‌ی دروستکردنی جۆرێک یەکگرتووییە لە فرەیی: ''لە کاتێکدا سیاسەت جیاوازیی دەکاتە ماددەی خۆی و ھەوڵ دەدات لە توخمەکانی ئەم جیاوازییه لانیكه‌می یەکیەتییەکی چالاکانه دروست بکات، بە پێچەوانەوە، ئەڤین یەکیەتییە زاڵەکان لەت دەکات و سەروەریی دوو بە سەر ئەزموونکردنی دنیادا زاڵ دەکات''(٢). بە ڕێکەوت ئەم فۆرموولە دەکرێ زمانیش بگرێتەوە؛ زمان وەک توانستی ڕووت، وه‌ك تایبەتمەندییەک کە تایبەت نییە بە ھیچ زمانێک و ھەموو زمانەکان تێیدا ھاوبەشن، زمان وەک سەرمایەی لە موڵکایەتی و له‌گیران بەدەری مرۆڤەکان، کە ئەگەری یەکسانیی بنچینەیی لە خۆیدا ھەڵگرتووە و بە شێوەی ھێزەکی ھەمووان بە یەکسان تێیدا بەشدارن، دەشێ ئەو کاتەی دەکرێتە دەسکەللای سیاسەت بگۆڕێت بۆ کەرەستەیەک بۆ ''یەک''اندن و لێره‌وه‌ش کەرەستەی خەڵەتاندن، واتە ئەو شتەی کە دژ بە خودی ئیدەی زماندارییە: وه‌ك راستیی ھاوبەشی ھەموو مرۆڤەکان لەو لایەنەوە کە مرۆڤن. مێژووی دەوڵەت-نەتەوەکان، ئەو کاتەی زمان دەکەنە یەکێک لە بنچینەکانی خۆیان، شایەتی ئەم گۆڕینەی زمانە بۆ کەرەستەی دروستکردنی یەکیەتی لە نێوان ئاخێوەرانی زمانگه‌لی جیاوازدا، تا ئاستێک کە زمان لەوە بکەوێت کە بواری ھاوبەش و شوێنی ئه‌زموونكردنی یەکسانیی مرۆیی بێت و، به پێچه‌وانه‌وه زمان خۆی ببێتە کەرەستەی سەرکوت و ''دەسکەللای'' سیاسەت، ئەمەش تا ئاستێک کە سەرکوتکراوان زمانی دەوڵەتیش بە نوێنەری ستەم بزانن. ئەمەی کە بەشێک لە ڕزگاربووانی جوو، دوای ئاشویتس زمانی ئاڵمانی لەبیر دەبەنەوە و چیدی قسەی پێ ناکەن، تەعبیرە لەوەی دەسەڵات دەتوانێ چی لە زمان بکات و چۆن بیگۆڕێت بۆ کەرەستەی ستەم و سەرکوت.
لەم گوتارەدا ھەموو بەشدارییەک لە سیاسەتدا کورت کرایەوە بۆ نووسین بە کوردی و، بەم جۆرە زمان بووە پانتایەک بۆ پاشەکشێ و خۆدزینەوە لە سیاسەت. ئەم وێناکردنەی زمان وەک توخمی پارێزە و یەکخەر، کو‌لتوور لە جێگەی سیاسەت دادەنێت و، لە کولتووریشدا ھەموو شتیک بۆ پاراستنی زمان وەک کەلەپوور کورت دەکاتەوە. ئەم گۆڕانەی مەیدانی خەبات لە سیاسەتەوە بۆ زمانی کوردی، ئەگەرچی لە ئاستێکیدا پەرەی بە زمان دەدا، بەڵام وای دەکرد کە ھەموو کێشەکە بخرێتە سەر شانی زمان و خودی داوا بۆ ئازادیی زمانی کوردیی لە مەغڵەتە و بەراوردێکی فۆرماڵدا بە ئازادیی سیاسی یەکسان بکرێت.
ئەگەرچی ھانا ئارێنت کاتێ ئەم ھەستە لای خۆیشی دەناسێتەوە، دەتوانێ بڵێ : ''زانیم ئەمە ئایشمەن بوو کە شێت ببوو، نەک زمانی ئاڵمانی''. بەڵام ئەوەش ڕاستە کە نازییەکان زمانی ئاڵمانییان کردبوو بە زمانی کڵێشە، هه‌ر چۆن بۆ ئارێنت ئایشمەن نموونەی زمانی کڵێشەیی و بیری کڵێشەیی بوو. زمان لە وەھا دۆخێک‌دا دەبێتە کەرەستەی دابەشکردنەوەی دنیا بە سەر چاک و خراپ، رەوا و ناڕەوا، بەھادار و بێبەھا و کۆی ئەو دوانە لێکدژانەدا کە تێیاندا لایەکی ھاوکێشەکە چۆنێتیی خراپیی دەدرێتە پاڵ و نایه‌كسانیی ده‌كرێته شتێكی جه‌وهه‌ری و سرووشتی. به‌سه‌رهاتێك كه ئا ئاستێك كه‌نیناوییه، ئەم پێوەندییە بە باشی دەردەخات: جارێک مەلایەکی تورک لە سەر مینبەرەوە دەڵێت: ''ئەوەی تورکی نەزانێت، لە قیامەتدا ناچێتە بەھەشت''. پیرەمێردێکی نێو مزگەوتەکە دەگری و کە لە ھۆی گریانەکەی دەپرسن و پێی دەڵێن ''خۆ تۆ تورکی دەزانیت''، لە وەڵامدا دەڵێ: ''من تورکی دەزانم، بەڵام بۆ پێغەمبەر دەگریم، ئاخر ئەو تورکیی نەدەزانی''.
ئەوەی ئێمە بۆ ئێرە پێویستمان بێت، ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە چۆن زمان لە لایەن دەوڵەتانەوە کراوەتە کەرەستەی سەرکوت، ئەگەرچی زمان تاقە کەرەستەی سەرکوت و تواندنەوە نەبووە و زماننەزانەکان لە چرکەیەکدا دەگۆڕێن بۆ ''تیرۆرسیت''، ''ژیانێک کە شیاوی ژیان نییە'' و دەکوژرێن. هاوكاتیش ئه‌م كه‌ره‌ستاندنه‌ی زمانێك غەدرێک بووە لە خودی ئەو زمانانەی کە دەوڵەت کردوونی بە کەرەستەی نایەکسانیی و ستەم و، لە دواییشدا زۆربەی جار بۆ زمانی کڵێشە.
به‌ڵام گرنگتر لە گێڕانەوەی دەوری زمان لە دەوڵەتدا، تێگەییشتنە لە ڕوانینی ستەملێکراوانی پرۆژە نەتەوەییەکان بۆ زمانی خۆیان. بندەستانیش، بەتایبەت لە زەمینەی خەباتی رزگاریخوازانەی نەتەوەییدا، ئەو کاتەی شوناسیان لە ھەڕەشەدایە و چەکی پێویستیشیان بۆ رێگرتن لە داگیرکاریی بەدەستەوە نییە، پەنا دەبەنە بەر سەنگەری زمان و دەیکەن بە یه‌كێك له بنچینەکانی خەباتەکەیان. زۆربەی جار، به تایبه‌ت پاش شکستی سیاسەتی ڕزگاریده‌ر، زمان لای بندەستان دەکرێتە توخمی کۆکەرەوە و ''یەک''خەر و ئەو سمیتە کۆمەڵایەتییەی کە دەبێ لە ڕێگەیەوە جیاوازییەکان ڕێک و ''یەک'' بخرێن و له ڕێگه‌یه‌وه نەتەوە بینا بکرێت یان بپارێزرێت. ئەم ڕستە بەناوبانگ و کڵێشەییەی کە ''زمان کلیلی درگای زیندانە، کاتێ کە خەڵکیک کۆیلە کراوە''، تەعبیرێکی بەناوبانگی ئەم ڕوانگەیە. (ئەوەش بڵێین کە ھاوشانی دەوڵەت، ھەندێ بەشی بزووتنەوەی چەپ ھەبووە کە ھاوکاتی دژایەتی لەگەڵ ستەمی چینایەتیدا، زمانی نەتەوەکانی بە دژی یەکیەتیی پرۆلیتاریا زانیوە، وەک ئەو دۆخەی لە دڵی جۆرەکانی حیکمەتیسمدا دروست بوو و زمانی کوردی‌یان بە پارچەکەری پرۆلیتاریا دەزانی، ئەنجامیش کوردەکانی نێو حیکمەتسیم نە بە گۆڕینی زمان ھیچ تیۆرێکیان بەرھەم ھێنا و نە گۆڕینی زمان بۆ فارسی سەری خستن، چما کێشەکە زمانێکی دیاریکراو بێت، كه‌چی ئەوان به بێ‌ئاگا خۆیان بێ-زمان کردبوو.)
ئەوەی گوترا، بەشێک لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کوردیش دەگرێتەوە، بە ڕادەیەک کە مێژووی گەشەی زمانی کوردی دانەبڕاوە لە ئایدیای ڕزگاریی نەتەوەیی و چینایه‌تیی و زمانی کوردی لە دڵی بزووتنەوەکاندا گەشە دەکات. ئەم تێکەڵییە بە جۆرێکە تەنانەت زمانەکە زیاتر لە بواری ئەدەبی بەرگری، مێژوونووسی و زمانناسیی نەریتی و دەقی کلاسیکی چەپی لێنینیستیدا پێش دەکەوێت -ئەو پاشخانە مەعریفییانەی کە بۆ خەباتی ئایدۆلۆژیک و بەرەنگاری پێویست بوون- ھاوکاتی ئەوەی کە گەلێ بواری دیکەی زانستی و فیکری بە بەتاڵی دەمێننەوە. ئەمە لە ئاستێک‌دا، ھاتنەمەیدانی زمانێکە کە بە «نەبوو» و «ناتوان» دانراوە، نەبوویەک كه لە دڵی سیاسەتدا متمانە بە خۆی ده‌کات و خۆی ده‌ناسێتەوە، ھەر چۆن ئەمە بە مانای گۆڕانی بندەستانیشە بۆ سووژەی سیاسەت و دەرکەوتنی توانایەکە تێیاندا کە پێشتر وایان دەزانی لێی بێبەشن، مادام ئایدیای سیاسەت ئەوەیە کە ئەوەی بە ھیچ دانراوە ببێتە ''شتێک''.
کەسێک بیەوێت مێژووی پەخشانی کوردی بنووسێتەوە، ناتوانێت بە بێ ئایدیای ڕزگاریی سیاسی وێنای زمانی کوردی بکات. بەڵام مەبەستی ئەم یاداشتە نووسینەوەی مێژووی پەخشانیش نییە، بەڵکوو پتر دوانە له دۆخێك تێیدا زمان لای بندەستان دەکرێتە تاقه بنچینەی ''یەک''خەر و دەورێکی جێگرەوەی ھەموو جۆرەکانی خەباتی پێ دەسپێردرێت، کە رۆژھەڵاتی کوردستان نموونەیەکی زەقیەتی و تێیدا نوخبه‌یه‌ك ده‌یه‌وێ زمان بگۆڕێت بۆ بنچینەی خەبات و له پشتیه‌وه سه‌نگه‌ر بگرێت. ئه‌م ڕوانگه‌یه‌ش جیاواز و جودایه له‌و كاته‌ی كه ١٩٧٩ ده‌سته‌ی نوێنه‌رایه‌تیی كورد خوێندن به زمانی کوردی لە ھەموو قۆناغەکاندا ده‌كات به یەکێک لە مەرجەکانی خۆی و ھیچ ڕزگارییەک بەبێ ڕزگاریی زمانی وێنا ناکرێت، به‌ڵام زمان لای ئه‌و و له‌و سه‌رده‌مه‌دا هه‌موو سیاسه‌تێك نییه و ڕزگاریی زمان و دنیا له‌و روانگه‌دا لێیكدابڕاو و جودا نین و زمان و سیاسەت تێک تەنراون(٣). لەگەڵ شۆڕشی ١٩٧٩دا له رۆژهه‌ڵات، زمانی کوردی ئازاد دەبێت و ده‌بێته زمانی سیاسه‌تی په‌راوێزخراوان، توانا سه‌ركه‌وتكراوه‌كانی هه‌ناوی ده‌ته‌قێنه‌وه و ده‌بێته به‌شێكی دانه‌بڕاو له هه‌ر خواستێكی سیاسیی. به‌جۆرێك كه داوا بۆ مافی زمانییش، ھاوکاتە لەگەڵ ڕیزێک داوای سیاسی و مافناسانەدا، کە دەستەی نوێنەرایەتیی گەلی کورد لە دواییدا گەڵالەی دەکات. لەو کاتەدا، داوای مافی زمانی، خوێندن بووە بە زمانی کوردی لە ناوچەی ئۆتۆنۆمدا، دەقەکانیش دەبوا بەپێی خودی سیاسەتی ئۆتۆنۆمییەکە داڕێژرابان. دەزانین دواتر دەوڵەتی ئێران ناوچە ئازادەکان داگیر دەکات، سەرکوتی سەربازی و سیاسی دەست پێ دەکات و لە لایەنی زمانیشەوە ھەر ئەو سیاسەتە پێڕەو دەکات کە ڕژێمی پاشایەتی کردبووی، واتە کردنی زمانی فارسی بە تاقە زمانی ڕەسمی و ڕێگەپێدراوی خوێندن. بەڵام ئەم چرکەیەی شکستی سەربازی، تۆوی شتی مەترسیدارتری لە ھەناوی خۆیدا ھەڵگرتبوو و ڕووداوێکی دیکە بەڕێوە بوو: لەگەڵ پرۆسەی سەرکوتدا، کۆماری ئیسلامی دەست دەداتە چەند ھەوڵێک بۆ بەدەستەوەگرتنی زمانی کوردی. ھەندێ گۆڤاری وەک ''اصحاب انقلاب''، ''ئامانج'' و تایبەتنامەی ''ندای تەواب (نیدای تۆبەکاران) لە زیندانەکانەوە'' دەر دەکات. ئەسحابی ئینقلاب زمانحاڵی ھێزە بەکرێگیراوە کوردەکانی نێو کۆماری ئیسلامی (جاشەکان) بووە. دەشزانین ئەم گۆڤارانە ھیچکات وەرنەگیران، ئەگەرچی بە کوردی دەنووسراون، بۆیە زۆر زوو لە کارکەوتن. کە واتە بۆ خوێنه‌ران باسەکە تەنیا ئەوە نەبوو کە گۆڤار بە کوردی ھەبێت، بەڵکوو ئەوە بوو بە کوردی دەتوانی چی بڵێیت، کە ئەمەش سیاسەت و زمانی پێکەوە گرێ دەدا. لە ئاستێک‌دا حکوومەت دەیەویست بە گوتنی ئەمەی کە ''شەڕی ئێمە لەگەڵ کوفرە نەک لەگەڵ کورد''، درزێکی بیۆسیاسی بخاتە نێو کورد و دابه‌شی بكات، لە ئاستێکی دیکەشدا بە ڕێگەدان بە زمانی کوردی لای کوردەکانی خۆی، زمانی کوردیش لەت بکات یان بیکات بە موڵکی خۆی. ھاوکاتی سەرکوتی تەواوەتیی سەربازیی كوردستان و ھێزە سیاسییەکانی ڕۆژھەڵات، ھەوڵێکی دیکە دەست پێ دەکات و دەوڵەت دەیەوێ دوو سیما لە خۆی پیشان بدات. باڵێک لە حیزبی دیمۆکرات بە ناوی کۆنگرە چوارییەکان، کە بەشێکیان پاشماوەی حیزبی توودە بوون، جیا بۆەوە و دانیشت. بەڵام تەرجەمەکەی ئەم باڵە سەیر بوو: دەرکەوتەیه‌كی ئەم باڵە بوو بە دەزگایەک بە ناوی ''ئینتشاراتی سەلاحەددین ئەییووبی''. لە ئاستێكی دیكه‌شدا، ھاوکاتی پاشەکشەی ھێزە سیاسییەکانی ڕۆژھەڵات و داخرانی ئەگەری سیاسەت، گوتارێک ڕووی لە گەشە دەکرد. ئەم گوتارە جەختی لەسەر زەررورەتی «کاری فەرھەنگی» دەکردەوە. ئه‌م گوتاره، بە دروشمی «کاری کولتووری» و «پاراستنی زمانی کوردی»یه‌وە دەستی پێ کرد، وەک بڵێی ئەوە نەک سیاسەت بەڵکوو بوونی کورد و زمانی کوردی بێت کە لە ژێر ھەڕەشەدا بێت. لە موغالەتەیەکدا، ئەمان شکستی خۆیان خستە سەر شانی خەڵک و مەبەستیان لە «کاری فەرھەنگی» ئەوە بوو كه خه‌تای «بێ كولتووریی» خه‌ڵك بووه ئه‌گه‌ر شكستیان هێناوه (زۆرمان بیستووه و بینیوه كه هه‌ڵگرانی ئه‌م گوتاره له روانگه‌ی ئه‌ریستۆكراتییه‌وه چۆن ئه‌ركی خۆیان به ڕوونكردنوه‌ی خه‌ڵكی نه‌زان ده‌زانن و ڕزگاریی خه‌ڵكیش به شوێنكه‌وته‌یی خۆیانه‌وه ده‌به‌ستنه‌وه). ئەم گوتارە بەرھەمی شکستێک بوو لە سیاسەتدا کە دەبوا لە زماندا قەرەبوو بکرێتەوە. لەم گوتارەدا ھەموو بەشدارییەک لە سیاسەتدا کورت کرایەوە بۆ نووسین بە کوردی و، بەم جۆرە زمان بووە پانتایەک بۆ پاشەکشێ و خۆدزینەوە لە سیاسەت. ئەم وێناکردنەی زمان وەک توخمی پارێزە و یەکخەر، کو‌لتوور لە جێگەی سیاسەت دادەنێت و، لە کولتووریشدا ھەموو شتیک بۆ پاراستنی زمان وەک کەلەپوور کورت دەکاتەوە. ئەم گۆڕانەی مەیدانی خەبات لە سیاسەتەوە بۆ زمانی کوردی، ئەگەرچی لە ئاستێکیدا پەرەی بە زمان دەدا، بەڵام وای دەکرد کە ھەموو کێشەکە بخرێتە سەر شانی زمان و خودی داوا بۆ ئازادیی زمانی کوردیی لە مەغڵەتە و بەراوردێکی فۆرماڵدا بە ئازادیی سیاسی یەکسان بکرێت. بەڵام ئەم تێگەییشتنە کە دەیەوێت بە زمان ''یەک'' دروست بکات و سیاسەتی پێ بکات، شتێک لە بیر دەکات: ئەگەرچی زمان خۆی وەک فاکتەری یەکگرتووکەر و سمیتی نەتەوەیی سەیر کراوە، کەچی بەڕێکەوت ھیچ زمانێک تەنیا ھیی ھیچ نەتەوەیەک نییە، ناکرێتە موڵک، زمانێک لە ھەر نەتەوەیەک زیاترە و ھیچ زمانێک لەگەڵ ھیچ خەڵکێک دەقاودەق نییە- تەنانەت تا ئاستێک کە ھیچ زمانیک ھیچکات یەک زمان نییە. کاتێک ھانا ئارێنتش دەیگوت کە زمانی ئاڵمانی زیاترە لە ئایشمەن و ھایدگێر، مەبەستی ئەمە بوو. ھەر ئەم تایبەتمەندییەی زمانیش لەوەی دەخات بکرێتە ڕۆنەری شوناسی سیاسی و کەرەستەی یەکخەر، ئەگەرچی دیسان لای بندەستان یەکێک دەبێت لە بوارەکانی خەبات و داواکان، بەڵام کەی بکرێتە جێگرەوەی سیاسەت، دەکرێ خودی ستەمکار دەستی بەسەردا بگرێت و بیکاتە کەرەستەیەک بۆ لێدان لە ستەملێکراوان. راستییە تەکاندەرەکە ئەمەیە کە بازجووەکانیش فێری کوردی دەبن، دەزگای وەک «ڕووداو» و «ئەنادۆڵ» و... ی بە کوردی ده‌دوێن، یان دەزگای ''کورد-پرێس''ی سپای پاسداران و... بە کوردیی بانگ بۆ كۆماری ئیسلامی ده‌ده‌ن یان مه‌لا عه‌لی قه‌ره‌داغی و تاتلیس به كوردی دۆعا بۆ ئه‌خوان ده‌كه‌ن، ئه‌مه‌ش زمان لەوە دەخات کە ھۆکارە ''یەک''خەرەکە بێت و تاقە سیاسەت بێت، ھەر چۆن كولتووریش لەوە ده‌خات كه پڕکەرەوەی جێگەی سیاسەت بێت. به‌ڵام له ڕۆژهه‌ڵات، له ژێر زه‌بری سه‌ركوت و له غیابی سیاسه‌تدا، گوتاری دانانی زمان و کو‌لتوور لە باتیی سیاسەت سەرکەوت و ڕێگە بۆ فێڵە بنچینەییەکە خۆش کرا و مەکری ئەقڵ دەمی کردەوە: ئامانج و ئەسحابی ئینقلاب سەریان نەگرت چونکوو سیاسەتێک هێشتا زیندوو بوو. بەڵام لە دواتردا کۆماری ئیسلامی ھەوڵی دا زمان بکات بە ھیی خۆی و بەمەش کارتەکە لە دەستی کۆی ئەوانە دەربھێنێت کە بە تەنیا زمان ڕازی دەبوون یان دەیانەوسیت بە زمان کۆی بەرگرییەکە بکەن. لە دژی ئەم ڕوانگەی کە لە دواییدا بە گشتی ھەمووی بۆ زمانی کوردی کورت دەبێتەوە، حکوومەت یارییەکەی ھەڵگەڕاندەوە و ھەر بە زمانی کوردی بەڕەی لە ژێر پێی ئەم گوتارە دەرھێنا و پارچەشی کرد. تا ئاستێک کە ئەکتەرەکانی لە یەکتر بدەن و دەستەیەک ھاوار بکەن کە ''ھەر بە جددی ئێمە سیاسیی نین'' و لێمان گەڕێن. ئه‌وان لە ژێر گوشاردا شتێکیان درکاند کە گوتە راستەکەی ئەمەیە کە: زمان جێگەی سیاسەت ناگرێتەوە. کێ بانگی ئه‌م جێگۆڕكێیه بدات ئەوە سەرەتا ستەمی لە زمان خۆی کردووە و کردوویەتی بە کڵێشە، چونکوو زمان لە زەمینەی ناڕزگاردا، یان دەبێ بە ژارگۆن یان بە کڵێشە. لە یارییە نوێیه‌کەدا، چیدی زمانی کوردی مەمنووع نییه، بەڵکوو لە سیاسەت دادەبڕێت و ده‌بێته کڵێشە، له باتیی پانتای هاوبه‌ش و ئه‌گه‌ری بێسنووری داهێنان و پێكه‌وه‌گرێدان و پێكگه‌یاندن، داده‌به‌زێنرێت بۆ «رێزمان». بەڵام جگە لە هه‌وله‌كانی حكومه‌ت لەم یارییه‌دا، له دیوێكی دیكه‌دا ئەوەی ڕوویدابوو دەرکەوتنی ناکۆکییە ناوەکی و مێژووییەکانی ئەم ڕوانگه خۆی بوو. بۆیە تۆمەتی ئەمنییەتی لێره‌دا ھیچ شتێکی زیاتر لەسەر یاریی حكوومه‌ت ڕوون ناکاتەوە. لە مەغلەتەیەکدا، دەوڵەت خۆی ڕێک ھەر ئەو کارە دەکات کە کەلەپوورپەرستان دەیانەوێ بیكه‌ن: ئه‌ویش دەزگاکانی خۆی بە زمانی کوردی دەکاتەوە و بەمەش، ھاوکاتی باڵە کوردییەکە، لە سیاسەت و ناوەرۆکی ڕزگاریدەری زمان دەدات. شەڕ دژی کافران درێژەی دەبێ، بەڵام بە کەرەستەی کافران خۆیان. بۆیە چەندە ترسیان لە کوردستان زیاتر بێت، دەکرێ ئەوەندە زیاتر بە کوردی قسە بکەن. دوانموونەکانمان لەم ساڵانەی دواییدا لەبیرە: لە کونگرەوە بۆ کوردە گەورە باشه‌كان تاکوو ڕۆژی ''شەھیدانی کۆماری ئیسلامی'' لە کوردستان. له فێلێكدا حكوومه‌ت ئه‌وه‌ی كرد كه «گرامێریست»ه‌كان ده‌یانه‌ویست.
كه‌چی به پێچه‌وانه‌ی ئه‌م ڕوانگه، ئیدەی سەرەکیی زمان نەک ''یەک''خەری بەڵکوو جەختە لەسەر دۆخێک تێیدا زمان پانتای داھێنان و توانستی ڕووتە، پانتای بەدیھاتنی ئەو زمانەیە کە ھەموو زمانەکان دەیزانن، ئەو زمانەی کە بنیامین وتەنی قسە ناکات بەڵکوو ''جێژن دەگرێت''، جێژنێك تێیدا گه‌دا ده‌توانێ ببێ به پادشا و پێی رابوێرێ. ڕزگارکردنی زمان لەوەوە دێت زمان لە سیاسەت دانەبڕێت، بەرگری لە توانستە ھاوبەشەکەی ھەناوی بکرێت، نەک بگۆڕدرێت بۆ جێگره‌وه‌ی سیاسه‌ت و به‌م بانگه‌وه دابه‌زێنرێت بۆ گرامێر و له سیاسه‌ت به‌تاڵ بكرێته‌وه. زمان لە زەمینەیەکی ڕزگاردا بەدی دێت و ڕزگار دەبێت، نەک بە تەنیا و بە شێوەی دابڕاو و دەرھەست. کێشەکە نەک تەنیا نووسین بە زمانی کوردی، بەڵکوو ئەوەیە چیی پێ دەڵێیت و دەخوێنیت. کردنی زمان بە پانتای خه‌بات واتە خەبات لەسه‌ر ئه‌م توانسته هاوبه‌شه ڕووته‌ی هه‌ناوی زمان، لەسەر نەگوتراوەکان و فراوانكردنی پانتای گوتراوه‌كان، پاڵنانی زمان بۆ ئه‌وه‌ی فروانتر ببێته‌وه، نه‌ك ببێت به هه‌رێمێك تێیدا پاشه‌كشه خۆی بشارێته‌وه.
له‌و سه‌كته‌یه‌دا زمانی گرامێر كه به ناوی باوكه‌وه‌یه مرد، زاڵیه‌تیی له زمان داماڵرا و سه‌ره‌تاكانی زمانێكی ڕزگار یان زمانی ڕزگاریی ده‌ركه‌وت. تێگه‌ییشتن له‌م سه‌كته‌یه، له به‌شاره‌ته‌كه‌ی هه‌ناوی و ئه‌و ئه‌گه‌ره نوێیه هه‌ڵته‌كێنه‌ره‌ی له‌گه‌ڵیه‌تی، مه‌رجی هه‌ر سیاسه‌تێكی داهاتووه. ئه‌و سه‌كته‌یه نیشانی دا كه ڕزگاریی زمان و مرۆڤه‌كان و دنیا پێكه‌وه گرێ دراوه و زمان هه‌میشه زما‌نێكه ده‌رباره‌ی رزگاریی، كه رێزمانه‌كه‌ی «هه‌ڵه»یه.
ئه‌م ئیده‌یه‌ی دیكه‌ی زمان، هه‌میشه لێره‌یه و ئاماده‌یه، چه‌نده‌ش سه‌ركوت بكرێت له چركه‌گه‌لی گه‌شی سیاسه‌تدا ده‌گه‌ڕێته‌وه. دوایین ده‌ركه‌و‌ته‌كانی ئه‌م جۆره‌ی دیكه‌ی پێكه‌وه‌به‌ستنی زمان و ده‌ركه‌وتنی زمانی ڕزگاریی له شۆڕشی ژینادا خۆی دووباره كرده‌وه كاتێ شه‌قامه‌كان و گۆڕستانه‌كان بوونه شوێنی دوان به كوردیی سه‌باره‌ت به ئایدیاكان. له‌گه‌ڵ ئه‌ماندا دیسان زمانی كوردیی سیاسیی بوویه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موو كڵێشه‌كان تێپه‌ڕێنێت. نموونه‌ی ڕه‌های پێكه‌وه‌به‌سترانی ڕزگاریی زمان و ڕزگاریی دنیا چركه‌یه‌ك بوو كه زمانی پێشوو تێیدا وه‌ستا، مرد و سه‌ره‌تاكانی زمان و دنیای نوێ خۆی ئاشكرا كرد. باوكی محه‌مه‌د حه‌سه‌ن زاده له كاتی ناشتنی كوڕه‌كه‌ی له بۆكان له ١٧ مانگی ١١ ی ٢٠٢٢ دا له گۆڕستانی شاری بۆكان ڕسته‌یه‌كی گوت كه زمانی مه‌جبوور كرد له‌ده‌ره‌وه‌ی رێزمان و كڵێشه‌كانه‌وه بدوێ. ئه‌حمه‌دی حەسەن زادە كاتێ هاته سه‌ر ئه‌وه‌ی باسی تایبه‌تمه‌ندیی شۆڕشه نوێیه‌كه بكات وتی: «زه‌مانێك ئێمه ئه‌گه‌ر ده‌یانویست به كه‌سێك بڵێین زۆر به‌غیره‌ته، زۆر به نامووسه، زۆر به ویژدانه، ده‌یانگوت زۆر پیاوه. ئێسته پیاوێك ئه‌گه‌ر بیه‌وێ زۆر پیاو بێت ده‌بێت زۆر ژن بێت». ئه‌م ڕسته‌یه به پێی «ڕێزمان» «هه‌ڵه»یه و قابیلی ته‌رجه‌مه نه‌بوو و نییه، هه‌ر چۆن له خودی زمانی كوردیشدا وه‌ها بوو. كاك ئه‌حمه‌د كاتێ ده‌یه‌ویست ئیده‌كه‌ی خۆی ده‌رببڕێت، بۆ چه‌ند چركه‌یه‌كی كه‌م ڕاما و وه‌ستا، چونكو ئه‌و ڕسته‌یه‌ی كه ده‌یه‌ویست بیڵێ له زمانی زاڵ و رێزمانه‌كه‌یدا جێگه‌ی نه‌ده‌بۆوه، ئه‌و چه‌ند چركه‌یه‌ی ئه‌و خه‌ریك بوو ئیده‌كه‌ی خۆی له ڕێزماندا جێگه بكاته‌وه و كه‌چی نه‌ده‌كرا، وه‌ك جۆرێك سه‌كته‌ی نێوان دوو دنیا خۆی ده‌رخست و دوو زمانی لێك جودا كرده‌وه. پاش ئه‌و سه‌كته‌یه، ئه‌و وه‌ك كه‌سێك كه له سه‌كته‌یه‌ك گه‌ڕابێته‌وه داڕشتنه‌كه‌ی خۆی ده‌ربڕی. ئه‌م وه‌ستانه، ئه‌م سه‌كته كوتوپڕه ئه‌و چركه‌یه كه تێیدا سیاسه‌ت وه‌ك دابڕان و وه‌ستان ده‌دره‌وشێته‌وه، وه‌ك وه‌ستانێك كه ده‌كه‌وێته نێو كات و زمانه‌وه. هه‌ر چۆن كه‌سێك كه له دنیایه‌كی دیكه له پاش سه‌كته‌یه‌ك گه‌ڕابێته‌وه، زمانی كوردی له پاش ئه‌و سه‌كته‌یه درزێكی كرده هه‌ناوی خۆی و هه‌ر زمانێكه‌وه كه ئه‌م سه‌كته‌یه ته‌رجه‌مه بكات. له‌م جۆره چركانه‌دایه كه زمان و كات ده‌وه‌ستن، له‌كارده‌كه‌ون، كڵێشه‌كان و ڕێزمان تێكده‌شكێن و زمان پاڵ ده‌نرێ له‌و دیوی رێزمانه‌وه بێته گۆ، چركه‌یه‌ك تێیدا نه‌ك رێزمانێكی نوێ، به‌ڵكوو توانستی نوێ له دنیا و له زماندا پێكه‌وه ده‌رده‌كه‌ون. له‌و بێده‌نگییه‌دا، له‌و سه‌كته‌یه‌دا، زمانی كوردی به ڕسته‌یه‌كی جادووییه‌وه گه‌ڕایه‌وه، ڕسته‌یه‌ك كه نه‌ك ته‌نیا گرامێری زمانی كوردیی خۆی به‌ڵكوو گرامێری باوك له كۆی مێژووی زماندا تێكده‌شكێنێت، له‌و سه‌كته‌یه‌دا زمانی گرامێر كه به ناوی باوكه‌وه‌یه مرد، زاڵیه‌تیی له زمان داماڵرا و سه‌ره‌تاكانی زمانێكی ڕزگار یان زمانی ڕزگاریی ده‌ركه‌وت. تێگه‌ییشتن له‌م سه‌كته‌یه، له به‌شاره‌ته‌كه‌ی هه‌ناوی و ئه‌و ئه‌گه‌ره نوێیه هه‌ڵته‌كێنه‌ره‌ی له‌گه‌ڵیه‌تی، مه‌رجی هه‌ر سیاسه‌تێكی داهاتووه. ئه‌و سه‌كته‌یه نیشانی دا كه ڕزگاریی زمان و مرۆڤه‌كان و دنیا پێكه‌وه گرێ دراوه و زمان هه‌میشه زما‌نێكه ده‌رباره‌ی رزگاریی، كه رێزمانه‌كه‌ی «هه‌ڵه»یه.
١. Alain Badiou, La philosophie et l’événement, entretien avec Fabien Tarby, [فه‌لسه‌فه و ڕووداو، چاوپێكه‌وتن له‌گه‌ڵ فابیه‌ن تاربی]Germina, 2010, p. 51
٢. Idem
٣.ئاماژەیە بۆ چاوپێکەوتنێکی رادیۆی مەهاباد لە ساڵی ١٩٧٩ لەگەڵ عەزیزماملێ، چاوە شێخولئیسلامی، جەعفەر شەفێعی و سەعید سلێمانپور